مزگەوتی ئومەوی دیمەشق

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-06-15-23:50:00 - کۆدی بابەت: 9033
مزگەوتی ئومەوی دیمەشق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مزگەوتی ئومەوی یان مزگەوتی گەورەی بەنی ئومەییە (بە عەرەبی: الجامع الأموي، بە ئینگلیزی: The Umayyad Mosque)، یەکێکە لە حەوت شوێنە سەرسوڕهێنەرەکەی ئیسلام لە جیهاندا، چوارەمین مزگەوتی بەناوبانگی ئیسلامییە لە دوای مزگەوتە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە و ئەقسا، هەروەها یەکێکە لە گەورەترین و کۆنترین مزگەوتەکانی جیهان، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری دیمەشقی کۆن، وەکوو شوێنەوارێکی مێژووی لە لیستی  کەلەپووری جیهانی تۆمارکراوە. مزگەوتی ئومەوی لە ساڵی ٧٠٥ـی زایینی بە فەرمانی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک (خەلیفەی ئەوکاتەی دەوڵەتی ئومەوی) دەست بە دروستکردنی کراوە، لەلایەن دەستەیەک لە تەلارسازەکانی فارس و هیندەوە دروستکراوە، هەروەها ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتی ١٠٠ هونەرمەندی یۆنانی ناردبوو بۆ بەشداریکردن لە نەخشەسازی و ڕازاندنەوەی مزگەوتەکەدا، لە ساڵی ٧١٥ تەواوکراوە. مزگەوتی ئومەوی کۆمەڵێک گۆڕی تێدایە، لەوانەش یەحیا پێغەمبەر و سەری پیرۆزی حوسەینی کوڕی عەلی لەکاتی هێنانەوەی بۆ دیمەشق لەم مزگەوتەدا دانراوە، هەروەها مەزارگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکەوێتە تەنیشت مزگەوتەکەوە. چەند بەشێکی مزگەوتەکە سێ جار سووتاوە، یەکەمیان لە ساڵی ١٠٦٩ـی زایینی دا، دووەمیان لەلایەن تەیمورلەنگەوە لە ساڵی ١٤٠٠ز، سێیەمیش لە ساڵی ١٨٩٣ز. لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ دوایین جار مزگەوتەکە نۆژەنکراوەتەوە.

مێژوو

مێژووی مزگەوتی ئومەوی لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ١٢٠٠ ساڵ پێش زایین، دیمەشق لە چەرخی ئاسنیدا پایتەختی دەوڵەتی ئارامی بووە، ئارامییەکان لە ڕۆژئاوای سووریا (حدد الآرامي) خوداوەندی بەپیت و هەورە بروسکە و بارانیان پەرستووە، بۆیە لە شوێنی مزگەوتی هاوچەرخی ئومەوی پەرستگایەکیان بۆ بونیادناوە، لە ئێستادا تەنها یەک بەرد لەو پەرستگایەی سەردەمی (الملك حازائيل) ماوەتەوە. پاشان لە ساڵی ٦٤ز ڕۆمەکان دیمەشقیان داگیرکرد و لەو شوێنەدا پەرستگای جوبيتریان بونیادنا، ئەم پەرستگایە تا سەدەی چوارەمی زایینی بەهۆی گەورەیی و جوانیەکەیەوە ناوبانگی دەرکردبوو، کە لە سووریای ڕۆمانیدا گەورەترین پەرستگا بووە، بەڵام لە کۆتایی سەدەی چوارەمی زایینیدا و بەتەواوی لە ساڵی ٣٩١، پەرستگاکە بە فەرمانی ئیمپڕاتۆر (ثيودوسيوس الأول) گۆڕدرا بۆ کڵێسای یەحیا پێغەمبەر (كاتدرائية)، پاشماوەکانی ئەم کڵێسایە لە ناوچەی (سوق الحريم و منطقة القيمرية) ماونەتەوە.

