هۆڕمۆنی ئیندۆرفین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-19-22:35:00 - کۆدی بابەت: 9912
هۆڕمۆنی ئیندۆرفین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆڕمۆنی ئیندۆرفین (بە ئینگلیزی: Endorphin hormone، بە عەرەبیهرمون الإندورفين) ئەو هۆڕمۆنانەی لەشن کە لە کاتی هەستکردن بە ئازار، فشار، هەروەها لە کاتی ئەنجامدانی ڕاهێنان، نانخواردن و سێکسکردندا دەردەدرێن. ئەم هۆڕمۆنانە یارمەتی کەمکردنەوەی ئازار و فشار دەدەن و دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەست بە باشی بکات. ئیندۆرفینەکان لە ژێرمێشکەڕژێن و ژێرلانکدا دروست دەبن، جۆرێکن لە دەمارەگوێزەرەوەکان زانیارییەکان لە نێوان دەمارەخانەکاندا دەگوازنەوە. وشەی ئیندۆرفین لە هەردوو وشەی (endogenous) بە واتای ناوەوەی جەستە و (morphine) کە ئازارشکێنە هاتووە، پێکەوە دەبنە (endorphin) واتای ئازارشکێنی سروشتی دەگەیەنێت، ئەم هۆڕمۆنانە مرۆڤ دەخەنە دۆخێکی ئەرێنی مێشکەوە و هەستی دڵخۆشی بە مرۆڤ دەبەخشن. زیاتر لە ٢٠ جۆری ئیندۆرفینەکان لە لەشی مرۆڤدا هەیە، بێتا-ئیندۆرفینەکان بەشداری لە کەمکردنەوەی فشار و ئازاردا دەکەن.

چۆنیەتی کارکردنی ئیندۆرفینەکان

کاتێک مرۆڤ هەست بە ئازار دەکات جەستە نیشانەی ئازار بۆ مێشک دەنێرێت، مێشک ئیندۆرفینەکان دەردەدات و ئیندۆرفینەکان وا دەکەن دەمارەخانەکان لە دەردانی نیشانەی ئازار کە دەبنە هۆی هەستکردن بە ئازار بوەستن ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازار.

سوودەکانی ئەم هۆڕمۆنە

  • کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی.
  • یارمەتیدان لە کاتی فشار و دڵەڕاوکێ: کاتێک ڕێژەی ئیندۆرفینەکان بەرز دەبنەوە هەستکردن بە فشار و دڵەڕاوکێ کەم دەکات.
  • زیادکردنی باوەڕبەخۆبوون: توێژینەوەکان دەریان خستووە ئیندۆرفینەکان دەتوانن ئاستی متمانە بەرز بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر بڕوابەخۆبوون.
  • کەمکردنەوەی کێش: دەبنە هۆی ڕێکخستنی ئارەزووی خواردن.
  • کەمکردنەوەی ئازاری منداڵبوون.
  • ڕێکخستنی توانای بەرگری مرۆڤ و کاردانەوە لە کاتی تووشبوون بە هەوکردنەکان.

هۆکارەکان

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی دەردانی ئەم هۆڕمۆنە:

  • یەکێک لە ئاسانترین ڕێگاکان بۆ دەردانی ئیندۆرفینەکان وەرزشکردنە. ڕاهێنانی زیاتر دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی ئیندۆرفینەکان لە لەش
  • مەلەکردن
  • سەماکردن
  • پیادەڕەوی
  • خواردنی بڕێکی کەم چۆکلێت
  • وێنەکێشان
  • گوێگرتن لەو گۆرانییانەی ئارەزوویان دەکەیت
  • کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێ
  • بەشداریکردن لە کاری خێرخوازی
  • ئەنجامدانی یۆگا

کەمیی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیندۆرفین

جەستەی هەندێک کەس بڕی پێویست لەم هۆڕمۆنە دروست ناکەن. نیشانەکانی کەم بەرهەم هێنانی هۆڕمۆنی ئیندۆرفین:

  • خەمۆکی
  • دڵەڕاوکێ
  • ئازاری جەستە
  • ئالوودەبوون
  • کێشەی خەو

ناتەواوی ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە دەتوانێت ئەم کێشانە دروست بکات:

  • ئازاری ماسولکەی ڕیشاڵی: حاڵەتێکە کە دەبێتە هۆی ئازاری درێژخایەن لە تەواوی جەستە.
  • هەندێک کات دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فشاردا بە مەبەست زیان بە خۆی بگەیەنێت.
  • ئالوودەبوون بە وەرزشکردن: هەندێک خەڵک ئالوودەی وەرزشکردن دەبن و ڕۆژانە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک وەرزش دەکەن.
  • سەرئێشەی درێژخایەن.
  • هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و فشار.

بەرزی ڕێژەی ئیندۆرفین

دەکرێت ئیندۆرفینەکان لە ڕێژەی ئاسایی خۆیان زیاتر بەرهەم بێن، بەڵام ئەم حاڵەتە دەگمەنە زیاتر لەو کەسانەدا باوە کە زۆر دەرمانی ئازارشکێن بەکاردەهێنن.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا کە ئاماژەن بۆ کەمی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیندۆرفین پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت:

  • خەمۆکی
  • ئازاری ماسولکەکان
  • ئالوودەبوون بە ڕاهێنان
  • لە کاتێکدا کەسەکە زیان بە جەستەی خۆی بگەیەنێت


سەرچاوەکان



659 بینین