سەعید خانی کوردستانی

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-06-22:50:00 - کۆدی بابەت: 10171
سەعید خانی کوردستانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەعید خانی کوردستانی (بە ئینگلیزی: Saeed Khan Kordestani، بە عەرەبی و فارسی: سعید خان کردستاني) پزیشکێکی مەسیحیی کورد بووە، لە ساڵی ١٨٦٢ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.

ژیاننامە

سەعید خانی کوردستانی ناوی سەعیدی کوڕی مەلا ڕەسووڵە، لە سەرەتادا موسڵمان بووە و باوکی یەکێک بووە لە مەلا گەورەکانی سنە، هەر لە بەردەستی باوکیدا وانەی خوێندووە، هەر لە منداڵییەوە باوکی کۆچی دوایی دەکات، دواتر سەعید خان دەبێتە هاوڕێی قەشە جۆن و لەسەر دەستی ئەو بە نهێنی ئایینی خۆی دەگۆڕێت بۆ مەسیحی، ناویشی لە مەلا سەعیدەوە دەکات بە میرزا سەعید، هەر لەو کاتەدا هەواڵی مەسیحیبوونی سەعید خان لەناو خەڵکیدا بڵاودەبێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شاری سنە بەجێ بهێڵێت و بچێت بۆ هەمەدان، میرزا سەعید لە هەمەدان جلوبەرگی قەشەی مەسیحی دەپۆشێت و منداڵەکانی فێری ئایینی مەسیحی دەکرد، لە ساڵی ١٨٨٨ لە هەمەدان هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی مەسیحی دەکات بە ناوی ڕێبێکا، پاشان لە ساڵی ١٨٩٤ دەچێت بۆ پایتەختی سوید و دوای ماوەیەکیش سوید بەجێ دەهێڵێت و کۆچ دەکات بۆ ئینگلتەرا، کاتێک دکتۆر سەید خان سێ نووسراوی مێژوویی کە لە هەرێمی هەورامان دەدۆزێتەوە و لەگەڵ خۆی دەیانبات بۆ ئینگلتەرا، ئەم نووسراوانەش تا ئێستاش لە مۆزەخانەی بەریتانیا هەڵگیراون، یەکێک لە نووسراوەکان هۆنراوەی (هورمزگان)ە کە لەسەر پێستی ئاسک نووسراوە بە شێوەزاری گۆرانی کوردی نووسراوە، ئەمەش یەکەمین شیعری ناسراوی مێژووی ئەدەبی کوردییە و لە ساڵی ٣١ی کۆچیدا نووسراوە و زۆرێک لە مێژوونووسانی ئەدەبی کوردی ئەم شیعرە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی پیرشالیار کە یەکێکە لە قەشەکانی ئایینی زەردەشتی، هەروەها شیعرێکی مەسیحی بە ناوی (میزگانی) وەردەگێڕێتە سەر شێوەزاری هەورامی و بڵاوی دەکاتەوە، دواتر سەید خان لە ئینگلتەرا خوێندن لە بەشی پزیشکی گشتی تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ ئێران وەک پزیشکێک دەست بەکار دەبێت، سەعید خان لە ساڵی ١٩٣٩ لە شاری هەمەدان کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی مەسیحییەکان بەخاکسپێرراوە.

نموونەی شیعری:

هورمزگان ڕمان، ئاتران کوژان
وێشان شاردوەوە گەورەی گەورەکان
زۆر کار ئەرەب کرنە خاپور
گنای پالە ئی هەتا شارزور
ژن و کەنکیان وە دیل بەشینا
میرد ئازا تلی وە ڕوی هوێنا
ڕوشت زەردەشترە مانوە بی کەس
بەزەیکا نیکا هورمز وە هویچ کەس


سەرچاوەکان



284 بینین