مۆندیالی کوردستان

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-30-23:44:00 - کۆدی بابەت: 10086
مۆندیالی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مۆندیالی شارەکانی کوردستان (بە عەرەبی: بطولة كأس العالم لمدن كوردستان، Kurdistan Cities World Cup)، مۆندیالى شارەکانى کوردستان لە ١٦ـی تەممووزی ٢٠٢٢ بە بەشداریی ٣٢ هەڵبژاردە لە شاری سلێمانى تیروپشکى بۆ ئەنجامدرا و لە ٢٥ـی هەمان مانگ یەکەمین یاریی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەڵبژاردەى کەلار و قەڵادزێ ئەنجامدرا. براوەى پاڵەوانێتییەکەش مەدالیاى زێڕ و ١٠ هەزار دۆلار و براوەى دووەمیش پێنج هەزار دۆلار و براوەى سێیەمیش دوو هەزار و ٥٠٠ دۆلاریان پێدەدرێت. لەلایەن کەناڵى ئێن ئاڕ تى سپۆڕتى سەر بە دامەزراوەى میدیایی نالیا سپۆنسەرى دەکرێت.

تیروپشکی مۆندیالەکە

لە شارى سلێمانى بە بەشدارى ٣٢ هەڵبژاردەى شارەکانى کوردستان تیروپشکى مۆندیالى کوردستان بە ئامادەبوونى نوێنەرى هەڵبژاردە بەشداربووەکان و وەرزشکاران و ڕۆژنامەنووسان ڕاکێشرا. هەر ٣٢ هەڵبژاردە بەشداربووەکە بەسەر هەشت کۆمەڵەدا دابەشکران، کە هەر کۆمەڵەیەک چوار یانە لەخۆ دەگرێت و یەکەم یارى مۆندیالیش لە نێوان کەلار و قەڵادزێدا ئەنجام درا کە لە کۆمەڵەى یەکەمدا بوون. سەرجەم یارییەکانى مۆندیالى کوردستان لە کەناڵى ئێن ئاڕ تى سپۆرت و پەیجى ئێن ئاڕ تى سپۆرت گواسترانەوە و یارى کۆتاییش بە ١٢ کامێراى تایبەت و بە بوونى ڤار لە یاریگادا بەڕێوەدەچێت.

قۆناغی پێش کۆتایی

لە یارییەکانی قۆناغى پێش کۆتایى مۆندیالى شارەکانى کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەى هەڵەبجەی شەهید و سلێمانى، هەڵبژاردەی سەیدسادق و دەربەندیخان ڕووبەڕووى یەکبوونەوە. هەڵبژاردەی هەڵەبجە توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە هەڵبژاردەی سلێمانی بباتەوە و سەیدسادقیش بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ بەرانبەر لە هەڵبژاردەی دەربەندیخان بباتەوە. هەردوو هەڵبژاردەکە سەرکەوتنیان بۆ یارى کۆتایى مۆندیالى کوردستان بەدەستهێنا و بەمشێوەیە هەردوو یانەی هەڵەبجەی شەهید و سەیدسادق ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە.

قۆناغی کۆتایی

لە یاری کۆتایی مۆندیالی کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی سەیدسادق و هەڵەبجە لە یاریگای دوکان ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە. گێمی یەکەمی یاریەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە سوودی سەیدسادق کۆتاییهات، لە گێمی دووەم و لە خولەکەکانی دوو و سێی کاتی زیادکراودا یاریزانانی سەیدسادق  دوو گۆڵیان بۆ یانەکەیان تۆمارکرد و یاریەکەیان بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە سوودی هەڵبژاردەکەیان کۆتایی پێهێنا. بەم ئەنجامە، هەڵبژاردەی سەیدسادق بوە پاڵەوانی یەکەم و نازناوی مۆندیالی کوردستانیان بەدەستهێنا و هەڵبژاردەی هەڵەبجەش پلەی دووەمی بەدەستهێنا. هەروەها هەڵبژاردەی سلێمانیش بە بردنەوەی لە دەربەندیخان بووە خاوەنی پلەی سێیەم.


سەرچاوەکان



325 بینین