چەتر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-23-01:14:00 - کۆدی بابەت: 8754
چەتر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەتر یان سەیوان (بە عەرەبی: مظلة، شمسية، بە ئینگلیزی: Umbrella) ئامرازێکی سادەی پارێزگاریکردنی مرۆڤە لە باران و تیشکی خۆر لەسەر سەر ڕادەگیرێت و هەڵدەکرێت. بنەڕەتی وشەی "Umbrella" بۆ وشەی "umbra"ـی لاتینی دەگەڕێتەوە کە واتای سێبەرە. 
چەندان جۆر و شێوەی تایبەتیان هەیە، کێشێکی سوکیان هەیە و هەڵگرتنیان ئاسانە و لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەمیان لە قوماشی هەمەجۆر دروست دەکرێت، نموونەی هەندێک جۆری قوماش کە دژە ئاوە و تەڕ نابن، بەشی دوومیشی دەسکێکی درێژی هەیە کە لە پلاستیکێکی پتەو دروستکراوە و چەند تەلێکی وەکوو لق بە ئاڕاستەی بەشی یەکەم لێ بووەتەوە و یارمەتی ڕاگرتنی قوماشی بەشی یەکەم دەدات، هەروەها لەسەر دەسکەکەی شوێنی کردنەوە و داخستنی چەترەکە بوونی هەیە، کۆتایی دەسکەکەی چەماوەیە و لە کاتی بەکارهێنانی ئاسانکاریی بۆ هەڵگرتنی دەکات.
وڵاتی چین لە ساڵی 2008ـەو یەکەمین وڵاتی بەرهەمێنەر و دروستکەری چەترە لە جیهاندا.
ڕۆژی دەی هەموو مانگی شوباتێک کراوە بە ڕۆژی جیهانیی چەتر.

مێژووی بەکارهێنانی چەتر

لە زۆرێک لە شوێنەوار و گەنجینە دۆزراوەکانی مێژوو وێنە و شێوەی چەتر بوونی هەیە و دۆزراوەتەوە.
مێژووی بەکارهێنانی چەتر دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 4000 ساڵ پێش ئێستا، لە کۆندا چەتر بە شێوەی سادە و جۆراوجۆر لەلایەن میسڕییە کۆنەکانەوە داهێنراوە، فیرعەونییەکان گەڵای دار خورمایان وەکوو چەتر بەکاردەهێنا و سوودیان لێدەبینی، بەکارهێنانیشی تەنها تایبەت بوو بە خانەدان و پیاوانی ئایینی و پادشاکان، لەلایەن کۆیلەی تایبەتەوە لەسەرسەریان ڕادەگیرا، پاشان ئاشووری و یۆنانییەکانیش بە شێوازی خۆیان دروستیان کرد و بەکاریانهێنا.

لە سەرەتای دروستکردن و دیزاینکردنی چەتر، تەنها بۆ مەبەستی پارێزگاریکردن لە تیشکی خۆر بەکاردەهێنرا، چینییەکان یەکەمین کەس بوون کە بۆ پارێزگاریکردن لە باران سوودیان لە قوماشی ئاوریشم وەرگرت و چەتریان بۆ پارێزگاریکردن لە باران بەگارهێنا.
لە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆییەتی ڕۆمانی چیتر چەتر بەکارنەهێنرا، بەڵام لە سەدەی شازدەیەمەوە بەکارهێنانی چەتر بەهۆی سەختی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و زۆربوونی باران، لە تەواوی جیهانی ڕۆژئاوا و ئەورووپا بڵاوبووەوە.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی چەتر تەنها تایبەت بوو بە ژنان و وەکوو ئێکسسوارات بەکاریانهێناوە، تاکوو نووسەرێکی ئینگلیزی بە ناوی "جۆناس هانوای" لە ئینگلتەرا بۆ ماوەی سی ساڵ چەتری بەکارهێنا و ئەو ڕێگەخۆشکەر بوو کە پیاوانیش بتوانن چەتر بەکاربهێنن.
یەکەمین فرۆشگای تایبەت بە چەتر لە ساڵی 1830 لە بەریتانیا بە ناوی "جەیمس سمێس و منداڵەکانی" کرایەوە و تا ئەمڕۆش ئەو  فرۆشگایە لە شاری لەندەن بوونی هەیە.
چەترەکانی ئەورووپا لە سەرەتادا لە دار یان لە ئێسکی نەهەنگ دروستدەکران و قوماشی تایبەتییان بۆ داپۆشینی بەکاردەهێنا، دەسکەکەیشی نیمچە چەماوە بوو و لە داری ڕەق دروستدەکرا و چەترەکان دانەدەخران و هەر بە کراوەیی دەمانەوە، تا ساڵ لە دوای ساڵ گرنگی بە بەرەوپێشبردنی دیزاین و دروستکردنی چەتر درا و گەیشتە ئەم شێوازەی ئیستا.


سەرچاوەکان



1263 بینین