موعتەسەم بیللا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-04-17:15:00 - کۆدی بابەت: 9687
موعتەسەم بیللا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

موعتەسم بیللا یان موعتەسەم بیللا یاخود ئەلموعتەسیم بیللای کوڕی هاروونە ڕەشید (بە عەرەبی: المعتصم بالله، بە ئینگلیزی: Al-Mu'tasim) هەشتەمین جێنشینی عەباسییەکانە، لە جێنشین و دەسەڵاتدارە بەهێزەکانی عەباسییەکان بووە، کوڕی هاروونە ڕەشید بووە و برای خەلیفە مەئموون بووە.
ناوی تەواوی محەمەدی کوڕی ئیسحاقە و لە ساڵی 180ـی کۆچی لە دایکێکی بە ڕەچەڵەک تورکی لەدایکبووە. کەسێک بووە لە تەمەنی منداڵی ڕقی لە خوێندن بووە و توانای فێربوونی لاواز بووە، بۆیە بەباشی فێری خوێندن و نووسین نەبووە، بەڵام کەسێکی بەهێز و جەنگاوەر بووە و گرنگی بە بواری پەروەردە و فێربوونی کۆمەڵگە داوە.

سەردەمی دەسەڵاتی

وەرگرتنی دەسەڵات

لە ساڵی 218ـی کۆچی موعتەسم بیللا دەسەڵاتی عەباسییەکانی وەرگرت و لەدوای "خەلیفە مەئموون"ـی برای بە فەرمی بووە هەشتەمین جێنشینی عەباسییەکان. سەردەمی دەسەڵاتی بەهۆی شۆڕش و ناکۆکییە ناوەکییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئیسلامی لەو سەردەمە ناجێگیر و ئاڵۆز بووە. کۆمەڵێک بەناوی "خەرمییەکان" کە لە وڵاتی ئازەربایجان دەرکەوتبوون دەسەڵاتێکی فراوانیان دروستکردبوو و ئایینێکی نوێی تێکەڵیان لە ئایینی ئیسلام و ئاگرپەرستی داهێنا بوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ موعتەسم دژایەتی ئەم کۆمەڵەی کرد تاکوو لە داهاتوودا کۆتایی بەدەسەڵاتیان هێنا و ئایینەکەیانی لەناوبرد.

هێرشی بیزەنتییەکان

بەهۆی ئەوەی موسڵمانان گیرۆدەی کێشە ناوخۆییە ئایینی و سیاسییەکانی نێو خۆیان ببوون، ڕۆمەکان نزیک سنووری دەرەک چەند ناوچەیەکی تورکیا هێرشیان دەکردە سەر ناوچە ئیسلامییەکان، گرنگترین ئەو هێرشانە لەلایەن ئیمپڕاتۆری بیزەنتییەکان "تیۆفێڵ" بوو کە بووە هۆی سەرهەڵدانی "جەنگی زەبتەرە"، زەبتەرە ناوچەیەکی سەر بە وڵاتی تورکیا بوو بەهۆی ئەو هێرشەوە زیانی زۆری بەرکەوت و شارەکە سووتێنرا و خاپوور کرا.
لە ساڵی 838ـی زایینی موعتەسم بیللا بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوەی ئەم جەنگە لە ڕۆمەکان بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگی لە ناوچەی (عەموورییە) دا، کە لە ئاسیای بچووک گرنگترین شاری بیزەنتییەکان بوو، بە سوپایەکی 500 هەزار کەسی هێرشی کردە سەر ناوچەکە و سەرکەوتنی لەو جەنگەدا بەدەستهێنا و ناوچەکەی فەتح کرد.

پەیوەندیی موعتەسم لەگەڵ تورکەکان

موعتەسەم بیللا یەکەم جێنشینی ئیسلامی بوو پەیوەندی لەگەڵ تورکەکان بەهێز کرد و پەیوەندی لەگەڵیان زۆر پتەو بوو، تەنانەت یەکەم جێنشینی موسڵمانان بوو کە پەسەندی کرد ئەفسەری تورکی بێتە نێو خاکی موسڵمانان و لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتی پلە و پۆستی هەستیاری پێ بەخشین. مێژوونووسان هۆکاری ئەم نزیکبوونەوەیە لە تورکەکان بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە خەلیفە دایکی تورک بووە، بۆیە لەو سەردەمە لە نێوان ململانێی تورک و فارس و بیزەنتییەکان مەیلی زیاتری بۆ تورکەکان هەبووە و بەکاریهێناون.

دوای هێنانی چەند هەزار سەربازێک بۆ بەغداد و جێگیر کردنیان لە ناوچەکە، دانیشتووانی بەغداد لە هەبوونی ئەفسەری تورکی لە بەغداد ناڕەزاییان دەربڕی و بە بارودۆخەکە ناڕازی بوون، بۆیە موعتەسەم بیللا بڕیاڕی دا کە ناوچە و شوێنێکی تایبەتیان بۆ بنیات بنێت. لە ساڵی 220ـی کۆچی شاری سامەڕای بۆیان بنیاتنا، دواتر شارەکەی کردە ناوەند و پایتەختی دەسەڵاتی عەباسییەکان.

