خەزێم

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-11-11:04:00 - کۆدی بابەت: 9791
خەزێم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خەزێم یان لاڤیندەر (بە عەرەبی: الخزامی، بە ئینگلیزی: Lavender، ناوی زانستی: Lavandula)، جۆرێکی گوڵەکانە کە لە باخچەکاندا دەچێنرێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە نزیکن لە دەریای سپییەوە، ئەم گوڵە بەدرێژایی مێژوو بەکارهێنانی زۆری هەبووە و خەڵکی سوودیان لێ وەرگرتووە، بۆ نموونە ڕۆمانییە کۆنەکان لەکاتی خۆشۆردندا بەکاریان هێناوە، یاخود بە وشککراوی لەناو سندوق و ژووری بارگەکردندا دانراوە بۆ بۆنخۆشکردنی جێگەکە، هەروەها لاڤیندەر دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی پەپوولە و هەنگەکانیش، کە ئەم مێرووانە دەبنە هۆی پیتاندنی گوڵەکان.

سەدان جۆری جیاواز لە گوڵی خەزێم بوونی هەیە کە ڕەنگی هەموویان لە ئەرخەوانییەوە نزیکە، بە گوێرەی جۆرەکانیش کاتی گوڵگرتنیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە هەندێکیان لە وەرزێکدا دووجار خونچە و گوڵ دەگرن، بەڵام هەندێکی تریان تەنها یەکجار گوڵدەگرن، باشترین کاتیش بۆ لێکردنەوەی گوڵەکەی بۆ وشککردنەوە لە بەیانیاندایە، واتە لە کاتژمێرەکانی بەیانیاندا پێویستە لقەکانی گوڵەکە لێبکرێتەوە، چونکە خەستی زەیتەکەی زیاترە و گونجاوترە، پاشان دەبەسترێت و لە جێگەیەکی خاوێندا هەڵدەباسرێت، لە ئەنجامدا و پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک وشکدەبێتەوە.  

شێوە و پێکهاتەکەی

شێوەی ئەم گوڵە زیاتر لە درەختێکی بچووکی هەمیشە سەوز دەچێت، کە گەڵاکانی سەوزێکی نزیک ڕەساسییە و هێڵی تێدایە، هەروەها کاتێک گوڵ دەگرێت ڕەنگی گوڵەکەی ئەرخەوانی کاڵە و بەرهەمێکی (بەر) بچووکیشی دەبێت، بۆنە خۆشەکەشی بەهۆی زەیتەکەیەوە دروستدەبێت کە تەواوی گوڵەکەی داپۆشیوە، جگە لە ئەمانەش بەرزی گوڵی خەزێم لە نێوان ٣٠-١٠٠ سانتیمەتر دەبێت.  

ئاوی گوڵی خەزێم دروستدەکرێت لە ئەنجامی تێکەڵکردنی زەیتەکەی لەگەڵ کحولدا، کە دواتر بەزۆری لە ماددە پاککەرەوەکانی دەستشۆردا بەکاردێت و بۆنێکی خۆشی دەبێت، زەیتەکەشی دروستدەکرێت لە ئەنجامی ئاواندنی گوڵەکەوە، پاشان لە دروستکردنی بۆنی گرانبەها و ماددەی جوانکاریدا بەکاردەهێنرێت، ڕەنگی زەیتەکە دەکرێت زەرد بێت یاخود هیچ ڕەنگێکی نەبێت کە پێکهاتووە لە ئەم ماددە بۆندارانە (ئەسیتاتی لینالیل، لینالول، پینین، لیمۆنین، گیرانیۆل، سینیۆل).

سوودەکانی

  • گەڵای خەزێم بۆنی خۆشە و بۆ دروستکردنی بۆنی جیاواز بەکاردەهێنرێت.
  • شێوازی گوڵەکەی سەرنجڕاکێشە و لە باخچەکاندا دەچێنرێت بە مەبەستی جوانکاری.
  • زەیتێکی تایبەتی لێ دروستدەکرێت کە ئەمیش چەندین سوودی جیاوازی هەیە.
  • بەکارهێنانی بۆ خۆشترکردنی تامی خواردن و خواردنەوەکان.
  • لە بواری پزیشکیدا گوڵی خەزێم بەکاردێت بۆ چارەسەرکردن.
  • دوورخستنەوەی مێرووەکان لە ناوچەکەدا.
  • ئەگەر لە نزیک جێگەی خەوتن بچێنرێت ئەوا دەبێتە هۆی دابینکردنی خەوێکی ئاسوودە.
  • میسڕییە کۆنەکان بۆ مۆمیاکردن بەکاریانهێناوە، بەجۆرێک کە ئەو قوماشەی مردووەکانیان پێ داپۆشیوە بە ئاوی خەزێم تەڕکراوە.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

