ناوهڕۆك
خانێ
شاعیر: مەلا عەبدوڵڵا ئەفزاری
بەرهەم: دیوانی شیعر
هۆنراوە: خانێ
خانێ دەڵێی بووکی سوورە
جێی لالە و ژاڵە و چنوورە
وەک ئاوی ژیانە ئاوی
بە ئیمانن ژن و پیاوی
تا بتھەوێ موسوڵمانن
پەیڕەوی دین و قورئانن
لە پاکییا دەڵێی حۆرن
نوێژگە لەو شارە دا زۆرن
لە بەخشینا وەک حاتەمن
لە دونیا وێنەی وان کەمن
لاوی وەک شێری بێباکن
کچی جوان و داوێنپاکن
خانێ شارێکە بێوێنە
کوێستانی بەرز و بژوێنە
جێگای گەزیزە و گوڵانە
تا بێژی لەبەر دڵانە
کانگای شلێر و شەشپەڕان
دەگرن پێدەشت و لاپەڕان
گوڵی بەیبوون و ھەڵاڵان
دەڕوێن لە بەندەن و نواڵان
ھەڵز و مەندۆک و بیزانە
ھەموو نعمەتی خودانە
بەھار تاران لەبۆ خانێ
دەیکەنە بووکی لاجانێ
سێ چوار ئاوایین لەو سەری
خاکیان بە وێنەی گەوھەری
قزقەپان و دەڵاوانن
جیێ مێر و مەستە چاوانن
قەمتەرێیە و تەمەرچینن
ھەردوو دەڵێی خۆشکی چینن
بەڵام لە چینیش خۆشترن
لە پاریسیش دڵگرترن
خانێ جوانە و لەبەر دڵان
دەورەی دەگیرێ بە گوڵان
سەری قەندیل تا دێ بە خوار
گشتی دەبێ بە گوڵ بەھار
دەشت و کوێستانی ڕەنگینن
گوڵی سەوز و ئاڵ و شینن
خۆشە کوێستانی بۆ سەیران
خوڕەی ئاو و دەنگی تەیران
کاڕەی مەڕ و دەنگی شمشاڵ
تێکەڵ دەبن لەلای ڕەشمال
خەڵکی باش و میوان گرە
ھەر یەکیان حاتەمێ ترە
یا ئەدەبدۆست یا شاعیرن
زانا و زیرەک و ماھیرن
دایکی ڕووسووری (ئەفزاری)
تۆ بەهەشتی کوردەواری