دوەین جانسن

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-20-12:26:00 - کۆدی بابەت: 9447
دوەین جانسن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دوەین دۆگلاس جانسن (بە ئینگلیزی: ‏Dwayne Douglas Johnson، بە عەرەبی: دوين دوغلاس جونسون) بە زە ڕۆک (The Rock) ناسراوە، ڕۆڵگێڕ، بازرگان، بەرهەمهێن و زۆرانبازێکی پێشووی ئەمریکییە، لە ٢ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٢ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە.

هاوکات یەکێک بووە لە دیارترین زۆرانبازە پیشەگەرەکان، ماوەی هەشت ساڵ پێش هەڵبژاردنی پیشەی ڕۆڵگێڕی لە (WWE) زۆرانباز بووە. داهاتی فیلمەکانی لە ئەمریکای باکوور ٣.٥ بلیۆن دۆلار و لە جیهاندا ١٠.٥ بلیۆن دۆلارە، بەمەش دەبێتە یەکێک لە داهات بەرزەکان لە جیهاندا و یەکێک لەو ڕۆڵگێڕانەی زۆرترین بڕە پارە وەردەگرن لە بەرانبەر ڕۆڵگێڕانەکانیان. بەپێی ڕیزبەندی (Celebrity 100) بۆ ١٠٠ کەسایەتییە بەناوبانگە داهات بەرزەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بە ١٠ـیەم کەس دەستنیشان کرا، ساڵی ٢٠٢٢ بە چوارەم کەس دەستنیشانکرا.

زانیاری گشتی

ناوی تەواو Dwayne Douglas Johnson
ناسناو The Rock
لەدایکبوون ٢ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٢ هەیوارد، کالیفۆرنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
خوێندن بەکالۆریۆس لە خوێندنی گشتی لە زانکۆی مەیامی
پیشە ڕۆڵگێڕ، بازرگان، بەرهەمهێن و زۆرانبازی پێشوو
ساڵی چالاکبوونی

١٩٩٦ - ٢٠١٤، ٢٠١١ - ٢٠١٣، ٢٠١٦ (زۆرانبازی)

١٩٩٩ - ئێستا (ڕۆڵگێڕ)

هاوسەر

دانی گارسیا (١٩٩٧ - ٢٠٠٨)

لۆرن هاشیان (٢٠٠٩ - ئێستا)

منداڵ

سێ کچ

باڵا

١٩٦ سانتیمەتر

کێش

١١٥ - ١٢٠ کیلۆگرام

واژۆ

DwayneTheRockJohnson2.png

ژیانی پێشووی

دوەین لە ٢ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٢ لە هەیواردی ویلایەتی کالیفۆرنیای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبووە، دایکی ئاتا جانسن و باوکی ڕۆکی جانسنی زۆرانبازی پیشەگەر بوو. جانسن لە گرەی لین لە ئۆکلەند لە وڵاتی نیوزلەندا لەگەڵ خێزانی دایکی دەژیا و لە تەمەنی لاوێتیدا یاری تۆپی ڕەگبی دەکرد، ئامادەی قوتابخانەی بنەڕەتی ڕێگای ڕیچمۆند بوو پێش گەڕانەوەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

باوکی ناوی ڕۆکی جانسن زۆرانبازێکی پیشەگەری کەنەدی بوو کە چەندین ناسناوی زۆرانبازی بەدەستهێناوە، کە یەکەم پاڵەوانی کێشی قورسی بلاک جۆرجیا بوو هەروەها پاڵەوانی کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئێن دەبلیو ئەی بوو، دایکی کچی هەڵگیراوەی پیتەر مایڤیای زۆرانباز بوو، هەروەها داپیرەی جانسن بە ناوی لیا زۆرانباز بوو، جانسن لە ساڵی ٢٠٠٨ باوکی و باپیری هێنایە هۆڵە بەناوبانگەکەی (WWE).

ژیانی تایبەتی

جانسن وەک خوێندکاری کۆلێج و یاریزانی تۆپی پێی ئەمریکی لە زانکۆی مەیامی بوو، لەوێ لەگەڵ دانی گارسیا یەکیان ناسی، لە ٣ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٧ هاوسەرگیریان کرد، کە بازرگان و بەرهەمهێنەر و یاریزانی پیشەگەری لەشجوانییە، خاوەنی کچێکن بە ناوی سیمۆن کە لە ١٤ـی ئابی ساڵی ٢٠٠١ لەدایکبووە. لە ١ـی حوزەیرانی ٢٠٠٧ جانسن و گارسیا جیابوونەوەیان بە شێوازێکی ئاشتیانە ڕاگەیاند و لە مانگی ئایاری ٢٠٠٨ بەتەواوی جیابوونەوە.

