سارە خاتوون

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-14-21:28:00 - کۆدی بابەت: 9402
سارە خاتوون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خاتوو سارەی خێزانی پێغەمبەر ئیبراهیم یان سارەی کچی هاران (بە عەرەبی: سارة زوجة النبي ابراهیم، سارة بنت هاران، بە ئینگلیزی: Sarah, the wife of Prophet Abraham)، ناسراو بە خێزانی باوکی پێغەمبەران، دایكی پێغەمبەر ئیسحاقە کە ڕەچەڵەکی زۆرێک لە پێغەمبەرە نێردراوەکان بۆ نەوەی ئیسڕائیلییەکان لە نەوەی ئەو بوون، نموونەی پێغەمبەر یەعقووب و پێغەمبەر یووسف، هاوکات خاتوو سارە لە تەمەنی پیری بووە بە دایک.
سارە خاتوون لە هەریەک لە ئایینەکانی ئیسلام و مەسیحی و جوولەکە پێگەی بەرز و باڵای هەیە و ناوی هێنراوە و چیرۆکی بوون بە دایکی لە تەمەنی پیریدا باسکراوە.

واتای ناوەکەی

سارە خاتوون لە "کتێبی پیرۆزی تەورات" کاتێک منداڵی نەبووە و لە خوا پاڕاوەتەوە کە منداڵی پێ ببەخشێت بە "سارای" ناوی هاتووە، بۆیە کاتێک لە تەمەنی پیری بووە بە دایک ناوەکەی گۆڕاوە بۆ "سارە" کە لە زمانی عیبریدا واتای خانمێکی خانەدان یان شازادەی شکۆدار دەبەخشێت. لە قورئانی پیرۆزدا بە هەمان شێوە ئاماژە بۆ ڕووداو و چیرۆکی دووگیانبوونی لە تەمەنی پیریدا کراوە، بەڵام بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی خاتوو سارە بکرێت.

ژیاننامەی

خاتوو سارەی کچی هاران جوانترین خانمی سەردەمی خۆی بووە و خۆشەویستییەکی زۆری بۆ پێغەمبەر ئیبراهیم هەبووە، یەکەم کەس بوو باوەڕی بە بانگەوازیی یەکتاپەرستی پێغەمبەر ئیبراهیمی هاوسەری هێناو و یەکەمین ژنی پێغەمبەر ئیبراهیم بووە، لەهەمان کاتدا بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیبراهیمی بەیەکەوە کۆچی چەندان ناوچەیان کردووە.
لە سەردەمی عەمالیقەکانی میسر کۆچی وڵاتی میسریان کرد، پاشایەکی زۆردار هەبووە کە هاوسەری هەر کەسێک جوان بووایە دەیکردە کەنیزەکی خۆی، بۆیە پێغەمبەر ئیبراهیم لە پێناو پاراستنی هاوسەرەکەی لەلای ئەو پاشایە خاتوو سارەی وەکوو خوشکی خۆی دەرخستووە.
خاتوو سارە نەدەبووە خاوەن منداڵ و نەیدەتوانی منداڵی ببێت و وەچە بخاتەوە، ئەو هەمیشە لە خوا پاڕاوەتەوە و داوای نەوەی لێ کردووە و هیوابڕ نەبووە، کاتیک خاتوو هاجەرە خێزانی پێغەمبەر ئیبراهیم بووە خاوەن منداڵ، خاتوو سارە دڵتەنگ بووە و لە خوا پاڕاوەتەوە کە ئەویش ببێتە خاوەن منداڵ، بۆیە کاتێک تەمەنی نەوەد ساڵی تێپەڕاندووە خوای گەورە هەواڵی دووگیانبوونی سارەی لە ڕێگەی فریشتەکانەوە بە پێغەمبەر ئیبراهیم بەخشیووە، بووە بەدایکی پێغەمبەر ئیسحاق کە هەر یەک لە پێغەمبەر یەعقووب و پێغەمبەر یوسف لە نەوەی ئەون، واتا نەوەی ئیسڕائیلییەکان ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر پێغەمبەر ئیسحاقی کوڕی پێغەمبەر ئیبراهیم بۆیە هەر بە باوکی پێغەمبەران ناسراوە.