بەگشتی چاندنی گوڵی خەزێم بە تۆو نابێت و زیاد ناکات، بەڵکو پێویستە ڕەگەکەی بگوازرێتەوە و جیابکرێتەوە، یاخود بەشێکی ببڕدرێت و دووبارە بچێنرێتەوە، کە دەبێت قەدێکی نەرم لە یەکێک لە لقەکانی گوڵەکە لێبکرێتەوە، تەنها چەند سانتیمەترێک لە بنجەکەیەوە دووربێت و نەگاتە خونچە و گوڵەکان، پاشان گەڵاکانی نیوەی سەرەتای قەدەکە لێبکرێتەوە، دواتر دەخرێتە خاکێکی شێدارەوە و ئاوی زۆری پێدەدرێت، لە ئەنجامدا پێویستە پاش سێ هەفتە ڕەگ دروستبکات.

باشترین کات بۆ چاندنی ئەم گوڵە لە وەرزی بەهاردایە، کاتێک پلەی گەرمی خاکەکە گونجاوە و مەترسی سەرمای زۆر نەمابێت، بەڵام ئەگەر لە پایزدا بچێنرێت ئەوا پێویستە گوڵێکی قەبارە گەورە بێت، هەتاکوو بەرگەی کەشوهەوای زستان بگرێت، هەروەها مەودای نێوان گوڵێکی خەزێم بۆ دانەیەکی تر ٦٠-١٠٠ سانتیمەتر بێت هەتاکوو گەشەی تەواو بکەن.

ڕێگایەکی تر ئەوەیە کە گوڵەکە لە سەتڵ و ئینجانەدا بچێنرێت، لە هاویندا لە دەرەوە دابنرێت و لە زستانیشدا بهێنرێتە ژوورەوە، بەڵام دەبێت زۆر بەکەمی ئاو بدرێت و لە نزیک پەنجەرەبێت، هەتاکوو زۆرترین تیشکی خۆر وەربگرێت، واتە جێگەی گوڵەکە لەگەڵ ئاڕاستەی تیشکی خۆر هاوتابێت.  

بۆ گەشەسەندنێکی باش خاکەکەی مەرجێکی سەرەکی نییە، بەڵکو زیاتر پێویستی بە تیشکی خۆر و ئاودان هەیە، بەڵام بۆ نموونە ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە ٦-٨ کاتژمێر لە تیشکی خۆر دەبێت، واتە خاکەکەشی زۆر دەوڵەمەند نەبێت بە ماددەی خۆراکی گرنگ نییە، بەڵام پێویستە ئاوی پێدا بڕوات و کۆنەبێتەوە، چونکە کەڵەکەبوونی ئاو لە بنجی گوڵەکەدا دەبێتە هۆی سیسان و خراپبوونی ڕەگەکەی، هەروەها باشترە کە بەرد لەسەر خاکەکەی هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە سەوزبوونی ڕووەکی زیانبەخش، بەڵام بەردەکان نابێت لە نزیک ڕەگی خەزێمەکە بن هەتاکوو شێ دروستنەکەن.

شێوازی ئاودانی لە هەفتەیەکدا تەنها ١-٢ جارە، بەڵام ئەگەر گەڵاکانی زەرد ببن ئەوا واتای ئەوەیە کە ئاوی زۆری پێدراوە و دەبێت کەمبکرێتەوە، لە زستانیشدا پێویستە گوڵەکە بە بەرگێکی پارێزەر دابپۆشرێت، هەتاکوو لە سەرمای زستان پارێزراوبێت، پاشان کاتێک گەڵای نوێ گەشەدەکات سێ یەکی گوڵەکە لە سەرەوە دەبڕدرێتەوە، هەتاکوو درێژییەکەی زۆر زیادنەکات، چونکە هەرچەند درێژتربێت گەڵاکانی خوارەوەی کەمدەبنەوە، بەڵام نابێت ئەو بەشەی قەدەکەی ببڕدرێت کە هی کۆنە و نوێ نییە، چونکە دواتر گوڵی نوێ گەشەناکاتەوە لە ئەو جێگەدا، لەجێگەی ئاووهەوای گەرمیشدا بڕینەکەی لە پایزدا ئەنجام دەدرێت.


سەرچاوەکان



517 بینین