دواتر جانسن دەستی کرد بە ژوان بەستن لەگەڵ لۆرن هاشیان و لە ١٨ـی ئابی ساڵی ٢٠١٩ لە هاوای هاوسەرگیریان کرد، خاوەنی دوو کچن، کچێکیان بە ناوی جاسمن لە ١٧ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ لەدایکبووە، کچەکەی تری بە ناوی تیانا لە لە ١٧ـی نیسانی ساڵی ٢٠١٨ لەدایکبووە.

پەروەردە

دوەین جانسن لە چەندین قوتابخانە خوێندوویەتی، سەرەتا چووەتە قوتابخانەی بنەڕەتی مۆنتکلایر لە شارلۆتی کارۆلاینای باکوور، دواتر چووەتە هامدن لە ویلایەتی کەنێریکیت و لەوێ لە قوتابخانەی بنەڕەتی شەپێرد گلان خوێندوویەتی، پاشان چووەتە قوتابخانەی ناوەندی هامدن.

دوای قوتابخانەی هامدن لە هۆنۆلولو لە دوورگەکانی هاوای چووەتە قوتابخانەی ئامادەیی سەرۆک ویلیام مکێنلی، پاشان چووەتە قوتابخانەی ئامادەیی گلێنکلێف و قوتابخانەی مگاڤۆک لە ناشڤیل لە ویلایەتی تێنسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دواتر چووەتە دواناوەندی ئازادی لە پێنسلڤانیا، لە ساڵی ١٩٩٠  دەرچووە و قۆناغی خوێندنی تەواو کردووە.

پێش تەمەنی ١٧ ساڵی چەندین جار بە تۆمەتی شەڕکردن و دزی و ساختەکاری لە کارت و پشکنیندا (Check fraud) گیراوە، لە قوتابخانەی ئازادی لە پێنسلڤانیا دوو هەفتە بەهۆی شەڕکردنەوە دوورخرایەوە، لە هەمان قوتابخانە ماوەی دوو ساڵ یاری تۆپی پێی کردووە و لە تیپەکەدا سەرکەوتووبوو. جگە لە یاری تۆپی پێ لە دواناوەندی هەروەها لە تیپەکانی گۆڕەپان و مەیدان و زۆرانبازی قوتابخانەدا بووە و سەرکەوتووبووە.

سەرەڕای ئەوەی تەنیا دوو ساڵ یاری تۆپی پێی لە دواناوەندی کردووە بەڵام سەرنجی ڕێکخراوی وەرزشی (NCAA)ـی ئەمریکی ڕاکێشا و بەخششی خوێندنی بەدەستهێنا، بەخششەکەی پەسەندکرد، چووە زانکۆی مەیامی و یاری بۆ تیپی تۆپی پێی ئەمریکی زانکۆکە کرد، بووە بەرگریکار، لە ساڵی یەکەمی بووە ئەندامی هەڵبژاردەی پاڵەوانی نیشتیمانی زانکۆی مەیامی ساڵی ١٩٩١، لە ماوەی چوار ساڵی لە تیپی زانکۆی مەیامی جانسن زیاتر لە ڕۆڵی پاڵپشتدا دەرکەوتووە.

جانسن لە ساڵی ١٩٩٥ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە خوێندنی گشتی وەرگرت و لە دوو وانەی سەرەکی بواری تاوانناسی و فیزیاناسی. دوەین جانسن جگە لەوەی ئەندامی تۆپی پێی ئەمریکی پلەبەرزی زانکۆی مەیامی بوو، هەروەها یەکێک بوو لە خوێندکارە بە بەرهەمەکان و گوتەبێژانی زانکۆکە.

پیشەی زۆرانبازی

دوای پیشەی تۆپی پێی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٩٦ دەستی بە زۆرانبازی کرد، بۆ یەکەم جار لە ساڵەکانی ١٩٩٦ - ١٩٩٧ لە (WWF) بە ناوی ڕۆکی مایڤیا بە تێکەڵەی ناوی باوکی و باپیری دەرکەوت.

