ناوهڕۆك
ئاویەر
شاعیر: جەلال مەلەکشا
بەرهەم: شیعرەکان
هۆنراوە: ئاویەر
من کێوێکی راوەستاوم لەو بەرزه
هەورە تریشقەش پشتم ناخاته لەرزە
هەرچەند بێدەنگ، راوەستاوم لەو بانه
دەروونم پڕ له ئاگر و بورکانه
کارەسات و رووداوی زۆرم دیوه
زۆر نەیاری دڕم لێ ڕاپەڕیوه
خوێنی گوڵی سووری زۆرم ڕژاوه
به سه ر یاڵ و ماهـ و زەردەما پژاوه
سینگم داڵدەی ڕۆڵەی ئازاو بوێره
لانەی تەژی نرکەی پڵینگ و شێره
سەدان کەڕەت هێرشیان بۆ هێناوم
له ڕوویاندا وەستاوم، ڕاوەستاوم
گوڵی زۆریان له داوێنم دزیوه
پای چەند ڕۆڵەم له تەپکە و داو خزیوه
هێندە ئازار و برین و ئێشم دیوه
باخی مێژوو به خوێنی من خەمڵیوه
پشتم خەما له ژێر باری تەوژما
تفەنگ نەما هەڵنەشاخێ به گژما
هەرچەند له ناو خاک و خوێنا گەوزاوم
بەڵام دیسان هەستاوم و هەر ماوم
رۆحی بەرزم چاوکەی ئاوی ژیانه
قەت نامرم خزری زیندەم میوانە
سەرچاوەکان
608 بینین