حەمەدی کوڕی عیسای کوڕی سەلمانی ئال خەلیفە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-13-23:02:00 - کۆدی بابەت: 9823
حەمەدی کوڕی عیسای کوڕی سەلمانی ئال خەلیفە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێخ حەمەدی کوڕی عیسای کوڕی سەلمانی ئال خەلیفە (بە عەرەبی: حمد بن عيسى بن سلمان آل خليفة، بە ئینگلیزی: Hamad bin Isa Al Khalifa) پادشا و فەرمانڕەوای وڵاتی بەحرەین، کوڕە گەورەی عیسای بن سەلمانی ئال خەلیفە بوو کە شا و دەسەڵاتداری پێشووی وڵاتی بەحرەین بوو. لە شەشی ئاداری ساڵی ١٩٩٩ دوای کۆچی دوایی باوکی کرا بە ئەمیری دەسەڵاتداری وڵاتی بەحرەین، لە ١٤ـی شوباتی ٢٠٠٢ بووە بە پادشا و دەسەڵاتداری شانشینەکە.

لەدایکبوون و ئەزموونی خوێندنی

حەمەدی کوڕی عیسا لە ٢٨ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٠ لە شاری "ڕوفاع" لە بەحرەین لەدایکبووە. باوکی ناوی عیسای کوڕی "سەلمانی ئال خەلیفە" بووە و دایکیشی ناوی "حسەی کچی سەلمانی ئال خەلیفە" بووە، لە خێزانێکی خانەدان و دەستڕۆشتوو پەروەردە کراوە باوکی شای وڵات بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە مەننامەی پایتەخت تەواو کردووە، بۆ تەواوکردنی خوێندنی چووەتە کامبریج لە ئینگلتەرا درێژەی بە خوێندن داوە، لە ساڵی ١٩٦٨ چەند خولێکی سەربازی لەگەڵ سوپای بەریتانی وەرگرتووە، پاشان لە ساڵی ١٩٧٢ كۆلیجی سەربازی تەواو کردووە. هەروەها لە ساڵی ١٩٧٨ فڕۆکەوانی خوێندووە بووەتە فڕۆکەوانێکی پسپۆڕی لێهاتوو.

ئەزموونی کارکردن و پۆستەکانی

  • بەهۆی ئەوەی کوڕە گەورەی شا عیسا بووە، لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە باوکی وەکوو جێگر و جێنشینی خۆی دەستنیشانی کردووە.
  • لە ساڵی ١٩٦٨ دوای تەواوکردنی خوێندنی لە شانشینی یەکگرتوو، گەڕاوتەوە وڵاتەکەی و بووە بە فەرماندەی گشتی هێزەکانی بەرگری بەحرەین.
  • لە ساڵی ١٩٧٠ بووە بە سەرۆکی کارگێڕی هێزەکانی بەرگری و لە هەمان کاتدا بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵات.
  • لە ساڵی ١٩٧١ کرا بە وەزیری بەرگری بەحرەین و پاشان لە ساڵی ١٩٧٤ بووەتە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی خێزانی شاهانەی وڵات.
  • ساڵی ١٩٧٥ پۆستی وەزیری لاوان و وەرزشی وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە سەرۆکی ناوەندی بەحرەین بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.

وەرگرتنی دەسەڵات

لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩٩ دوای کۆچی دوایی شا عیسای باوکی کە فەرمانڕەوای بەحرەین بوو، حەمەد بووە شای جێنشینی بەحرەین. لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٠١ دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی گشتی لە وڵات، بەحرەین بووە شانشینی بەحرەین و حەمەدی کوڕی عیساش بە فەرمی بووە شای فەرمانڕەوای شانشینەکە.

سەردەمی دەسەڵاتی

دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی لە ساڵی ١٩٩٩ چەند چاکسازییەکی گشتی لە وڵات ئەنجامدا، هەموو زیندانی سیاسی کە لە وڵاتەکەی هەبوون ئازادی کردن. ڕێگەی دا کە زۆرێک لەو هاوڵاتییە بەحرێنییانەی کە بەهۆی کێشەی سیاسییەوە لە وڵات دوورخرابوونەوە بێنەوە بەحرەین. بەڵام شا پۆست و پلە گرنگەکانی دەسەڵاتی وڵاتی بە تەواوی خستە ژێر ڕکێفی "ئال خەلیفە" و کەسە نزیکەکانی خۆی. بەهۆی بوونی پەیڕەوانی هەردوو ڕێبازی شیعە و سوننە لە وڵاتەکە چەندان کێشەی تایفەگەری بوونی هەیە.

لە ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ دەستپێکی سەرەتای بەهاری عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانیشتووانی بەحرەینیش خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بەڵام هەر زوو شا حەمەد کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەی کرد و ڕێگری کرد لە دروستبوونی هەر پشێوییەک و بەتوندی بەرپەرچی خۆپیشاندەرانی دایەوە، کۆمەڵێک چاکسازیی گرنگی لە وڵات ڕاگەیاند و لە ترسی خۆپیشاندان بە بیانووی پاراستنی ئاساییشی وڵات بۆ ماوەی سێ مانگ بارودۆخی لەناکاوی ڕاگەیاند، توانی بەو شێوەیە توڕەیی و ناڕەزایی خۆپیشاندەران دامرکێنێتەوە و لە پۆست و دەسەڵاتەکەی بەردەوام بوو.

ژیانی تایبەتی

لە ساڵی ١٩٦٨ هاوسەرگیری لەگەڵ کچە مامێکی خۆی کردووە و بوونەتە خاوەنی سێ کوڕ و کچێک بە ناوەکانی "سەلمان"، "عەبدوڵڵا"، "خەلیفە" و "نەجلا"، لە ئێستادا خاوەنی چوار ژنە و حەوت کوڕ و پێنج کچی هەیە.


سەرچاوەکان



300 بینین