ئازادکردنی دیمەشق و دروستکردنی مزگەوتی ئومەوی

لە ساڵی ٦٣٤دا، دیمەشق لەلایەن سوپای ئیسلامەوە بە ڕابەرایەتی خالیدی کوڕی وەلید ئازادکرا، دوای ئەوەی خیلافەتی ئیسلامی کەوتە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی ئومەوییەکان، دیمەشقیان وەک پایتەختی کارگێڕی جیهانی ئیسلامی هەڵبژارد. خەلیفەی ئومەوی شەشەم (وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک) کە خۆی سەرپەرشتی پڕۆژەکەی دەکرد، فەرمانی کرد بە ڕووخاندنی بەشێکی زۆری کڵێساکە، بۆ دروستکردنی مزگەوتێکی گەورە و جوان لە ناوەڕاستی پایتەختە تازەکەدا لە شوێنی کڵێسا بێزەنتیەکە، بەڵام مەسیحییەکان بەم هەنگاوە ناڕازیی بوون، لە ئەنجامدا وەلید وەک قەرەبوو فەرمانی بە گەڕانەوەی هەموو کڵێسا زەوتکراوەکانی شارەکە بۆ مەسیحیەکان کرد. ئەم مزگەوتە لە ساڵی ٧١٥ زایینیدا، پاش ماوەیەکی کەم لە مردنی وەلید تەواوبووە. بە پێی بۆچوونی مێژوونووسی سەدەی دەیەم (ئیبن الفقيه)، ئەم پڕۆژەیە لەنێوان ٦٠٠ هەزار بۆ ١٫٠٠٠٫٠٠٠ دیناری بۆ خەرجکراوە، لەلایەن ١٢٫٠٠٠ لە پیشەگەرانی قبتی و فارسی و هندی و یۆنانی و کاری تێدا کراوە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە کە کرێکارەکان لە کاتی بونیادنانی مزگەوتەکەدا ئەشکەوتێکیان دۆزیوەتەوە کە سەر بە کڵێسا بێزەنتییەکە بووە، ئەو ئەشکەوتە سندوقێکی تێدا بووە کە سەری پیرۆزی پێغەمبەر (یەحیای کوڕی زەکەریا) لەناودا بووە، خەلیفە وەلید فەرمانی کرد کە وازی لێ بهێنن و پاشان ستوونێکی لەسەر ئەشکەوتەکە دروستکرد وەکوو نیشانەیەکی جیاکەرەوە و دواتر تابوتێکی لەسەر دانا کە ناوی یەحیا پێغەمبەری لەسەر نووسرابوو.

مزگەوتی ئومەوی لە سەردەمی خیلافەتی عەباسییەکاندا

دوای کۆتایی هاتنی دەوڵەتی ئومەوی لەلایەن عەباسییەکانەوە لە ساڵی ٧٥٠ز، دیمەشق کەوتە ژێر دەسەڵاتی عەباسییەکان، لە سەردەمی عەباسییەکاندا کۆمەڵێک چاکسازی لە مزگەوتەکەدا کراوە، لەوانەش لە ساڵی ٧٨٠ز فەزڵی کوڕی ساڵحی کوڕی عەلی فەرمانڕەوای عەباسییەکان لە دیمەشق لە بەشی ڕۆژهەڵاتی مزگەوتەکە گومەزی دەستنوێژی لە ناوەڕاستی حەوشەی مزگەوتەکەدا دروستکرد. هەروەها دوای نۆ ساڵ و لە ساڵی ٧٨٩ز دەستیکرد بە دروستکردنی گومەزی خەزێنە بە مەبەستی پاراستنی دەرماڵەی مزگەوتەکە، پاشان کرا بە کتێبخانە بۆ کتێب و نووسراوە بەنرخەکانی مزگەوتەکە. هەروەها عەباسییەکان لە سەردەمی خەلیفە مەئموون لە ساڵی ٨٣١ز منارەی باکووریان لە مزگەوتەکەدا بونیادنا و هەروەها خەلیفە مەئموون فەرمانی بە لابردن و جێگرتنەوەی نەخش و نیگارە نووسراوەکانی ئومەوی لە مزگەوتەکەدا کرد. تا سەدەی ١٠ز، کاتژمێرێکی زۆر گەورە لە دەروازەی بەشی ڕۆژئاوای دیواری باشووری مزگەوتەکە دانرابوو، دەوترێت کە لە ناوەڕاستی سەدەی ١٢ وە لەکارکەوتووە. لە ساڵی ٩٧٠ز ، فاتمییەکان دیمەشقیان داگیرکرد و هەندێک چاکسازیان لە مزگەوتەکەدا کردووە. هەروەها لە ساڵی ١٠٦٩ز، بەشێکی زۆری مزگەوتەکە بەتایبەتی دیواری باکوور لە ئاگرێکدا لە ئەنجامی ڕاپەڕینی دانیشتوانی شارەکە دژی دەسەڵاتی فاتمییەکان لەناوچوو.    