موعتەزیلەکان و ڕووداوی "میحنەی قورئان" لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان

موعتەزیلەکان لە سەردەمی عەباسییەکان دەرکەوتن، دەستە و کۆمەڵێک بوون لە ئیسلام کە عەقڵ و هزریان کردبوو بە پێوەر بۆ ژیان، ئەوان بەکارهێنانی هزر و ژیرییان لە جێبەجێکردنی شەرع و بنەماکانی ئیسلام لە ژیاندا لەلا پەسەند تر بوو. زۆرێک لە جێنشینە عەباسییەکان نموونەی ئەبووجەعفەری مەنسوور و هاروونە ڕەشید لە چەند کەسایەتییەکی ناوداری موعتەزیلەکان تاڕادەیەک نزیک بوون. دوای ئەوان خەلیفە مەئموون و موعتەسەم بە تەواوی پشتگیری چەند بۆچوونێکی موعتەزیلەکانیان کرد و یارمەتیدەریان بوون لە سەپاندنی بیرۆکەکانیان بەسەر کۆمەڵگەی موسڵمانان لەو سەردەمەدا.

لە سەردەمی خەلیفە مەئموونی کوڕی هاروونە ڕەشید دیاردەیەک بە ناوی "ميحنة القران" یان "میحنەتی قورئانی پیرۆز" لە ساڵی 218ـی کۆچی دروست بوو، تێیدا کۆمەڵەی موعتەزیلەکان بڵاویان کردەوە کە قورئانی پیرۆز دروستکراوی خوایە و وەکوو شتەکانی تر دروستکراوە (واتا: مخلوقە و لەلایەن خوا دروستکراوە)، بەڵام زانایانی ئیسلامی لەو سەردەمەوە نموونەی "ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەل"، ئەوان ئەو بۆچوونەیان بە تەواوی ڕەتکردەوە، چونکە زانایانی ئیسلامی بە بەڵگەوە دەیانسەلماند و پێیان وابوو کە قورئان دروستکراو نییە، بەڵکوو خۆی لە بنەڕەتدا وتەی خوایە و ئەمەش واتا تایبەتمەندییەکی خواییە نەوەک دروستکراوێکی خوا.

خەلیفە مەئموون و موعتەسەم بیللا پشتگیری موعتەزیلەکانیان دەکرد، بە تەواوی باوەڕیان بە بۆچوونی موعتەزیلە هێنا، ئەم دیاردەیە لەسەردەمی مەئموون بڵاوبووەوە، موعتەسەم بیللاش کە هاتە سەر دەسەڵات بەردەوامی بە بڵاوکردنەوە و بەزۆر سەپاندنی ئەو بۆچوونەی دا، هەر زانایەکی ئیسلامی لەو سەردەمە ئەو بۆچوونەی ڕەتبکردایەتەوە یان دژایەتی بکردایە دووچاری زیندان و ئەشکەنجە و تەنانەت کوشتنیش دەبووەوە.

کۆچی دوایی

موعتەسەم بیللا لە ساڵی 842ـی زایینی لە تەمەنی 48 ساڵی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.
هەندێک بۆچوون پشتڕاستی دەکەنەوە کە موعتەسەم بیللا لەسەر دەستی چەند کاربەدەستێکی تورک ژەهرخوارد کراوە. دوای کۆچی دوایی لە شاری سامەڕا لە ناوچەیەک کە بە "قبة الخلفاء" ناسراوە و تایبەت بووە بە گۆڕستانی جێنشینەکان نێژراوە، تا ئێستاش ئەو ناوچەیە ماوە و مەزاری گۆڕەکەی لەسەر ڕۆخی ڕووباری دیجلەیە لە سامەڕڕا و بە دووری 120 کیلۆمەتر لە باکووری شاری بەغدادەوە دوورە.

چیرۆکی موعتەسم لەگەڵ ژمارە هەشت

بەهۆی ئەوەی ژمارە هەشت لە زۆرێک ڕووداوە گرنگەکانی ژیانی موعتەسم هەبووە ئەم جێنشینە بە "المثمن" یان بە "هەشتەکە" ناسراوە، ئەو هەشتەمین جێنشینی عەباسییەکان بوو و هەروەها هەشتەمین کوڕی هاروونە ڕەشید بوو، هاوکات هەشت کوڕ و هەشت کچیشی هەبووە. تەنانەت لە مانگی هەشت کە مانگی شەعبانی ڕۆژژمێری کۆچییە لەدایکبووە. لە ساڵی 218ـی کۆچی دەسەڵاتی وەرگرتووە، ماوەی دەسەڵاتەکەی هەشت ساڵ و هەشت مانگ و هەژدە ڕۆژ بووە. لە سەردەمی دەسەڵاتی هەشت فتوحاتی ئیسلامی کراوە و لە تەمەنی 48 ساڵی کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



487 بینین