پاش ماوەیەک دابڕان بەهۆی پێکان هاتەوە و ڕەتی کردەوە دان بە ناوی ڕۆکی مایڤیادا بنێت و خۆی بە زە ڕۆک ناوبرد، لە نیوەی کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ زە ڕۆک بەرزبوونەوەی پشتگیری هەوادارانی بەدەستهێنا، هەروەها دەستی کرد بە چەسپاندنی کەسایەتییەکەی و تا ساڵی ٢٠٠٠ بەردەوام بوو، پاشان پشوویەکی وەرگرت بۆ دەستپێکردنی کارێکی ڕۆڵگێڕان. هاوکات لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٤ گرێبەستی لەگەڵ (WWE) کۆتایی هات و بە تەواوی دەست بە کاری ڕۆڵگێڕان کرد.

دوای سێ ساڵ زە ڕۆک لە ساڵی ٢٠٠٧ لە پڕۆگرامێکی (WWE) دەرکەوت، لە ساڵی ٢٠٠٨ باوکی و باپیری هێنایە هۆڵە بەناوبانگەکەی (WWE).

لە ساڵی ٢٠٠٩ لە نمایشێکی زۆرانبازی جیهانی ئێکستریم دەرکەوت بۆ پشتگیری کردن لە سارۆنا سنوکای هاوپیشە و خزمی.

لە ساڵی ٢٠١١ - ٢٠١٣ گەڕایەوە بۆ (WWE)، لە ساڵانی ٢٠١٤ - ٢٠١٩ دەرکەوتنی کەمی هەبوو.

پیشەی ڕۆڵگێڕی

جانسن هاتە ناو پیشەی ڕۆڵگێڕی و هۆڵیوودەوە، سەرەتا بەهۆی زۆرانبازی و دەرکەوتنەکانی پێشتریەوە ناوبانگی پەیداکرد، لە ماوەی دەست پێکردن و کارکردنیدا لەو بوارە بووە یەکێک لەو ڕۆڵگێڕانەی زۆرترین پارەیان بۆ ڕۆڵگێڕانەکانیان وەردەگرت، هاوکات بووە یەکێک لە سەرکەوتووترین ڕۆڵگێڕەکانی هۆڵیوود.

لە ساڵی ١٩٩١ لە تەلەڤزیۆن لە کاتی زۆرانبازیدا دەستی بە پیشەی ڕۆڵگێڕان کرد.

لە ساڵی ٢٠٠١ لە فیلمی (‏The Mummy Returns) دەستی بە ڕۆڵگێڕان کرد، لە ساڵی ٢٠٠٢ بەشداری لە فیلمی (‏The Scorpion King) کرد، لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشداری لە فیلمی (‏The Rundown) کرد، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ بەشداری لە فیلمی (‏Walking Tall) کرد. لە ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕۆڵی پاڵپشت بەشداری لە فیلمی (‏Be Cool) کرد، لە ساڵی ٢٠٠٥ بەشداری لە فیلمی (Doom) کرد.

هاوکات لە ساڵی ٢٠٠٦ بەشداری لە فیلمی وەرزشی (Gridiron Gang) کرد، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٦ بەشداری لە فیلمی پۆلیسیی کۆمیدی (Reno 911!: Miami) کرد، لە هەمان ساڵدا بەشداری لە فیلمی (Southland Tales) کرد. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری لە فیلمی (‏The Game Plan)  کرد، لە ساڵی ٢٠٠٨ بەشداری لە (‏Get Smart) کرد. بووە پێشکەشکاری ٨٠ـیەمین خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ڤیژوەڵ ئیفێکتس.

یەکەم سەرکەوتنی گەورەی جانسن لە ساڵی ٢٠١١ بوو لە فیلمی (Fast Five) کە فیلمەکە بووە حەوتەم فیلمە پڕداهاتی ساڵی ٢٠١١، لە ٢٠١٣ لە فیلمی (Fast & Furious 6) ڕۆڵیگێڕا، هەروەها لە هەمان کاتدا بەشداری لە فیلمی چیرۆکی ڕاستی (Pain & Gain) و فیلمی (Empire State) کرد، وەک پێشکەشکار لە پڕۆگرامدا دەردەکەوت.

لە مانگی کانوونی دووەمدا ڕۆژنامەی فۆربس جانسنی وەک پڕداهاتترین ڕۆڵگێڕی ساڵی ٢٠١٣ ناوبرد و فیلمەکانی ١.٣ ملیار دۆلاریان لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستهێنا.

