سەعید کابان سدقی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-31-22:00:00 - کۆدی بابەت: 8859
سەعید کابان سدقی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەلا سەعید کابان سدقی (بە ئینگلیزی: Saeed Kaban Sidqi) (بە عەرەبی: سعيد کابان صدقي) لە ساڵی ١٨٦٦ زایینی لە بنەماڵەی کابانی شاری سلێمانی لەدایکبووە. کەسایەتییەکی گەورەی پەروەردەیی کوردستانە‌ و زیاتر لە نیو سەدە خزمەتی بە ڕەوتی خوێندن‌ و پەروەردە و ڕێزمانی کوردی کرد.

خوێندن و چالاکی

مامۆستا سەعید هەر لەسلێمانی خراوەتە بەر خوێندنی ئایینی‌ و ماوەی ١٥ ساڵ خوێندوویەتی‌ و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. دواتر چووەتە شاری مووسڵ‌ و لە خانەی مامۆستایان تاقی كراوەتەوە‌ و بە پلەی نایاب دەرچووە‌، پاشان بڕوانامەی وەرگرتووە تاکوو وەك مامۆستای قوتابخانە وانە بڵێتەوە. مامۆستای ئایینی و مامۆستای خوێندنگەی سەرەتایی بووە. سەعید سدقی یەکەم نووسەری کوردە کە بە شێوەزاری کوردیی ناوەندی کتێبی ڕێزمانی نووسیوە. مامۆستا کابان کتێبی (موختەسەری سەرف و نەحوی کوردی) لە ساڵی ١٩١٩ نووسیوە و ساڵی ١٩٢٨ لە چاپخانەی نەجاح لە بەغداد لەسەر ئەرکی خۆی چاپی کردووە. کارێکی تری مامۆستا سەعید ئەوەیە كە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ توانی خوێندن لە حوجرەوە بگوازێتەوە بۆ قوتابخانەی ئاسایی. دوای چەندین ساڵ لە خزمەتی بێوچان لە ساڵی ١٩٣٦ خانەنشین كراوە.
لەدوای خانەنشینكردنیشی هەر بەردەوام بووە لە خزمەتكردنی پەروەردەیی و لەسەر داوای پیرەمێردی نەمر ئەركی بەرێوەبەریی قوتابخانەی زانستیی ئێوارانی لە ئەستۆ گرتووە‌ و خزمەتی بە خوێندن‌ و پەروەردە كردووە.

بەرھەمەکان

  • گوڵزار‌و موختەسەری سەرف‌ و نەحوی كوردی، بەغداد، چاپخانەی نەجاح، ١٩٢٨
  • (مێژووی پۆلی سێ)، بەغدا، ١٩٣١
  • (مەعلوومات دینی) بەغدا، ١٩٣٢، ٥٥ لاپەڕە

کۆچی دوایی

ئەم كەسایەتییە هەڵكەوتووەی كوردستان، لەدوای خزمەتێكی زۆر بە خوێندن‌ و پەروەردە‌ و زمانی كوردی، لە ٥ی تەمووزی ١٩٦١ لەتەمەنی ٩٥ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد‌ و لە گردی سەیوان بە خاك سپێردرا.


سەرچاوەکان



345 بینین