جەمیل سدقی زەهاوی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-09-01:01:00 - کۆدی بابەت: 8569
جەمیل سدقی زەهاوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیاننامە

جەمیل سدقی زەهاوی (بە عەرەبی: جمیل صدقي الزهاوي) فەیلەسووف و شاعیری ناودار و لێهاتووی عێراقی کە ڕەچەڵەکی کوردە، لەدایکبووی ساڵی 1863ـی شاری بەغدادە، ناوی تەواوی جەمیل محەمەد فەیزی کوڕی میر ئەحمەدی زەهاوییە، نازناوی زەهاوی لە ناوچەی "زەهاو"ـی پارێزگای کرماشان وەرگرتووە چونکە حەسەن بەگی باپیرە گەورەی کە ماڵباتی دایکی بوونە ماوەیەك لە ناوچەی (زەهاو) ژیاون، بە ڕەچەڵەك ئەچێتەوە سەر بابا سلێمانی میرنشینی بابانی شاری سلێمانی. لەسەر دەستی گەورە زانایانی شاری بەغداد خوێندنی تەواوکردووە و پلە و پۆستی باڵای وەرگرتووە، لە سەردەمی خۆی داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی ژنان بووە.

ئەزموونی کارکردن و پلە و پۆستەکانی

ـ لە ساڵی 1885 وەکوو مامۆستا لە قوتابخانەی سلێمانی لە بەغداد کاری کردووە.
ـ لە ساڵی 1887 وەکوو ئەندامێکی لاوی ئەنجوومەنی مەعاریف (وەزارەتی پەروەردەی ئێستا) لە بەغداد هەڵبژێردراوە.
ـ لە ساڵی 1890 وەکوو بەڕێوبەر و سەرنووسەری ڕۆژنامەی "زەورا" و بەڕێوبەری چاپخانەی ویلایەت لە بەغداد دیاریکراوە.
ـ لە ساڵی 1892 لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد دەستبەکار بوو.
ـ لە ساڵی 1896 سەردانی ئیستەنبووڵی کردووە و بۆ ماویەک لەوێ ژیاوە، لە ساڵی 1908 وەکوو مامۆستای فەلسەفەی ئیسلامی لە ئیستەنبووڵ کاری کردووە، بەڵام بەهۆی بیروبۆچوون و هەڵوێستی جیاوازی سیاسی دووچاری سەختی بووەتەوە، لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم گەڕایەوە بەغداد و وەکوو مامۆستا لە قۆتابخانەی یاسای ئەو کاتە دەستبەکار بوو.
ـ لە ساڵی 1925 لە دوای دامەزراندنی وڵات و حکوومەتی عێراقی، وەکوو ئەندامی ئەنجوومەن کاری کردووە و تا خانەنشین کراوە هەر لەو پۆستە ماوەتەوە.

شێوازی نووسین و بەرهەمەکانی

زەهاوی زمانی عەرەبی، کوردی، تورکی، فارسی زۆر بە باشی زانیوە، بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی بە زمانی عەرەبییە، لە تەمەنی لاویدا چەند بەرهەمێکی فارسی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. گرنگترین بەرهەمی نووسینە فەلسەفییەکانی:

ـ الکائنات
ـ الجاذبية و تعليها 
ـ المجمل مما أرى
ـ أشراك الدامخ
ـ الدفع العام و الظواهر الطبيعية و الفلكية

هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی نزیکەی هەزار بەیتیان تێپەڕاندووە، گرنگترین بەرهەمە شیعرییەکانی:

ـ شیعر و پەخشانی چوارینەی خەیامی لە فارسییەوە کردووە بە عەرەبی
ـ دیوانی زەهاوی
ـ چوارینەی زەهاوی
ـ الكلم المنظوم 
ـ الشذرات
ـ نزغات الشيطان
ـ اللباب  
ـ أوشال 

کۆچی دوایی

لە 23ـی شوباتی ساڵی 1936 لە بەغداد لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، لە "گۆڕستانی خەیزەران" لە ناوچەی ئەعزەمییەی شاری بەغداد بە خاک سپێردراوە.


سەرچاوەکان



369 بینین