سەردەمی دەوڵەتی سەلجووقی

لە ساڵی ١٠٧٨ز، سەلجووقییەکان شاری دیمەشقیان لە دەستی فاتیمییەکان ئازادکرد، فەرمانڕەوای سەلجووقی (تتش بن ألب أرسلان) دەستیکرد بە چاککردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی ئاگرەکەی ساڵی ١٠٦٩ز بەر مزگەوتەکە کەوتبوو. هەروەها لە ساڵی ١٠٨٢ز، ئەبو نەسڕ ئەحمەدی کوڕی فەزڵ وەزیری سەلجووقی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشتر گومەزە ناوەندییەکەی بونیادنایەوە، هەروەها دوو لە شۆستەکانی نۆژەنکردەوە بۆ پاڵپشتی و تازەکردنەوەی مۆزاکە بنەڕەتییەکانی ئومەوی لە ناوەوەی مزگەوتەکە، هەروەها لە ساڵی ١٠٨٩ دووبارە ڕێڕەوی باکووری بونیادنایەوە. پاشان لە ساڵی ١١١٠ز، زاهیرەدین توغتیکین فەرمانڕەوای  سەلجووقی لە دیمەشق دیواری باکووری چاککردەوە. دواتر و لە ساڵی ١١١٣ز، شەریفەدین مەودود فەرمانڕەوای سەلجووقی لە مووسڵ، لە مزگەوتی ئومەوی کوژرا.

لەگەڵ ئەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی ١٢دا ناکۆکی لە نێوان دیمەشق و خاچپەرستان زیاتر بوو، مزگەوتی ئومەوی خاڵی  سەرەکی کۆبوونەوە بووە بۆ بانگکردنی مسوڵمانان بۆ بەرگریکردن لە شارەکە و گەڕاندنەوەی قودس بۆ دەستی  مسوڵمانان. 

ئیبن عەساکیر یەکێک بووە لەو ئیمامە دیارانەی کە لە ساڵی ١١٤٨ بانگی جیهادی لە مزگەوتەکە کردووە، کاتێک خاچپەرستان بەرەو دیمەشق پێشڕەوییان کردبوو، دانیشتوانی شارەکە وەڵامی بانگەوازی جیهادیان دایەوە و سوپای خاچپەرستان لە ئەنجامی بەرگریکردنی قارەمانانەی دانیشتوانی دیمەشق کشانەوە. لە ساڵی ١١٥٤ز، بە فەرمانی نورەدین زەنکی کاتژمێری دووەم  بونیادنرا. هەر لە ساڵی ١١٥٤ز، زانای جوگرافی عەرەبی (ئیدریسی) سەردانی مزگەوتی ئومەوی کردووە.

سەردەمی دەوڵەتی ئەیوبی

لە سەردەمی خیلافەتی ئەیوبییەکاندا چەندین دامەزراوەی ئایینی لە دیمەشق بونیادنران، لەگەڵ ئەوەشدا مزگەوتی ئومەوی وەکوو ناوەندی ژیانی ئایینی لە شارەکەدا لە شوێنی خۆی مایەوە، ئیبن جوبەیر ئەندەلوسی گرنگی مزگەوتەکەی وەکوو ناوەندێکی گشتگیر بۆ زانستە ئایینیەکان وەسفکردووە. لە ساڵی ١١٧٣ز، دیواری باکووری مزگەوتەکە جارێکی تر بەهۆی ئاگرەوە تێکشکا، دواتر لەگەڵ منارەی (العروس) بنیادنرانەوە. پاشان لە ساڵی ١١٧٩ سەڵاحەدینی ئەیوبی دوو لای گومەزی (النسر)ی نۆژەنکردەوە. لە ساڵی ١٢٤٥ز، منارەی ڕۆژهەڵاتی مزگەوتەکە کە بە منارەی عیسا ناسراوە لە کاتی گەمارۆدانی دیمەشق لە سەردەمی ئەمیری ئەیوبی ساڵح ئیسماعیل لەلایەن (ساڵح ئەیوب) حەوتەم خەلیفەی بەنی ئەیوب لە میسر ڕووخا، دواتر ئەم منارەیە دروستکرایەوە.

