شێتی

شێتی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-21-21:50:00 - کۆدی بابەت: 8728
شێتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێتی یان تێکچوونی دەروونی یان شێتبوون (بە ئینگلیزی: Psychosis) بریتییە لە کۆکراوەی چەند نیشانەیەک کە دەبنە هۆی ئەوەی کەسی تووشبوو ڕاستی و خەیاڵ تێکەڵ بکات. شێتی حاڵەتێکە کە کاردەکاتە سەر شێوازی شیکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن مێشکەوە. دەکرێت کەسی تووشبوو دووچاری هەلوەسەکردن ببێتەوە و هەندێک شت ببینێت و ببیستێت، هەروەها بڕوا بە هەندێک شت بکات کە لە ڕاستیدا بوونیان نییە. ئەم تێچکوونە دەروونییە نیشانەیە نەک نەخۆشی، دەکرێت هۆکارەکەی تووشبوون بێت بە نەخۆشی وەک شیزۆفرینیا و دوو جەمسەری. دەکرێت بەهۆی نەخۆشییەکی دەروونی، برینێکی جەستەیی، نەخۆشی جەستەیی، ماددەی هۆشبەر یان زەبر و پەستانێکی دەروونی زۆرەوە کەسەکە تووشی ببێت.
ئەو کەسەی ئەزموونی شێتی دەکات دەکرێت تووشی وەهم و خەیاڵکردنیش ببێت، واتە هەندێک بیرکردنەوەی بە مێشکدا دێت کە لە ڕاستیدا ڕوودانیان مەحاڵە. هەندێک لەو کەسانەشی تووشبووی شێت بوونن دەکرێت ئەزموونی بێهیوایی و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵ بکەن. ئەزموونکردنی شێتی دەکرێت ترسێنەر بێت، ئەگەری هەیە ئەو کەسانەی تووشی شێتی دەبن ئازاری خۆیان یان دەوروبەرەکەیان بدەن.

نیشانەکان

شێتی لەناکاو تووشی کەسەکان نابێت، بەڵکوو بە چەند هەنگاوێک نیشانەکانی دەردەکەون، ئاساییانە نیشانەکانی بەم ڕیزبەندییە دەبن:

نیشانە ئاگادارکەرەوەکانی پێش شێتی

سەرەتا بە گۆڕانی زنجیرەیی لە شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتن دەربارەی جیهان دەست پێدەکات. دەکرێت کەسی تووشبوو یان خێزانەکەی تێبینی ئەمانە بکەن: 

  • دوورکەوتنەوە لە کار و خوێندن
  • کێشە لە بیرکردنەوەی ڕێکوپێک و سەرنجدان
  • بەدگومانی یان نیگەرانی دەربارەی دەوروبەر
  • پشتگوێخستنی خود و ناخاوێنی
  • بەسەربردنی کاتی زیاتر لە تەنهاییدا
  • کاردانەوەی سۆزداری زیاد لە پێویست بۆ حاڵەتەکان
  • نەمانی هیچ هەست و سۆزێک

نیشانە سەرەتاییەکان

  • دەکرێت لە سەرەتای تووشبوون بە شێتیدا کەسەکە هەندێک شت ببیستێت، ببینێت یان تام بکات کە بوونی نەبێت
  • دەستکردن بە بوونی بیرکردنەوە و باوەڕی نائاسایی، گرنگ نییە بە لایەوە کەسانی تر چۆن بیردەکەنەوە
  • دوورکەوتنەوە لە خێزان و هاوڕێکانی
  • وەستان لە ئاگاداربوون و گرنگیدانی خود
  • نەمانی توانا لە بیرکردنەوەی ڕێکوپەک و سەرنجدان

نیشانەکانی قۆناغی شێتی

لەماوەی شێتیدا کەسەکە ئەزموونی ئەم نیشانانە دەکات:

هەلوەسە

  • هەلوەسەکردنی بیستن: بیستنی هەندێک دەنگ لە کاتێکدا کەس لە چواردەوری نییە
  • هەلوەسەکردنی هەستپێکراو: بوونی هەست و سۆزی نامۆ، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت ڕوونیان بکاتەوە.
  • هەلوەسەکردنی بینین: کەسەکە خەڵک و شتانێک دەبینێت کە بوونیان نییە، یان وادەزانێت شێوەی شتەکانی چواردەوری نائاساییە

