مێشوولەی تسیتسی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-15-23:16:00 - کۆدی بابەت: 9857
مێشوولەی تسیتسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێشی تسیتسی (بە ئینگلیزی: Tsetse fly، بە عەرەبی: ذبابة تسي تسي)، جۆرێکی مێشە کە لە کۆمەڵەی مێروو و بێ بڕبڕەکاندایە، یەکێکە لە ئەو مێشانەی کە گاز دەگرێت و لە ناوچە کەمەرەییەکانی کیشوەری ئەفریقا دەژی، هەروەها بوونەوەرێکی خێرایە و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا نزیکەی ٢٥ کیلۆمەتر ببڕێت، ئەم مێشە بکوژە و ساڵانە دەبێتە هۆکاری مردنی هەزاران کەس، کە لە ڕاستیدا مێشەکە خۆی هۆکاری مردنەکە نییە، بەڵکو لەکاتی خوێنمژیندا کۆمەڵێک مشەخۆر لە جەستەیدا دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤەکان، دواتر مشەخۆرەکان دەبنە هۆی نەخۆشی کوشندە.

بەگشتی وا باوترە کە تەنها مێینەی مێشەکان خوێنمژن بەڵام مێشی تسیتسی جیاوازە و هەردوو نێرینە و مێینەکەی خوێن دەمژن، ئەوەی کە ئەم مێشەی مەترسیدار کردووە شێوازی گەستنەکەیەتی، سەرەتا بەهۆی ددانەکانی گازدەگرێت و دواتر بە بڕبەنەکانی کونەکە گەورەتر دەکات، هەروەها شارەزاکان بۆیان دەرکەوتووە کە لە دەمیدا بۆرییەکی درێژی وەک لمۆزی هەیە و ماددەی دژەمەیینی لێدەردەدات، ئەم تایبەتمەندییەشیان لە هیچ جۆرە مێروویەکی تردا نەدۆزیوەتەوە.  

شێوەی دەرەوەی

تسیتسی مێشێکی قەبارە گەورەیە درێژییەکەی لە نێوان ٠.٦-١.٣ سانتیمەتر دەبێت، کە قەبارەیەکی هاوشێوەی قەبارەی مێشی ماڵە، ڕەنگی دەکرێت قاوەیی یان زەرد بێت، ناوچەی سنگی لە سێ پارچە پێکهاتووە و ڕەنگێکی ڕەساسی هەیە، هەروەها دەکرێت لە سکیدا گورزەیەکی کاڵ و کەم ببینرێت، جگە لە ئەمانەش دوو چاوی گەورەی هەیە و هەر یەکەیان دەکەونە لایەکی سەرییەوە، بەهۆیانەوە مەودای زیاتر لە ٥٠ مەتر دەبینێت، دوو باڵی گەورەی هەیە کە لەکاتی پشووداندا یەکێکیان بەتەواوەتی بەسەر جەستەیدا دادەخات و دووەمیشیان بەسەر باڵی یەکەمیدا دادەنێت، هەروەها ئەم مێشە دوو هەستەوەری هەیە لەسەر سەریدا کە بە موو داپۆشراوە.

خۆراک

ئەم بوونەوەرە جۆرێکی گۆشتخۆرە و خۆراکی سەرەکی خوێنە، واتە خوێنمژە و ڕۆژانە خوێن دەکات بە ژەمی خۆراکی، هەر جۆرێکی تسیتسی ئارەزووی مژینی خوێنی بوونەوەرێکی دیاریکراو دەکات، بەڵام لە نەبوونیدا بە ناچاری خوێنی بوونەوەری تر دەمژێت، تەنها یەک جۆریان نەبێت کە خوێنێکی پەسەند و دڵخوازی دیاریکراوی نییە و هەموو بونەوەرەکان گونجاون، هەروەها بەگشتی زۆرینەیان ئارەزووی خوێنی ئاژەڵە ماڵییەکان دەکەن نەک مرۆڤەکان.

