سێروتۆنین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-13-21:11:00 - کۆدی بابەت: 9002
سێروتۆنین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سێرۆتۆنین (بە ئینگلیزی: Serotonin) یان 5-هایدرۆکسی تریپتئەماین (5-hydroxytryptamine) ماددەیەکی کیمیاییە کە بەرهەمی دەمارە خانەکانە، کاری گواستنەوەی شەپۆلەکانە لەنێوان دەمارە خانەکاندا. ئەم ماددە کیمیاییە بەزۆری لە سیستمی هەرسکردندا بوونی هەیە، هەروەها لە پەڕەکانی خوێن و ناوەندە کۆئەندامی دەماردا بوونی هەیە.
سێروتۆنین لە ترشی ئەمینی بنەڕەتیی تریپتۆفانەوە دروست دەبێت. ئەم ترشە ئەمینییە دەبێت لەش لە خۆراکەوە وەری بگرێت، ئەو خۆراکانەی ئەم ترشە ئەمینییەیان تێدایە بریتیین لە: پەنیر و گۆشتی سوور و چەرەسات. کەمیی ترشی ئەمینی تریپتۆفان دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی سێروتۆنین لە لەشدا، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە کێشەی دەروونی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.

فەرمانی سێروتۆنین چییە؟

سێروتۆنین کار لە هەموو بەشێکی لەشی مرۆڤ دەکات، هەر لە هەست و سۆزەوە تاکوو ئەنجامدانی کرداری ڕۆژانە. سێروتۆنین وەک جێگیرکەرێکی سروشتی باری دەروونی دادەنرێت، ماددەیەکی کیمیاییە کە یارمەتیی خەوتن و خواردن و هەرسکردن دەدات، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ:

  • کەمکردنەوەی خەمۆکی
  • ڕێکخستنی دڵەڕاوکێ
  • چاککردنەوەی برین
  • هاندانی دڵتێکچوون
  • ڕێکخستنی تەندروستی ئێسکەکان 

بەم شێوەیەی خوارەوە سێروتۆنین لە فەرمانە جیاوازەکانی لەشتدا ڕۆڵ دەبینێت:

  • جووڵەی ڕیخۆڵەکان: سێروتۆنین بەشێوەیەکی سەرەکی لە پێکهاتەی گەدە و ڕیخۆڵەدا بوونی هەیە، یارمەتی جووڵەی ڕیخۆڵەکان و کردارەکانیان دەدات.
  • باری دەروونی: فەرمانی سێروتۆنین لە مێشکدا بریتییە لە ڕێکخستنی دڵەڕاوکێ و دڵخۆشی و باری دەروونی. کەمیی ئاستی ئەم ماددە کیمیاییە پەیوەستکراوە بە خەمۆکی، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی سێروتۆنین لە ئەنجامی دەرمان و چارەسەرەوە دەکرێت هەژان کەم بکاتەوە.
  • دڵتێکچوون: سێروتۆنین یەکێکە لە ئەو هۆکارانەی وات لێدەکات دڵت تێکبچێت. زیادبوونی بەرهەمهێنانی سێروتۆنین هۆکارەی بۆ خێراتر کردنە دەرەوەی خۆراکی زیادە و نەخوازراو لە لەش. ئەم ماددە کیمیاییە لە خوێنیشدا زیاد دەکات و هانی ئەو بەشەی مێشک دەدات کە کۆنتڕۆڵی دڵتێکچوون دەکات.
  • خەوتن: ئەم ماددە کیمیاییە بەرپرسە لە هاندانی ئەو بەشانەی مێشک کە کۆنتڕۆڵی خەوتن و ئاگایی دەکات. کرداری خەوتن و هەستان لە خەو پشت دەبەستێت بەوەی چی بەشێکی مێشکت هاندراوە یان چی وەرگرێکی سێروتۆنین بەکارهاتووە.
  • مەیینی خوێن: پەڕەکانی خوێن سێروتۆنین دەردەدەن بۆ یارمەتی چاکبوونەوەی برین. سێروتۆنین هۆکارە بۆ ئەوەی کە خوێنبەرە بچووکەکان تەسک ببنەوە و یارمەتی مەینی خوێن بدات.
  • تەندروستی ئێسکەکان: سێروتۆنین ڕۆڵی هەیە لە توند ئێسکەکاندا، بەرزبوونەوەی ئاستی سێروتۆنین لە ئێسکەکاندا دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە پوکانەوەی ئێسک، کە ئەمەش وا لە ئێسکەکان دەکات لاوازتر ببن.
  • کرداری جووتبوون: کەمیی ئاستی سێروتۆنین پەیوەستە بە زیادکردنی ئارەزووی سێکسی، لە کاتێکدا کە بەرزبوونەوەی ئاستی سێروتۆنین پەیوەستە بە کەمکردنەوەی ئارەزووی جووتبوون.

سێروتۆنین و باری دەروونی

سێروتۆنین بەشێوەیەکی سروشتی یارمەتی رێکخستنی باری دەروونی دەدات، کاتێک ئاستی سێروتۆنین لە لەشی مرۆڤدا ئاسایی بوو هەست دەکات کە: 

  • دڵخۆشترە
  • ئاسوودەترە
  • سەرنجی زیاترە
  • دڵەڕاوکێی کەمترە
  • هەست و سۆزی جێگیرترە

توێژینەوەیەک لە ساڵی 2007 ئەوەی دۆزیوەتەوە زۆرجار ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی بوون ئاستی سێروتۆنین لە لەشیاندا کەم بووە. هەروەها کەمیی سێروتۆنین پەیوەستکراوە بە تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەوزڕانەوە.