وەهم

بڕوای وایە کە لەگەڵ کولتوور و بیروباوەڕێی دەوروبەریدا ناکۆکە و هیچ نرخێکی نییە لەلای دەوروبەرەکەی، وەک:

  • هێزی دەوروبەر لەژێر کۆنترۆڵی هەست و جووڵەکانیدایە
  • کۆبوونەوە و بیروڕای بچووک واتای گەورەیان هەیە
  • وادەزانێت کە هێزێکی تایبەتی هەیە و پێویستە کارێکی گەورە بکات، یان وابیردەکاتەوە ئەو توانای خودایی هەبێت، هەندێک جاریش خۆی لێ دەبێت بە خودا

هۆکارەکان

پزیشکان بەتەواوی هۆکاری سەرەکیی توشبوون بە شێتییان دیاری نەکردووە، بەڵام هەندێک هۆکار هەن کە مەترسی تووشبوون زیاد دەکەن، وەک:

بۆماوەیی

ئەگەر کەسێک لە مێژووی خێزانەکەیدا تووشبووی شێتی تێدابێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی زیاترە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە بەدڵنیایی تووشی دەبێت.

دەرمان

ئەو دەرمانانەی کە فشار دەخەنە سەر کۆئەندامی دەمار وەک ماریوانا، ئەو دەرمانانەشی کە هانی کۆئەندامی دەمار دەدەن وەک کۆکایین و ئەمفێتامینەکان، دەتوانن بەشێوەیەکی خراپ کار لە چالاکی مێشک بکەن، ئەمەش وا لە بەکارهێنەر دەکات کە ئەو ڕاستییانەی ئەو قبوڵییەتی لەگەڵ یاسای جیهانیدا یەک نەگرنەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاتێک کەسەکە دەوەستێت لە بەکارهێنانی دەرمانەکان بیرکردنەوەکانیشی نامێنێت. بەڵام پەیوەستییەکی بەهێز هەیە لەنێوان ئەم دەرمانانە و شێتی سەرەتاییدا.
توێژینەوەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە هۆکاری تووشبوون بە شێتی بەهۆی ئەم دەرمانانەوە کەمترە، بە بەراورد بە نەخۆشییە دەروونییە باوەکانی وەک شیزۆفرینیا یان هۆکاری بۆماوەیی.
دەکرێت هەندێک جۆری دەرمانیش کە بۆ چارەسەری نەخۆشیی دەروونی بەکاردێت ببنە هۆی دروستبوونی کێشە لە مێشکدا، بەڵام ئەم حاڵەتە تا ڕادەیەک دەگمەنە.

زەبری دەروونی

مردنی کەسێکی خۆشەویست، دەستدرێژی سێکسی یان جەنگ دەبنە هۆی تووشبوون بە شێتی. جۆری زەبرە دەروونییەکە و ئەو تەمەنەی کە تیایدا کەسێک ڕووبەرووی ئەم زەبرە دەبێتەوە ڕۆڵیان هەیە لە تووشبوون بە شێتیدا.

برین و نەخۆشی

برینی مێشک، گرێی مێشک، جەڵتە، نەخۆشی پارکینسن، نەخۆشی ئەلزەهایمەر، خەڵەفان و ئایدز دەکرێت ببنە هۆشی شێتبوون.

جۆرەکانی شێتی

هەندێک جۆری شێتی بەهۆی حاڵەت یان پێشهاتێکی تایبەتەوە تووشی کەسەکان دەبێت

نەخۆشیی شێتیی کورتخایەن

هەندێک جار پێی دەوترێت شێتیی چالاکی کورتخایەن، کە دەکرێت لەماوەی پەستانێکی کەسیی توندی دەروونی وەک مردنی ئەندامێکی خێزان تووشی کەسەکە ببێت. زۆرجار ئەزموونکردنی ئەم شێتییە بە پشت بەستن سەرچاوەی فشارە دەروونییەکە، بەشێوەیەکی گشتی ماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند هەفتەیەک دەخایەنێت.

شێتی بەهۆی دەرمان یان کحولەوە

شێتی هەندێک کات دەکرێت بە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان یان ماددەی هۆشبەری وەک کریستاڵەوە هان بدرێت. 
هەندێک جۆری دەرمانی پزیشکیی وەک ستیرۆیدەکان و هاندەرەکان دەکرێت ببنەهۆی تووشبوون بە شێتی.
ئەو کەسانەی کە ئالوودەبووی خواردنەوە کحولییەکان یان ماددەی هۆشبەرن، دەکرێت کاتێک لەناکاو واز لە خواردنەوە یان بەکارهێنانیان دەهێنن، ئەزموونی نیشانەکانی شێتی بکەن.

