حاجی مەکی

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-07-24-16:17:00 - کۆدی بابەت: 9524
حاجی مەکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حاجی مەکی (بە عەرەبی: حاجي مكي، بە ئینگلیزی: Haji Mekki)، ناوی تەواوی محەمەد مەکی عەبدوڵڵا مەعرووفە لە ساڵی ١٩٣٩ لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە. هونەرمەندێکی ناوداری باشووری کوردستان بووە. بە نازناوی حاجی مەکی و عەلییە فەندی ناسراوە.

ژیانی تایبەتی

لە ساڵی ١٩٣٩ لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە و بەھۆی ئەوەی باوکی فەرمانبەری گومرگ بووە لەوێ ژیاون. دوو خوشک و دوو برای ھەبووە، بەھۆی خراپی باری دارایی خێزانەکەیەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات. حاجی مەکی خاوەنی کوڕێک و کچێک بووە، کوڕەکەی لە کاتی بەشداریکردنی فیلمی (باوەژن خوا بناسە)ـدا ڕۆڵی بینیوە و بەھۆی ڕووداوێکەوە لە کاتی ئامادەکردنی فیلمەکەدا گیانی لەدەستداوە.

کارە هونەرییەکانی

حاجی مەکی ساڵی ١٩٥٣ لە شاری کەرکووک بە شانۆگەری (پێکەنین بەبێ یاسا) بۆ یەکەمین جار چووەتە سەر شانۆ. لەچەندان بەرهەمی هونەرییدا کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٥٨ـدا گرووپی ھونەری خەباتی دامەزراندووە لە هەولێر و سلێمانی. لە ساڵی ١٩٦٠ دەستی کردووە بە ئامادەکردنی فیلمی (نێرگز بووکی کوردستانە)، لە ٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ وەکوو یەکەمین فیلمی سینەمایی کوردی چووەتە سەر شاشەی سینەماکان و ھەر ئەو ڕۆژەش کرا بە ڕۆژی سینەمای باشووری کوردستان. لە ساڵی ١٩٦٤ فیلمێکی لەسەر کارگەی چیمەنتۆ دەرکردووە و ماوەتەوە.

دیارترین بەرهەمەکانی

  • پێکەنین بەبێ یاسا-شانۆگەریی
  • باوەژن خوا بناسە-شانۆگەریی
  • بەقەد بەڕەی خۆت پێڕاکێشە-شانۆگەریی
  • جام کە پڕبوو لێی دەڕژێ
  • ژن بە ژن
  • بڕیار
  • نێرگز بووکی کوردستانە-فیلمی سینەمایی

کۆچی دوایی

دوای بەسەربردنی سێ ساڵ بە ئازاری گورچیلە، لە شەوی ھەینی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ کۆچی دوایی کردووە. لە ڕۆژی شەممە ١٩ی کانوونی یەکەم تەرمەکەی لە ڕێوڕەسمێکدا لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



474 بینین