ئاستی ئاسایی سێروتۆنین

بەشێوەیەکی گشتی مەودای ئاسایی بۆ ئاستی سێروتۆنین لە خوێندا بریتییە لە 101–283 نانۆگرام بۆ میلیلیتر (ng/mL)، ئەم پێوانە گشتگیرە دەکرێت بە پشت بەستن بە پێوان و ئەو نموونەی دەپشکنرێت کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت. کەواتە باشترە ئەنجامە تایبەتییەکانی پشکنینی سێروتۆنین لەگەڵ پزیشکدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
بەرزیی ئاستی سێروتۆنین دەکرێت نیشانە بێت بۆ تووشبوون بە گرێی شێرپەنجەیی. کە کۆمەڵەیە نیشانەیەکی پەیوەست بە گرێی شێرپەنجەییەوە لە ئەم ئەندامانەدا دەردەکەوێت وەک:

  • ڕیخۆڵە باریکە
  • ڕیخۆڵە کوێرە
  • قۆڵۆن
  • بۆریچەکەکانی هەوا

لە کاتی گوومانکردن بە تووشبوون بە ئەم حاڵەتە پزیشک پشکنینی ئاستی سێروتۆنینت لە ڕێگەی خوێنەوە بۆ دەنووسێت، بۆ ئەوەی جۆری نەخۆشییەکەت دیاری بکات و چارەسەری بۆ دابنێت.

چۆن چارەسەری کەمیی ئاستی سێروتۆنین دەکرێت؟

دەتوانیت لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرمان یان هەڵبژاردەی تری سروشتییەوە ئاستی سێروتۆنین لە لەشتدا بەرز بکەیتەوە.

ڕەچەتەکانی SSRI

ئاستی کەمیی سێروتۆنین لە مێشکدا دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە کێشەکانی خەو و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ. زۆربەی پزیشکان پێشنیاری ڕەچەتەی ڕێگڕەکانی تایبەت بە هەڵمژینەوەی سیرۆتۆنین (SSRI) دەکەن بۆ چارەسەری خەمۆکی، کە باوترین جۆری ڕەچەتەی دژەخەمۆکین.

ئەم ڕەچەتانە بە ڕێگریکردن لە دووبارە مژینەوەی ئەم ماددە کیمیاییە، کە لە ئەنجامدا زۆربەی زۆری بە چالاکی دەمێنێتەوە، ئاستی سێروتۆنین لە مێشکدا بەرز دەکەنەوە.
کاتێک دەرمانی سێروتۆنین بەکاردەھێنیت، نابێت بەبێ پرسی پزیشک دەرمان و چارەسەری تر وەربگریت، چونکە تێکەڵکردنی دەرمان و خواردنیان بەیەکەوە دەکرێت تووشی کۆنیشانەی سێروتۆنینت بکات.

هاندەرە سروشتییەکانی سێروتۆنین 

جگە لە دەرمانەکانی SSRI، دەکرێت ئەم هۆکارانەی خوارەوە هانی ئاستەکانی سێروتۆنین بدەن:

  • بەرکەوتن بە ڕووناکی: تیشکی خۆر یان چارەسەری ڕووناکی، دوو چارەسەری پێشنیارکراوی باوی چارەسەری خەمۆکیی وەرزیین. 
  • وەرزشکردن: وەرزشکردنی ڕێکوپێک دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر باشترکردنی باری دەروونی.
  • ژەمی تەندروست: ئەو خۆراکانەی کە ئاستی سێروتۆنین بەرز دەکەنەوە بریتیین لە: هێلکە، پەنیر، چەرەسات، ماسیی ساڵمن و ئەنەناس.
  • تێڕامانی قووڵ: تێڕامانی قووڵ دەتوانێت فشاری دەروونی کەم بکاتەوە و هانی بۆچوونی ئەرێنی دەدات لەسەر ژیان، کە ئەمەش بەزۆری ئاستی سێروتۆنین بەرز دەکاتەوە.

کۆنیشانەی سێروتۆنین

ئەو دەرمانانەی کە دەبنە هۆی زۆر بەرزکردنەوەی ئاستی سێروتۆنین و کۆکردنەوەی لە خوێندا، دەکرێت ببنە هۆی تووشبوون بە کۆنیشانەی سێروتۆنین. ئەم حاڵەتە بەشێوەیەکی سەرەکی لەدوای وەرگرتنی دەرمانی نوێ یان زیاکردنی ژەمی دەرمانێک ڕوودەدات.

نیشانەکان

نیشانەی توند

هیچ پشکنینێکی تاقیگەیی بوونی نییە بۆ دیاریکردنی کۆنیشانەی سێروتۆنین، بەڵکوو پزیشک لەڕێگای پشکنینی فیزیاییەوە دەتوانێت حاڵەتەکە دیاری بکات.
زۆرجار کۆنیشانەی سێروتۆنین لەماوەی چەند ڕۆژێکی وەرگرتنی دەرمانی دیاریکراو یان لابردنی ئەو دەرمانەی هۆکارە بۆ حاڵەتەکە چارەسەر دەکرێت. ئەگەر ئەم حاڵەتە بە چارەسەر نەکراوی بمێنێتەوە ئەوا مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسی تووشبوو دەبێت.


سەرچاوەکان



893 بینین