سەردەمی دەوڵەتی مەملوکی 

دواتر لە ساڵی ١٢٦٠ز، مەغۆلەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ  خاچپەرستەکان دیمەشقیان داگیرکرد. پاشان دەوڵەتی مەملوکی بە سەرکردایەتی قوتوز و باربارۆس توانیان لە هەمان ساڵدا دیمەشق ئازاد بکەن. لە سەردەمی دەوڵەتی مەملوکیدا چەندین جار مزگەوتەکە نۆژەنکراوەتەوە. لە ساڵی ١٢٧٠، باربارۆس فەرمانی بە نۆژەنکردنەوەی فراوانی مزگەوتەکە کرد، بەتایبەت مەڕمەڕ و مۆزایکەکان، بەپێی ژیاننامەی باربارۆس تێچووی ئەم نۆژەنکردنەوەیە ٢٠٫٠٠٠ دینار بووە. یەکێک لە گەورەترین پارچەکان کە بۆ مزگەوتەکە زیادکراوە مۆزایکێک بوو کە درێژییەکەی ٣٤.٥مەتر پانییەکەی ٧.٣ مەترە، پێی دەوترێت تابلۆی (بردي)، ئەم تابلۆیە کە مزگەوتەکەی پێ ڕازێندرایەوە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر تەلارسازی مەملوکی لە میسر و شامدا. لە ساڵی ١٢٨٥ز، زانای ئیسلامی ئیبن تەیمیە دەستی بە وتنەوەی تەفسیری قورئان لە مزگەوتەکەدا کرد.

لە نێوان ساڵانی ١٣٢٦ تا ١٣٢٨ز، پارێزگاری مەملوکی لە شام کاری نۆژەنکردنەوەی لە مزگەوتەکە ئەنجامدا، فەرمانی بە دووبارەکردنەوە و داڕشتنەوەی مۆزایکی سەر دیواری قیبلە و جێگرتنەوەی هەموو چینە بەردەکانی ناو هۆڵی نوێژەکەی  بە مەڕمەڕ کرد. هەروەها لە ساڵی ١٣٢٨ دا سوڵتانی مەملوکی ناسر محەمەدی کوڕی قلاوون کاری نۆژەنکردنەوەی سەرەکی لە مزگەوتەکەدا ئەنجامدا. زانای ئەستێرەناسی عەرەبی ئیبن شاتر زۆربەی ژیانی لە بەڕێوەبردنی کاتەکانی بانگ و سەرۆکایەتی بانگبێژەکانی مزگەوتی ئومەوی لە ساڵی ١٣٣٢ تا مردنی لە ساڵی ١٣٧٦ بەسەربردووە. لە ساڵی ١٤٠٠ز، تەیمورلەنگ دیمەشقی داگیرکرد و لە ڕۆژی ١٧ی ئازار فەرمانی سوتاندنی شارەکەی کرد، بەشێکی زۆری مزگەوتەکە بەهۆی ئاگرەکەوە تێکشکا، منارەی ڕۆژهەڵات و گومەزی ناوەندییەکە ڕووخان، پاشان لابران و منارەیەکی تر لە بەشی باشووری ڕۆژئاوای مزگەوتەکە لە سەردەمی سوڵتانی مەملوکی (قايتباي) لە ساڵی ١٤٨٨ زیادکرا.

سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی

لە ساڵی ١٥١٦ز، عوسمانییەکان بە سەرکردایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم سەرکەوتن بەسەر مەملوکییەکاندا و توانیان دەستبەسەر دیمەشقدا بگرن، سوڵتان سەلیمی یەکەم نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئومەوی ئەنجامدا. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا وەقفی مزگەوتی ئومەوی گەورەترین بووە لە شارەکەدا، ٥٩٦  کەس دامەزرابوون تیایدا. لە ساڵی ١٥١٨ (جانبيردي الغزالي) پارێزگاری عوسمانی لە دیمەشق و سەرپەرشتیاری گشتی مزگەوتەکە، وەک بەشێک لە بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی شاری دیمەشق کاری چاککردنەوە و ڕازاندنەوەی بۆ مزگەوتەکە ئەنجامدا. پاشان لە ساڵی ١٦٦١ز لێکۆڵەری ناوداری سۆفی عەبدولغەنی نابلسی بۆ وانە گووتنەوە لە مزگەوتەکە دامەزرا. بۆ جارێکی تر و لە ساڵی ١٨٩٣ز بەهۆی ئاگرەوە زۆربەی مۆزایکەکان و پانێڵە مەڕمەڕەکانی لەناوچوون، بەڵام دواتر دروستکرانەوە. هەروەها ئاگرەکە بووە هۆی ڕوخانی گومەزە ناوەندییەکە، کە هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە بەهۆی کێشانی شیشە لەلایەن یەکێک لە کرێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکەوە بووە. بەم شێوەیە عوسمانییەکان تەواوی مزگەوتەکەیان بونیادنایەوە لەگەڵ پارێزگاریکردن لە شێوەی بنەڕەتی مزگەوتەکە.