چیرۆکی خاتوو سارە لە قورئانەوە

خوای گەورە لە سوورەتی هود ئەم چیرۆکەی لە ئایەتی 69 بۆ ئایەتی 73 بەم شێوەیە باسکردووە:
{وَلَقَدْ جَاءَتْ رُسُلُنَا إِبْرَاهِيمَ بِالْبُشْرَىٰ قَالُوا سَلَامًا ۖ قَالَ سَلَامٌ ۖ فَمَا لَبِثَ أَن جَاءَ بِعِجْلٍ حَنِيذٍ • فَلَمَّا رَأَىٰ أَيْدِيَهُمْ لَا تَصِلُ إِلَيْهِ نَكِرَهُمْ وَأَوْجَسَ مِنْهُمْ خِيفَةً ۚ قَالُوا لَا تَخَفْ إِنَّا أُرْسِلْنَا إِلَىٰ قَوْمِ لُوطٍ • وَامْرَأَتُهُ قَائِمَةٌ فَضَحِكَتْ فَبَشَّرْنَاهَا بِإِسْحَاقَ وَمِن وَرَاءِ إِسْحَاقَ يَعْقُوبَ}.

واتا: سوێند بە‌خوا بێگومان نێردراوە‌کانمان هاتن بۆلای ئیبراهیم بە‌ مژدە‌وە (مژدەی بوونی منداڵێک) وتیان سە‌لامی خوات لێ بێت، ئە‌ویش وتی سە‌لامی خوا لە‌ ئێوە‌ش، ئینجا ئە‌وە‌ندە‌ی نە‌برد ئیبراهیم خێرا گوێرە‌کە‌یە‌کی برژاوی پێشکەش کردن.
کاتێك ئیبراهیم بینی دە‌ستی بۆ نابە‌ن، کارە‌کە‌یانی بە‌ نائاسایی داناو لە‌ دڵی خۆیدا لێیان ترسا، ئە‌وانیش هە‌ستیان پێکرد و وتیان: مە‌ترسە‌، بە‌ڕاستی ئێمە‌ نێردراوین بۆ لای گەلەکەی لوط.
لە‌و کاتە‌دا خێزانە‌کە‌ی لەپشت پەردەوە وە‌ستا بوو، کە گوێی لەمزگێنییەکە بووە پێکە‌نیوە، خوای گە‌ورە‌ فە‌رمووی: ئێمە‌ش مژدە‌مان پێدا کە‌ ئیسحاقت پێدە‌بە‌خشین و لە‌ دوای ئە‌ویش یە‌عقووب، لە‌ نە‌وە‌ی ئیسحاق دێتە‌ دنیاوە‌.
خێزانی ئیبراهیم گوتی وای من چۆن منداڵم دە‌بێت کە‌ من پیرە‌ژنێکم و ئە‌وە‌ش مێردە‌کە‌مە‌ کە‌ پیرە‌، بە‌ڕاستی ئە‌مە‌ شتێکی سە‌یرە‌.

هەروەها لە ئایەتی 73ـی هەمان سوورەت لە تەواوکردنی ڕووداوەکە خوای گەورە دەفەرموێت:
(قَالُوا أَتَعْجَبِينَ مِنْ أَمْرِ اللَّهِ ۖ رَحْمَتُ اللَّهِ وَبَرَكَاتُهُ عَلَيْكُمْ أَهْلَ الْبَيْتِ ۚ إِنَّهُ حَمِيدٌ مَجِيدٌ)
واتا: فریشتە‌کان وتیان ئایا لە‌ فە‌رمان و کاری خوا سەرسام دەبیت؟ میهر و بەزەیی خواتان لە‌سە‌ر بێت ئە‌ی خێزانی ئە‌م ماڵە‌ پیرۆزە‌، بێگومان خوای گە‌ورە‌ کاری وادە‌کات چونکە‌ هە‌میشە‌ ئە‌و زاتە‌ سوپاسکراوە‌ و خاوە‌نی بە‌رزی و دە‌سە‌ڵاتیشە‌.


سەرچاوەکان



1640 بینین