لە دوای خوێنمژین سکی زۆر گەورە دەبێت کە بە چاو تێبینی دەکرێت، ئارەزوو دەکەن کە بە بەردەوامی لە سەرچاوەی خۆراکییانەوە نزیکبن و دواتر زۆرینەی کاتەکانیان بە پشوودانەوە بەسەرببەن، لە ڕابردوودا و بۆ ماوەیەکی زۆر باوەڕ وابووە کە ئەم مێشە تەنها خوێن دەخوات و هیچ سەرچاوەیەکی تری خۆراکی نییە، بەڵام بەگوێرەی لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەرکەوتووە کە دەکرێت ئاو و شەکراویش بخواتەوە لەکاتی نەبوونی خوێندا، ئەم دۆزینەوەش خاڵێکی گرنگە بۆ چۆنیەتی جڵەوکردنی زیانەکانی مێشی تسیتسی.  

یەکگرتن و زۆربوون

مێینەی مێشی تسیتسی بەدرێژایی ژیانی بە دووگیانی دەمێنێتەوە، بەجۆرێکە کە نێرینەکە تەنها یەکجار یەکگرتنی لەگەڵ ئەنجام دەدات، دواتر مێینەکە هێلکەکانی لە کیسێکی تایبەتدا هەڵدەگرێت و بەدوای یەکتریدا و بەجیا گەشەیان پێدەدات، بێچووەکان لە بەرگێکی ڕەق و پارێزەردا دادەنرێت لە خاکدا، پاشان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن.

لە دوای شەش ڕۆژ لە هەڵهاتنیان لە هێلکە، بێچووە نێرینە و مێینەکان دەتوانن یەکگرتن ئەنجامبدەن، واتە دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، مێینەکە بەدرێژایی ژیانی دووگیانە و هەموو نۆ ڕۆژ جارێک هێلکەیەک دەباتە کیسە تایبەتەکەی و خۆراکی دیاریکراوی پێدەدات دواتر ئەو هێلکە دادەنێت و سوڕەکە دووبارە دەبێتەوە، هەروەها سوڕی ژیانی مێشی تسیتسی چوار مانگ دەخایەنێت.

جۆرە سەرەکییەکان

نزیکەی ٢٧ جۆری جیاواز لە مێشی تسیتسی بوونی هەیە، کە دابەشکراون بۆ سێ کۆمەڵەی سەرەکی، کۆمەڵەکان لە ڕووی شێوەی دەرەوە و پێکهاتەی جەستە و نشینگەکانیانەوە جیاوازییان هەیە، کە بریتین لە ئەمانە:

  • مۆرسیتان: ئەم کۆمەڵەیە چوار جۆری مێشەکەی تێدایە و لە ناوچەکانی ساڤانای ئەفریقادا دەژین.
  • فوسکا: ئەم کۆمەڵەیەیان ١٢ جۆری تێدایە و نشینگەکەیان دەکەوێتە دارستانەکانەوە.
  • پالپالیس: یاخود پێی دەوترێت کۆمەڵەی ڕووباری کە حەوت جۆری تێدایە.

شێوازی ڕێگریکردن

لەبەر ئەوەی مێشی تسیتسی زیانبەخش و کوشندەیە باشترە کە خەڵکی بەدووربن لێیەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ڕێگەیەک هەیە بەڵام لەبەر ئەوەی نشینگەکەی وڵاتانی هەژارنشینن، ئەوا دەستخستنی سەختە و ڕێگاکانیش ئەمانەن:

  • ڕشتنی دەرمانی تایبەت بە مێشی تسیتسی، بەڵام دەرمانەکە نرخێکی بەرزی هەیە و لەناوچە پێویستەکانیشدا دەستناکەوێت.
  • دانانی تەڵە و داوی تایبەت بۆ گرتنی.
  • دانانی شاشەی تایبەت بۆ کوشتنیان کە بە دوو ڕەنگی شین و ڕەش داپۆشرابێت، مێشی تسیتسی بە سروشتی خۆی ڕەنگی شین ڕایدەکێشێت و دواتر بۆ پشوودان دەچێتە بەشە ڕەشەکەوە، کە بەشە ڕەشەکەی وەک لەزگەیەکە و مێشەکە دەگرێت.


سەرچاوەکان



504 بینین