کۆساری

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-07-21-00:53:00 - کۆدی بابەت: 9467
کۆساری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

کۆساری یان خدر کۆساری (بە عەرەبی: كوساري، بە ئینگلیزی: Kosari)، ناوی تەواوی خدر محەمەد ڕەشیدە و لە ساڵی ١٩٦٧ لە گەڕەکی قەڵات لە ڕانیە لە دایکبووە. بە شیعرەکانی بەناوبانگە و لە ٢٣\١٢\١٩٩٣ لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.

ژیانی

کۆساری لە خانەوادەیەکی ئاست مامناوەند لەدایکبووە، دایکی دزەیی و باوکی پشدەری بووە. بەر لەوەی ببێت بە پێشمەرگە لەگەڵ باوکیدا کاری زێڕەنگەری کردووە. تا پۆلی حەوتی ناوەندی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٨٦ ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی کوڕ و کچێکە بە ناوەکانی (بەنان و شەیدا).

کۆساری توانایەکی بەرزی ھەبوو لە زمانی کوردی و وێنەی شیعری و ھونەری ڕەوانبێژی، له‌ ساڵی ١٩٨٧ ـه‌وه‌ پێی ناوه‌ته‌ ناو دنیای شیعره‌وه‌ و یه‌كه‌مین شیعریشی به‌ناوی نیگاری خودان (واته‌: نه‌خش و نیگاری په‌روه‌ردگار) نووسیووە و بڵاویکردووەتەوە. شیعرەکانیشی زیاتر بە دەوری ئیسلام و نیشتیمانپەروەریدا سووڕاوەتەوە و دژی زوڵم ستەم بووە.

بەشداری لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ـی خەڵکی کوردستان کردووە دژ بە رژێمی بەعس و لە ڕێگەی مزگەوتی گه‌وره‌ی شاری ڕانیه‌وه‌ شیعری خوێندووەته‌وه‌ و جۆش و خرۆشی به‌ ڕاپه‌ڕین و جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو داوه‌. لە ساڵی ١٩٩٢ ماوه‌یه‌ك ئاماده‌کار و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی (لێره‌ و له‌وێ)ـی ته‌له‌ڤزیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی ئه‌وكاته‌ بووه‌ له‌ ڕانیه‌.

بەرهەمەکانی

  • سەدای کۆساری (بەشی یەکەم-١٩٩٢) 
  • سەدای کۆساری (بەشی دووەم-١٩٩٣)
  • مانگ گیران
  •  قەڵەمی ڕاستگۆ
  • پرسە

خاوەنی دیوانی بوڕکانی شیعرە کە لە دوای کۆچی دوایی خۆی چاپکراوە.

کۆچی دوایی

بەهۆی شەڕی ناوخۆوە، له‌ دوای نیوه‌ڕۆی رۆژی ٢٧\١٢\١٩٩٣ له‌ ناوماڵه‌كانی (ره‌سواجیان)ـی گوندی (زه‌نگڵان)ـی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر، بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە و پاشان له‌ گۆڕستانی كێوه‌ڕه‌شی ڕانیه‌ به‌خاك سپێردرا. 

نموونەیەک لە شیعرەکانی

شەو درەنگە، خەو سوڵتانە
خەون، ئێستاکە گاوانی گاڕانی سەرکردەکانە
خەیاڵ، ئێستاکە لۆقنتەی دیوەخان و تەکیەکانە
شەو درەنگەو ئێستاکە مفتەخۆرەکان، سوڵتانە ورگ تێڕەکان
لە دەریای خەوتن خنکاون
کێ دەڵێ: ئێستا کانیاوی خانوە گڵە رووخاوەکان
وەک تەنوور دانەگیرساون؟
کێ دەڵێ: ئێستا تەنوور و ئاگردانی ماڵە قوڕە هەژارەکان
وەک گۆماو ، دانەوەستاون ؟
کێ دەڵێ: (گوند و پەرستگای هەشتاکانمان)
بە دەستی زڕکوڕەکانی (باوکی قوصە)ـی وەک (مزگەوتەکانی کەلار)
بە ئاربیجی نەڕووخاون ؟
کێ دەڵێ: (چوار هەزار و حەوسەد و سی و یەک) ئاوایی
بۆ (شەهیدانی دۆڵەرووت) نە سووتاون ؟
بەم شەوگارە، کێ دەڵێ: (٦۰) هەزار ئافرەتی کەساسی (بۆسنە)
بە مەرەدی ئەنفالەکانی کوردستان نەبراون..؟!
کێ دەڵێ:(یەک ملیۆن و نیو، ئەستێرەی ئاسمانی (ئەفغان))
بۆ کۆچی (جمیل الرحمن) نەگریاون؟!


سەرچاوەکان



1648 بینین