لە ساڵی ٢٠١٤ لە فیلمی (Hercules) ڕۆڵیگێڕا، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥ بەشداری لە زنجیرە فیلمی (Furious 7) کردەوە، جانسن لە ساڵی ٢٠١٦ لە فیلمی (Central Intelligence) لەگەڵ کیڤن هارت دەرکەوتن، هەروەها بە ڕۆڵی دەنگی بەشداری لە ئەنیمەیشنی دیزنی (‏Moana) کرد، دووبارە بە ڕۆڵی هۆبس لە ساڵی ٢٠١٧ بەشداری لە زنجیرە فیلمی (‏The Fate of the Furious) کردەوە، لە هەمان ساڵدا بەشداری لە دوو فیلمی بەناوبانگی سەرکەوتوو کرد بە ناوی (‏Baywatch) و (‏Jumanji: Welcome to the Jungle)، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨ بەشداری لە دوو فیلمی ئەکشن کرد بە ناوی (Rampage) و (Skyscraper).

دووبارە لە ساڵی ٢٠١٩ لە زنجیرە فیلمی (Fast & Furious Presents: Hobbs & Shaw) دەرکەوتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەشی دووەمی فیلمی (Jumanji: The Next Level) دەرکەوتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢١ بە ڕۆڵی سەرەکی لەگەڵ ئیمیلی بلەنت لە فیلمی (Jungle Cruise) دەرکەوتن، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١ لە فیلمی نێتفلیکس بە هاوبەشی گال گادۆت و ڕایەن ڕێنۆڵدس لە (Red Notice) دەرکەوتن، بەشداری لە چەندین فیلم کردووە و چەندین دەرکەوتی تری هەبووە.

پاشان دەستی کرد بە وێنەگرتن لە فیلمێکی پاڵەوانی سەربەخۆ بە ناوی (Black Adam) لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ڕاگەیەندرا و لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا دەست بە وێنەگرتن کرا، لە ٢١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ نمایش کرا.

بەرهەمهێنان

لە ساڵی ٢٠١٢ دوەین جانسن کۆمپانیای بەرهەمهێنانی (Seven Bucks)ـی لەگەڵ هاوسەری پێشووی دانی گارسیا دامەزراند، لە ساڵی ٢٠١٩ لە بەرهەمهێنانی فیلمی (Fighting with My Family) بەشداری کرد و خۆشی تێیدا دەرکەوت، لە ساڵی ٢٠٢١ لە زنجیرەی (Young Rock) وەک بەرهەمهێنەر و ڕۆڵگێڕ کاری کردووە، کە زنجیرەکە باس لە ژیانی خۆی دەکات و لە ژانەری کۆمیدییە، هەروەها بە ڕۆڵی ڕۆڵگێڕ و بەرهەمهێنەر لە چەندین فیلمدا کاری کردووە.

خەڵاتەکان

دوەین جانسن بووەتە پاڵێوراو و براوەی چەندین خەڵات، بەشێک لە دیارترینەکانیان:

  • براوەی (MTV Generation Award) بۆ ساڵی ٢٠١٩
  • هەڵبژاردنی دڵخوازترین ڕۆڵگێڕ بە دەنگی خەڵک بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە فیلمی (Jungle Cruise)
  • هەڵبژاردنی دڵخوازترین ڕۆڵگێڕ بە دەنگی منداڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە فیلمی (Hobbs & Show)، بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە فیلمی (‏Jumanji: Welcome to the jungle)
  • هەڵبژاردنی کۆمیدیترین ئەستێرەی فیلمی ساڵ بە دەنگی خەڵک بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە فیلمی (Jungle Cruise)
  • براوەی خەڵاتی (‏NAACP) بۆ ڕۆڵگێڕی گاڵتەچی ساڵ
  • براوەی (Shorty Award) بۆ باشترین ڕۆڵگێڕی ساڵی (٢٠١٦)
  • هەڵبژاردنی پاڵەوانی خەڵک بە دەنگی خەڵک (٢٠٢١)

بەرهەمەکانی

دوەین جانسن لە چەندین فیلم و زنجیرە بە ڕۆڵی سەرەکی و لاوەکی دەرکەوتووە، بەشێک لە دیارترین بەرهەمەکانی:

فیلم ساڵ
Fast Five 2011
Fast & Furious 6 2013
Hercules 2014
Furious 2014
Moana 2016
The Fate of the Furious 2017
Jumanji: Welcome to the Jungle 2017
Rampage 2018
Skyscraper 2018
Fast & Furious Presents: Hobbs & Shaw 2019
Jumanji: The Next Level (2019) 2019
Jungle Cruise 2021
Red Notice 2021
Black Adam 2022

 


سەرچاوەکان



1323 بینین