سووریای هاوچەرخ و داگیرکاری فەڕەنسا

لە ساڵی ١٩٢٩ دانیشتوانی دیمەشق هەموو هەینییەک لە مزگەوتی ئومەوی کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتی داگیرکاری فەڕەنسا ئەنجام بدەن. فەڕەنسییەکان بە درێژایی مانەوەیان لە سووریا پەلاماری مزگەوتی ئومەویان نەدا، چونکە پێگەی مزگەوتەکەیان لەناو خەڵکی دیمەشقدا دەزانی. لە سەردەمی داگیرکردنی سووریا لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە، لەژێر دەسەڵاتی کۆماری یەکەمی سووریا مزگەوتی ئومەوی کەوتە بەر لێشاوی چاککردنەوە و بونیادنانەوە کە تا ساڵی ١٩٦٣ بەردەوام بوو لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری یەکەمی سووریا.

دوای داگیرکاری

لە ساڵانی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا، سەرۆکی سووریا حافز ئەسەد فەرمانی بە نۆژەنکردنەوەیەکی بەرفراوانی مزگەوتەکە کرد. نۆژەنکردنەوەکە بریتی بوو لە منارەی ڕۆژئاوا، ڕووی ڕۆژئاوای مزگەوتەکە، دیواری باکووری مزگەوتەکە کە سەر بە مەزارگەی سەڵاحەدینە، دەروازەی ڕۆژئاوای مزگەوتەکە و زەوییە زیان لێکەووتوەکانی مزگەوتەکە و هۆڵەکان، هەروەها تۆڕی ئاگرکوژێنەوەی بۆ مزگەوتەکە دامەزراند. دواتر و لە ساڵی ١٩٩٤ کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی مزگەوتەکە کۆتایی هات و مزگەوتەکە کرایەوە. لە ١٥ی ئازاری ٢٠١١ یەکەم خۆپیشاندانی پەیوەست بە شەڕی ناوخۆی سووریا لە مزگەوتی ئومەوی دەستیپێکرد کاتێک ٤٠ بۆ ٥٠ نوێژخوێن لە مزگەوتەکە کۆبوونەوە و دروشمی دیموکراسییان بەرزکردەوە.

وتاربێژەکانی مزگەوتی ئومەوی

ئیمام و وتاربێژی مینبەری مزگەوتی ئومەوی بە درێژایی مێژوو لەلایەن ژمارەیەک لە بەناوبانگترین زانایانی شامەوە بەڕێوەبراوە، لەوانەش:

تەلارسازی حەوشە و میحڕابی مزگەوت

مزگەوتی ئومەوی شێوەی لاکێشەییە، پانییەکەی ٩٧مەترە، درێژییەکەی ١٥٧ مەترە، هەروەها بەرزی قوبەکەی لە دەرەوە ٤٥ مەترە، سێ منارەیشی هەیە. بەشی زۆری مزگەوتەکە حەوشەیە، کە بەشی باکووری مزگەوتەکە دەگرێتەوە، لە کاتێکدا کەمپی مزگەوتەکە بەشی باشوور دەگرێتەوە. حەڕەمی مزگەوتەکە ١٣٦مەتر درێژە و پانییەکەی ٣٧ مەترە. گەورەترین گومەز لە مزگەوتەکەدا گومەزی (النسر)ە کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ناوەڕاستی هۆڵی نوێژکەیەوە، هەروەها لە حەوشەی مزگەوتەکەدا بیرێک و سێ گومەزی تری تێدایە:

  • گومەزی (الخزنة)
  • گومەزی (الوضوء)
  • گومەزی (الساعات)

میحڕابەکانی مزگەوتەکە

  • میحڕابی (المالكي)
  • میحڕابی (الكبير)
  • میحڕابی (الحنابلة)
  • میحڕابی (الغربي)
  • میحڕابی (الحنفية)

منارەکانی مزگەوتەکە

  • منارەی (العروس)
  • منارەی (عيسى)
  • منارەی (قايتباي)

هەروەها چوار مشهد (هۆڵی کراوە)ـی تێدایە، کە بە پێی سەردەمەکان بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتووە و بەناوی خەلیفەکانی ڕاشیدەینەوە ناونراون:

  • مشهد أبي بكر
  • مشهد عمر
  • مشهد عثمان
  • مشهد علي و الحسين

دەرگاکانی مزگەوتەکە

مزگەوتی ئومەوی چوار دەرگای تێدایە کە ئەویش دەرگاکانی:

  • دەرگای (جيرون)
  • دەرگای (العمارة یان الكلاسة)
  • دەرگای (بريد)
  • دەرگای (الزيادة)


سەرچاوەکان



902 بینین