ئابووری هەندەکی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-26-21:57:00 - کۆدی بابەت: 9559
ئابووری هەندەکی

ناوه‌ڕۆك

ئابووری هەندەکی چییە؟

ئابووری هەندەکی (بە ئینگلیزی: Microeconomics، بە عەرەبی: الاقتصاد الجزئي) ئەو زانستە کۆمەڵایەتیەیە بایەخ بە چالاکی ئابووری یەکە ئابوورییە بچووک یان تاکە کەسییەکان دەدات، لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی هاندان و بڕیاردان دەکات، بەتایبەتی کاریگەرییەکانی بەکارهێنان و دابەشکردنی سەرچاوەکان.

ئابووری هەندەکی نیشانی دەدات چۆن و بۆچی کاڵا جیاوازەکان نرخی جیاوازیان هەیە، چۆن تاکەکان و بازرگانییەکان لە بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕدا کەڵک وەردەگرن، چۆن تاکەکان باشترین هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر دەکەن. بە شێوەیەکی گشتی ئابووری هەندەکی تێگەیشتنی تەواوتر و وردتر لە ئابووری هەموەکی دەستەبەر دەکات.

تێگەیشتن لە ئابووری هەندەکی

ئابووری هەندەکی بریتییە لە لێکۆڵینەوە کردن لە هەڵبژاردەی تاکەکان بۆ وەڵامدانەوەی گۆڕانکارییەکان و نرخەکان لەگەڵ سەرچاوەکان و شێوازی بەرهەمێنان.

تاکەکان دەکرێنە گرووپی بچووکی وەکوو کڕیارەکان، فرۆشیارەکان و خاوەن کارەکان، کە ئەم گرووپانە خواست و خستنەڕوو بۆ سەرچاوەکان دروستدەکەن، بەکارهێنانی پارە و ڕێژەی سوود وەک میکانیزمێک بۆ هەماهەنگی بەکاردەهێنن.

ئابووری هەندەکی لقێکە لە ئابووری سەرەکی کە گرنگی بە هەڵسوکەوتی تاکەکان و دەزگاکان لە بڕیارداندا دەدات, دەربارەی تەرخانکردنی سەرچاوە کەمەکان و ئاوێتەبوونی تاکەکان و دەزگاکان.

ئابووری هەندەکی سەرنج دەخاتە سەر بازاڕی تاک، کەرتەکان یان پیشەسازییەکان، بە پێچەوانەی ئابووری نەتەوەیی کە بە گشتی سەرنج دەخاتە سەر ئابووری هەموەکی.

ئامانجی ئابووری هەندەکی بۆ شیکردنەوەی سیستمی بازاڕە, کە نرخی ڕێژەیی بۆ کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دابنێت و سەرچاوەی سنووردار بۆ بەکارهێنانی جێگرەوەکان دابنێت، هەروەها شکستەکانی بازاڕ شی دەکاتەوە.

بیردۆزی ئابووری هەندەکی

بیردۆزی خواستی بەکاربەر

بیردۆزی خواستی بەکاربەر بریتییە لەو گۆڕانەی کە لە چەند بوارێکدا دروست دەبێت، وەکوو گۆڕان لە بڕی چەندێتی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، کە خواستی بەکاربەر کاریگەری دەکاتە سەر نرخەکانی لە بازاڕدا، بیردۆزەکە دەڵێت ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی نرخیان بەرزە کەمتر خواستی لەسەرە ئەمەش چەماوەی خواست بەرەو خوارەوە دەهێنێت.

بیردۆزی بەهای تێچووی بەرهەمهێنان

بەپێی بیردۆزی بەهای تێچووی بەرهەمهێنان نرخی هەر شتێک یان بەرهەمێک بەپێی تێچووی ئەو سەرچاوانەی بۆ بەرهەمهێنانی تەرخانکراوە دیاری دەکرێت، تێچوون لەوانەیە چەند هۆکارێکی بەرهەمهێنان لەخۆ بگرێت وەکوو زەوی، سەرمایە، کار و باجدان. تەکنەلۆجیا لەوانەیە وەکوو سەرمایەی وەگەڕخراو بەکاربهێنرێت، بۆ نموونە ئەو بەرهەمانەی بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای کۆتایی بەکاردەهێنرێت یان سەرمایەی جێگیر بۆ نموونە کارگەی پیشەسازی.

بیردۆزی بەرهەمهێنان

بیردۆزی بەرهەمهێنان لە ئابووری هەندەکیدا ڕوونی دەکاتەوە چۆن دەزگا بازرگانییەکان بڕیار لەسەر چەندێتی بەکارهێنانی ماددە خاوەکان دەدەن، هەروەها چەندێتی ئەو کاڵایانەی کە دەبێت بەرهەم بهێنرێت و بفرۆشرێت. پەیوەندییەکە لەنێوان چەندێتی کەلوپەل و کاڵاکان لەلایەکەوە، لەلایەکی تریشەوە ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنان و نرخی کەلوپەل و کاڵاکان.

بیردۆزی دەرفەتی تێچوون

بیردۆزی دەرفەتی تێچوون نیشاندەری سوودە شاراوەکانە کە تاک، وەبەرهێن یان بازرگان لەدەستی دەدەن, کاتێک هەڵبژاردن دەکەن و جێگرەوەیەک هەڵدەبژێرێت بەسەر یەکێکی تردا.

