ئایا پێوەدانی هەنگ بەسوودە؟

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-07-24-23:35:00 - کۆدی بابەت: 9535
ئایا پێوەدانی هەنگ بەسوودە؟

ناوه‌ڕۆك

پێوەدانی هەنگ

ئایا پێوەدانی هەنگ بەسوودە؟ (بە عەرەبی: هل لسعة النحل مفیدة؟) سەرەڕای ئەوەی پێوەدانی هەنگ لەلای زۆرێک لە خەڵکی ئازاربەخشە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بێ زیانە و سوودیشی هەیە، تەنها بۆ ئەو کەسانە زیانبەخشە کە هەستیارییان بە پێوەدانی مێرووەکان هەیە. هەرچەندە ژەهری هەنگ (apitoxin) ٪٧٨ـی لە ئاو پێکهاتووە و تەنها لە ٪٢٢ ماددەی کاریگەرە و وەکوو دەرمان بەکاردێت.
ژەهری هەنگ ماددە کاریگەرەکانی وەکوو ئەپامین و مێلیتین تێدایە کە ڕێڕەوەکانی هەوکردن ناهێڵن هەروەها لەگەڵ بوونی ئەنزیمەکانی هایالورۆنیدەیز و فۆسفۆلیپاز کە خانەکانی بەرگری لەش بەهێز دەکەن و بەرگری گڵۆبین لە لەشدا دروست دەکەن.

گرنگترین سوودەکانی پێوەدانی هەنگ

  1. کەمکردنەوەی هەوکردن: بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە هەندێک لە پێکهاتەکانی ژەهری هەنگ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنەکانی لەش، بەتایبەت ماددەی بنەڕەتی مێلیتین (Melittin).
  2. چارەسەرکردنی هەوکردنی جومگەکان: پێوەدانی هەنگ گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ کەمکردنەوەی هەوکردنی جومگەکان بە تایبەت هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی، یەکێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بە کەمکردنەوەی هەڵئاوسان، ئازار و ڕەقبوون دەکات لە جومگەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمییان هەیە.
  3. چارەسەرکردنی نەخۆشی سەدەفی: بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤ بۆ ئەو نەخۆشانەی کە دەناڵێنن بەدەست نەخۆشی سەدەفی پەڵە (Plaque Psoriasis)، پێوەدانی هەنگ دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست و کەمکردنەوەی هەوکردنەکانی پێست.
  4. کەمکردنەوەی ئازار: لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە، پێوەدانی هەنگ بەشێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازار و دۆخی کرداری باشتر دەکات.
  5. چارەسەرکردنی نەخۆشی پارکینسۆن: بەپێی توێژینەوەیەکی کلینیکی پێوەدانی هەنگ بەسوودە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی پەیوەست بە نەخۆشییە دەمارییەکان لەوانەش نەخۆشی پارکینسۆن، کە خێرایی ڕۆشتن و کۆنتڕۆڵکردنی جووڵەی نەخۆشەکانی باشتر کردووە.
  6. ڕێکخستنی کاری ڕژێنی دەرەقی: پێوەدانی هەنگ یارمەتی ڕێکخستنی کرداری ڕژێنەکان دەدات لەو ئافرەتانەی کە دەناڵێنن بە دەست نەخۆشی "زۆری دەردانی ڕژێنی دەرەقی".
  7. کەمکردنەوەی هەستیاری بە ژەهری هەنگ: پێوەدانی هەنگ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاردانەوەکان لە بەرامبەر پێوەدانی هەنگە جیاوازەکان لە ئەو کەسانەدا کە هەستیارییان بە ژەهری هەنگ هەیە.
  8. چارەسەری شانی بەستوو (کە بریتییە لە هەوکردنی کیسی جومگەی شان): بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەک لەسەر ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی شانی بەستوویان هەبووە دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی ژەهری هەنگ لەگەڵ چارەسەری سروشتیدا ئازارەکەیانی کەمتر کردووەتەوە بە بەراورد بە ئەو کەسانەی کە تەنها چارەسەری سروشتیان بەکارهێناوە.
  9. چارەسەری نەخۆشی ڕەبۆ: توێژینەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی ٢٠١٢ـدا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بە ئەوە دەکات کە پێوەدانی هەنگ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردنی خانەکانی دەورووبەری بۆری هەوا و لوولەکانی خوێن لە ئەو کەسانەدا کە نەخۆشی ڕەبۆیان هەیە.
  10. ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا: لە توێژینەوەیەکی زانستیدا کە لەلایەن سێ لێکۆڵەرەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە ئەنجامەکانی ڕاپرسییەک کرا کە ٥١١٥ هەنگەوان و ١٢١ نەخۆشی لەخۆگرتووە کە چارەسەریان بە هەنگ وەرگرتووە، ئەم هەنگەوان و ١٢١ نەخۆشە بەرکەوتەیان لەگەڵ توشبووانی کۆرۆنادا هەبووە و لەگەڵ ئەوەشدا توشی کۆرۆنا نەبوون.


سەرچاوەکان



1279 بینین