یەکەم ئەرخەوان - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-14-22:05:00 - کۆدی بابەت: 8647
یەکەم ئەرخەوان - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

یەکەم ئەرخەوان

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: ئاوات و ڕەنج

هۆنراوە: یەکەم ئەرخەوان

وەکو کێوێکی ئاگرین
ئارامی گەل هاتە لەرزین

هەزاران چاو ئەشکی تێزا
دڵ بە پشتی خەما چزا

ئەستێرەکان ورد ئەوەرین
بۆ ناو قەترەی ئەشکی خوێنین

سۆزی دەنگ گڕی ئەنایە
دڵێک نەوتی تۆڵەی تیایە

شەپۆلی مەچەکی ئاسن
ئەینووسی نا، نابێ بمرن

ئەبێ بژین
بژین وەک کێوی ئاگرین

مناڵ لە باوەشی ساما
لەگەڵ هەستی بێ ئاراما

لە باخی ژیانی زەردا
لەناو تەم و مژ و گەردا

ئەگریا وەکوو فریشتە
ئەیوت بۆچی ئەم بەهەشتە

بەم جۆرە ئاوا گڕ ئەگرێ
بابە پێم بڵێ کێ ئەمرێ

لە دڵا وەکوو سەرکەوتن
ئەینووسی «نا، نابێ بمرن»

ئەبێ بژین
بژین وەک کێوی ئاگرین

شمشێری هەواڵی خەمگین
دای لە سلێمانی شیرین

شەقامەکان باوەشیان کرد
بەوانەدا ڕۆڵەن بۆ کورد

لە ڕۆژەوە گردی سەیوان
دیوێتی یەکەم ئەرخەوان

بەم جۆرە نەجۆشاوە شار
ئەیدیەوە کاتی وا غەمبار

کاتێ شەو بار و کۆچی خست
گیانی چوار لاو کەوتە سەرمەست

چوار قەنارەی ڕەش ڕێک خرا
چوا ڕپەت ئەڵقەی گرێ درا

شەپۆلی مەچەکی ئاسن
ئەینووسی نا، نابێ بمرن

ئەبێ بژین
بژین وەک کێوی ئاگرین

هەموو دەنگێ بڕاوەیە
لە دەریای ژینا توایەوە

سروەی نیانی بای شەماڵ
دەنگی پڕ لە سۆزی مناڵ

نەغمەی تریقەی گەرم و خۆش
هاژەی پێکەنینی بەجۆش

کام دەنگ پڕێتی لە تەزوو
دەنگی ئۆخەی پڕ ئارەزوو

بوون بە سروودی پەلامار
بۆسەر قەڵای ڕەشی زۆردار

دەنگی هەزاران ئاهی من
ئەینرکان نا، نابێ بمرن

ئەبێ بژین
بژین وەک کێوی ئاگرین

هەموو ڕەنگی کوژایەوە
لەبەر چاوم بڕایەوە

ڕەنگی پیرۆزەی ساماڵ
هی گوڵە زەردی نەختێ کاڵ

پاچیمەنی تەڕ و پاراو
قەڵبەزی وەکو زیوی خاو

ڕەنگی قەترەی گەشی شەونم
گورزەی جوانی گوڵەگەنم

بوون بە ڕەنگی سوور بەتەنیا
یەکسەر سوورهەڵگەڕا دنیا

ڕەنگی ئاڵی تۆڵە سەندن
ئەینووسی نا، نابێ بمرن

ئەبێ بژین
بژین وەک کێوی ئاگرین

کاتێ ڕەنگ ڕێژەکەی سرووشت
خۆڵەمێشی ئاسمانی ڕشت

دڵی ناو پۆستاڵی دوژمن
چوار لاوی برد بەرەو مردن

چوار لەشیان داینەوە بێ گیان
بوون بە مەشخەڵی تێکۆشان

دەنگێک گەیشتە نیشتمان
دەنگی دواواتەی کۆڵنەدان

بانگی کرد وا ئەمرین
تا ئێوە بە شادی بژین

دوا وتە «بژی کوردستان»
بژی کورد، بژی کوردستان

***

بە خوێنی نۆزدەی حوزەیران
نووسیم چوار لاوی قارەمان

قودسی و خۆشناو کاکە عزەت
خیرالله مردن بۆ میللەت


سەرچاوەکان



737 بینین