نموونەی تێگەیشتن لە ئابووری هەندەکی

خواست

چۆن خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کار دەکاتە سەر داهات، هەڵبژاردە، نرخەکان و ئارەزووەکان. خواست ئاماژە بە ویستی بەکاربەر دەکات بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، هەروەها ویستی بەکاربەر بۆ پارەدان نموونەی ئابووری هەندەکین.

خستنەڕوو

خستنەڕوو ئاماژە بە زاراوەیەکی ئابووری دەکات کە بڕێکی کاڵا یان خزمەتگوزارییەکی دیاریکراوی تێدایە، کە دابینکەران ئامادەن و دەتوانن بە نرخێکی دیاریکراو و لە کاتێکی دیاریکراو پێشکەش بە بەکاربەرانی بکەن، کە نموونەی ئابووری هەندەکییە.

نرخ

چۆن تاکەکان، خێزانەکان و دەزگاکان کاردانەوەیان بەرانبەر بە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان هەیە، چۆن لە کۆتاییدا بەپێی خواست و خستنەڕوو کاریگەرییان لەسەری دەبێت.

نەرمی

لەم جۆرەدا خواست و خستنەڕوو کاردانەوەیان بۆ گۆڕانکارییەکان هەیە، بۆ نموونە کاتێک خێزانێک خواستی کەمتریان لەسەر کاڵایەک هەیە کە نرخەکەی بەرز بووەتەوە ناچار دەبن کاڵای جێگرەوە بەکاربهێنن. کاتێک خێزانێک چێژ لە جۆرێک پەنیر وەردەگرن بۆ نانی بەیانی و نرخەکەی بەرز دەبێتەوە، ناچار دەبن جۆرێک پەنیری تر هەڵبژێرن.

دەرفەتی تێچوون

لێرەدا تاکەکان و دەزگاکان لەسەر بنەمای لەبەردەستبوونی سەرچاوە کەمەکان بژاردەیەک هەڵدەبژێرن بەسەر هەڵبژاردەیەکی تردا، لەبەر ئەوەی ناتوانن هەردووکی بکەن. بۆ نموونە کەسێک بڕیار دەدات کارێک دەست پێبکات لەجیاتی چوون بۆ کۆلێج، چونکە نە کاتی هەیە هەردووکیان بکات نە پارەی هەیە بۆ چوون بۆ کۆلێج.

سوودی ڕکابەری

سوودی ڕکابەری ئاماژە بەو هۆکارانە دەدات، کە ڕێگە بە دەزگاکان دەدات کاڵا و خزمەتگوزاری باشتر یان هەرزانتر بەرهەم بهێنن، لە چاو ڕکابەر و هاوپیشەکانی تردا. ئەم هۆکارانە ڕێگە بە بەرهەمهێنەرەکان دەدات فرۆشیان زیاتر بکەن بەبەراورد بە ڕکابەرەکانیان لە بازاڕدا. سوودە ڕکابەرییەکان بریتین لە دەستگەیشتن بە سەرچاوە سروشتییەکان کە بۆ هەموو ڕکابەرەکان بەردەست نین، وەکوو گەیشتن بە تەکنەلۆجیای نوێ، سەرچاوەی مرۆیی شارەزاتر و کاری باشتر، بەمەش دەتوانن بە نرخێکی کەمتر کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بۆ بەکارهێنەران دەست بخەن.

هەڵبژاردنی بەکارهێنەر

لێرەدا پێویستییەکان، تێڕوانین و زانیاری بژاردەی بەکارهێنەرن. هەڵبژاردنی بەرهەمهێنەر ئەو بڕیارە لەخۆ دەگرێت کە بەکارهێنەر دەیدات، کە چی کاڵا و خزمەتگوزارییەک بکڕن و بەکاریان بهێنن لە کاتێکی دیاریکراودا.

بەرهەمداری

بەرهەمداری ئاماژە بە پێوانەی کارامەیی ئابووری دەدات، کە بەراوردێک دەکات لەنێوان، ژمارەی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە بەرهەمدەهێندرێت و ژمارەی کاڵا و خزمەتگوزارییە بەرهەم هاتووەکان. بەرهەمداری ئابووری بەهای ئەو بەرهەمەیە کە بە یەک یەکەی تێربوون بەدەست دێت. بۆ نموونە ئەگەر لە کاتژمێرێکدا کرێکارێک دوو یەکە لە بەرهەمێک بەرهەم بهێنێت کە نرخەکەی ١٠ دۆلارە، ئەوە بەرهەمدارییەکەی ٢٠ دۆلارە.

خۆشگوزەرانی ئابووری

خۆشگوزەرانی ئابووری لقێکی ئابوورییە، کە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتە ئابوورییەکان لەڕووی کاریگەرییان لەسەر خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە.

باشترین نموونەی ئابووری هەندەکی چییە؟

بۆ نموونە، ئابووری هەندەکی بەکاردێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی خواست بۆ بەرهەمێکی دیاریکراو زیاد دەبێت کاتێک خەڵکی داهاتیان زیاد دەکات. کاتێک داهات کەمە هەموو کەسێک توانای کڕینی کاڵای نییە، بۆیە خواست کەم دەبێتەوە. ئابووری هەندەکی مامەڵە لەگەڵ سەرجەمی تاک لە ئابووریدا دەکات وەکوو خواست و خستنەڕوو و سوود.


سەرچاوەکان



945 بینین