مەترسییەکانی باژەڵە لەسەر منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-28-17:30:00 - کۆدی بابەت: 9206
مەترسییەکانی باژەڵە لەسەر منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵی تازەلەدایکوو بەهۆی بچووکی و کەمی تەمەنییەوە تووشی چەندین کێشەی جەستەیی دەبێت، یەکێک لە کێشە باوەکان هەبوونی باکردن (غازات)ـە لە منداڵەکەدا. ئەم باکردنە ئازاری منداڵەکە دەدات و دەبێتە هۆی ئازار و باکردنی سک کە منداڵەکە بێزار دەکات، بەمەش منداڵەکە زۆر دەگری. هەندێک جار ڕێگایەک بەکارهاتووە بۆ نەهێشتنی ئەم باکردنە کە ڕێگایەکی ناتەندروست بووە و پێی دەڵێن باژەڵە.

باژەڵە چییە؟

کردارێکە کە تێیدا مووس دەردرێت لە سک یاخود پشتی منداڵی تازەلەدایکبوو، بە مووسەکە پشت و سکی بریندار دەکەن بۆ ئەوەی باکردنەکە نەمێنێت و بێتە دەرەوە. ئەمە لە کۆندا زۆر بەکارهاتووە، بەڵام لە ئێستاشدا هەر ماوە و بەکاردێت. ڕێگایەکی ناسروشتییە و زیانێکی زۆری هەیە، بەهیچ شێوەیەک نابێت بەکاربهێنرێت چونکە مەترسی گەورەی لەسەر ژیانی منداڵەکە هەیە و زۆرجاریش دەبێتە هۆی مردنی منداڵەکە.

مەترسییەکانی باژەڵەکردن

هەوکردنی خوێن

کرداری باژەڵە هەندێک جار دەبێتە هۆی هەوکردنی خوێن، کاتێک بە مووس پێستی منداڵەکە دەڕنن بەکتریا و ڤایرۆس لەڕێگەی ئەو برینانەوە دەچنە ناو جەستەی منداڵەکەوە، دەبنە هۆی هەکردنی توندی  خوێن. پێست بەشەکانی ناوەوەی جەستە دەپارێزێت لەوەی هەر بەکتریا و ڤایرۆسێک بجێتە ژوورەوە، بەڵام ئەم کردارە ڕێگەخۆشکەرە بۆ چوونە ژوورەوەیان. ئەمەش چارەسەرەکەی زۆر قورسە و لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی منداڵەکە.

خوێنبەربوون

بەهۆی برینەکانەوە خوێنێکی زۆر لە منداڵەکە دەچێت و تووشی خوێنبەربوونی توندی دەکات. کە ئەمەش بەهەمان شێوە کۆنتڕۆڵکردنی قوورسە، چونکە منداڵی بچووک بڕێکی کەم لە خوێنی هەیە و لەوانەیە بەهۆی باژەڵەوە تەواوی خوێنی جەستەی لەدەست بدات، بەمەش تووشی مەترسی زۆر ببێتەوە یاخود بە مردنی منداڵەکە کۆتایی بێت.

باکردنی سکی منداڵ

ئاوسان و باکردنی سکی منداڵ وادەکات کە منداڵەکە،  بۆ زیاتر لە ۳ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و زیاتر لە ۳ ڕۆژ لەهەفتەیەکدا، بۆ ماوەی زیاتر لە ۳ هەفتە بگری کە ئەمەش پێی دەوترێت یاسای ژمارە ۳.
نزیکەی ۲٥٪ منداڵ تووشی ئەم باکردن و گریانە دەبنەوە، زۆربەی کات لە ئێوارە و شەو و نیوەشەودا ڕوودەدات. لەتەمەنی ٦ بۆ ۸ هەفتە بڕی ئەو گریان و باکردنە دەگاتە لووتکە.

هۆکارەکەی

هەرچەندە باکردن هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی نییە بەڵام ئەمانە دەکرێت هۆکاربن بۆ باکردنی سکی منداڵ:

  • باش پێنەگەیشتنی سیستمی مێشک و دەمار.
  • هەستیاری زۆر بۆ دەست لێدان و دەنگە دەنگ ئەگەر هەیبێت.
  • ئەو منداڵانەی کە شیری دایکیان دەخۆن لەوانەیە هەندێک خواردن کە دایکەکە دەیخوات، هۆکار بێت بۆ زیادبوونی باکردنەکە.
  • ئەو منداڵانەی کە شیری قووتو دەخۆن لەوانەیە هەندێک پڕۆتینی ناو شیرەکەیان پێ نەکەوێت.
  • زۆر شیرخواردن یان خێرا شیرخواردن.
  • ئەو دایکانەی کە جگەرەیان کێشاوە لە کاتی دووگیانیدا، لەدوای منداڵبوون ڕێژەی باکردنی منداڵەکەیان دوو ئەوەندە زیاد دەکات.
  • ئەگەر دوای شیر خواردنەکە منداڵەکە نەخەیتە سەر شانت بۆ نۆشکردن.
  • منداڵێک کە کێشی کەم بێت لەکاتی لە دایک بووندا.
  • منداڵەکە برسی بێت.
  • ئەگەر منداڵەکە ترشیەتی گەدەی بگەڕێتەوە بۆ سورێنچکی.

ڕێگاکانی کەمکردنەوەی باکردن

بەچەند ڕێگایەکی ئاسان دەتوانرێت باکردنی سکی منداڵ کەم بکرێتەوە و پێویست بە باژەڵە و ڕێگای هەڵە ناکات، کە ئەمانەن:

  • پێویستە منداڵەکە زۆر لە باوەش بگریت تەنانەت ئەوکاتانەی کە نەشگریەت.
  • دەتوانیت بتڵێک ئاوی گەرم یان مەمەیەکی شووشە ئاوی گەرمی تێدا بێت، لەسەر سکی منداڵەکە دایبنێت، بەڵام بەڕادەیەک گەرم نەبێت کە سکی منداڵەکە بسوتێنێت.
  • دایکی شیردەر هەوڵبدە منداڵەکەت لایەکی سنگت بەتاڵ بکاتەوە دواتر بیبەیتە سەر لاکەی تر.
  • هەوڵ بدە دەست بەسەر سکی منداڵەکەتدا بهێنیت بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێر.
  • ئەو منداڵانەی کە شیری قووتو دەخۆن باشترە جۆری شیرەکە بگۆڕن نەوەک هەستیاری هەبێت بە پڕۆتینی ئەو شیرە.
  • زوو زوو منداڵەکەت بخەرە سەر شانت.
  • دەتوانیت منداڵەکەت لەسەر سکی بیخەیتە سەر قاچەکانت، وەجووڵە بە قاچەکانت بکەیت بۆ ئەوەی مەساج بە سکی بکرێت.
  • زۆرجار منداڵ کاتێک دەیخەیتە ناو ئۆتۆمبێل، و لە کاتی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلدا منداڵەکە بێ دەنگ دەبێت، بۆیە ئەم ڕێگایە سوودێکی زۆری دەبێت.


سەرچاوەکان



3764 بینین