شێتیی ئەندامی

برینی سەر، نەخۆشی، یان ئەو ژەهراوی بوونانەی کە کار لە مێشک دەکەن دەکرێت ببنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی شێتی.

دیاریکردن

شێتیی بەهۆی هەڵسەنگاندنی لایەنی شێتییەوە دیاری دەکرێت، واتە پزیشک چاودێری هەڵسوکەوتی کەسی تووشبوو دەکات و دەربارەی ئەوەی کە چی ئەزموون دەکات پرسیاری لێدەکات.
پشکنینە پزیشکییەکانی وەک تیشکی ئێکس دەکرێت بەکاربێت بۆ زانینی ئەوەی کە چی نەخۆشییەکی مێشک بووەتە هۆی تووشبوون بە نیشانەکانی شێتی.

دیارکردنی شێتی لە منداڵان و هەرزەکاراندا

زۆربەی نیشانەکانی شێتی لە کەسانی پێگەیشتوودا هەمان ئەو نیشانانە نییە کە لە منداڵان و تازە پێگەیشتوواندا دەردەکەوێت. بۆ نموونە زۆرجار منداڵی بچووک هاوڕێی خەیاڵی هەیە و لەگەڵیدا قسە دەکات، ئەمەش تەنها دەرخەری یاریی خەیاڵیی منداڵە و حاڵەتێکی زۆر ئاساییە. بەڵام ئەگەر نیگەرانی دەربارەی ئەوەی کە منداڵەکەت یان منداڵە هەرزەکارەکەت نیشانەی شێتی تێدابێت، ئەوا باشترە وەسفی هەڵسوکەوتەکانی بۆ پزیشکێکی شارەزا بکەیت.

چارەسەر

چارەسەری شێتی دەکرێت کۆکراوەی چارەسەر بە دەرمان و چارەسەری سروشتی بگرێتەوە. زۆربەی چارەخوازان لەدوای ئەم چارەسەرانە ئەزموونی باشتربوونی نیشانەکانیان کردووە

هێورکەرەوەی خێرا

زۆرجار ئەو کەسانەی ئەزموونی شێتی دەکەن دەکرێت تووڕەببن و مەترسی زیانگەیاندیان بە خۆیان یان بە دەورروبەریان هەبێت. لە ئەم حاڵەتانەدا، دەکرێت پێویست بێت بەخێرایی هێمن بکرێنەوە. لە ئەم شێوازی چارەسەرەدا پزیشک یان پەرستار بەخێرایی لەڕێگەی دەرزی یان گیراوەی پزیشکییەوە کەسەکە هێمن دەکاتەوە.

دەرمان

نیشانەکانی شێتی دەکرێت بە بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەشێتی کەم بکرێنەوە، ئەم دەرمانانە هەلوەسەکردن و وەهمکردن کەم دەکەنەوە، بەمەش یارمەتی کەسی تووشبوو دەدەن بتوانێت بەباشی بیربکاتەوە. جۆری ئەو دژەشێتییەی پزیشک بۆ نەخۆشی دەنووسێت پشت دەبەستێت بە نیشانەکانی نەخۆشەکە.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسی تووشبوو پێویستە بۆ ماوەیەکی کەم ئەم دەرمانانە بەکاربهێنێت تاکوو نیشانەکانی کەمتر دەبنەوە. هەندێک تووشبووی تریش پێویستە زیاتر و بۆ ماوەیەکی درێژتر بەکاریان بهێنن.

چارەسەری ڕەفتاریی ناسێنەر

جۆرێکی چارەسەری تەندروستیی دەروونییە، ئامانجی گۆڕینی بیرکردنەوە و ڕەوشتی کەسی تووشبووە. ئەم چارەسەر بریتییە لە بینینی ڕاستەوخۆ و دواندنی پزیشکی دەروونی. چارەسەری ڕەفتاری کاریگەرە لە یارمەتیدانی تووشبووان لە باشترکردنی حاڵەتە دەروونییەکانیان. زۆرجار چارەسەری ڕەفتاریی بەسوودترە لە چارەسەر بە دەرمان.


سەرچاوەکان

100 بینین