نۆ نیشانەی کەمیی ڤیتامین B6

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-10-00:03:00 - کۆدی بابەت: 10191
نۆ نیشانەی کەمیی ڤیتامین B6

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

نۆ نیشانەی کەمیی ڤیتامین B6 (بە ئینگلیزی: Nine Signs and symptoms of vitamin B6 deficiency، بە عەرەبی: ٩ علامات تدل على نقص الفيتامين بی٦)، ئەم ڤیتامینە کە بە پایریدۆکسینیش (pyridoxine) ناسراوە، یەکێکە لە هەشت جۆرەکەی ڤیتامین B. لەگەڵ ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٢ـەوە دۆزراوەتەوە، بەڵام زاناکان بە بەردەوامی لە هەوڵی دۆزینەوەی زانیارین لەسەر ئەم جۆری ڤیتامینە. ئەم ڤیتامینە گرنگە بۆ گەورەبوون و گەشەکردنی مێشک، هەروەها بۆ هێشتنەوەی کۆئەندامی بەرگری و دەمار بە تەندروستی. ئەم ڤیتامینە لە خۆراکەوە وەردەگیرێت، کەمیی ئەم ڤیتامینە لە ئەنجامی کەمیی ڤیتامین Bـەکانی تری وەک ڤیتامین B12 ڕوودەدات. ئەو کەسانەی نەخۆشی جگەر، گورچیلە، کۆئەندامی هەرس و هەروەها نەخۆشییە خۆییەکانیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە کەمیی ڤیتامین B6 زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم حاڵەتە لەنێو کەسانی قەڵەو، جگەرەکێش، خانمانی دووگیان و ئەو کەسانەی ئالوودەی ماددە کحولییەکانن باوە. ڤیتامین B6 بەشداری زیاتر لە ١٥٠ کارلێکی ئەنزیم دەکات و لە پڕۆسەی پڕۆتین و کاربۆهیدرات و چەوریشدا گرنگە. ئەوەش دۆزراوەتەوە کە ئەم ڤیتامینە تایبەتمەندی دژەئۆکسێن و دژەهەوکردنی هەیە، ئەمەش واتای ئەوەیە ڕێگری لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە دەکات. 

نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B6 

سووربوونەوەی پێست (skin rash)

کەمیی ڤیتامین B6 یەکێکە لە هۆکارەکانی سووربوونەوە و خورانی پێست. سووربوونەوەکە دەکرێت لە ناوچەکانی پێستەسەر، ڕووخسار، مل و بەشی سەرەوەی سنگ دەربکەوێت، هەروەها دەشێت شوێنەکەی هەڵبئاوسێت و توێژاڵ هەڵبدات. هۆکاری ئەوەی کەمیی ڤیتامین B6 دەبێتە هۆی سووربوونەوەی پێست ئەوەیە کە ئەم ڤیتامینە یارمەتی دروستبوونی کۆلاجین دەدات، کۆلاجین پڕۆتینێکە بۆ هێشتنەوەی پێست بە تەندروستی گرنگە. لەم حاڵەتەدا ئەگەر سووربوونەوەکە بەهۆی کەمیی ئەم ڤیتامینەوە ڕوویدابێت ئەوا بە بەکارهێنان و وەرگرتنی ڤیتامین B6 چارەسەر دەبێت. 

قڵیشان و برینداربوونی لێو

برینداربوون، سووربوونەوە و هەڵئاوسانی لێو لەگەڵ قڵیشانی سووچی دەم دەکرێت بەهۆی کەمیی ڤیتامین B6 ڕووبدات. تەنانەت ئەگەری هەیە ناوچە قڵیشاوەکە خوێنی لێبێت و هەروەها میکرۆبەکان بەئاسانی بتوانن ناوچەکە تووش بکەن. بێجگە لەوەی لێوی کەسەکە دەقڵیشێت و بریندار دەبێت و ئازاری دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە سەختی دەتوانێت خواردن بخوات و قسە بکات. وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە لە ڕێگەی ئەو خۆراکانەی ڤیتامین B6 تێدایە یان لە ڕێگەی تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە نیشانەکان کەم دەکاتەوە و کەم کەم نامێنن. بێجگە لە ڤیتامین B6، ئەم نیشانانە بەهۆی چەند هۆکارێکی ترەوە ڕوودەدات، وەکوو کەمیی ڕایبۆفلاڤین (riboflavin) واتە ڤیتامین B2، ئاسن و فۆلەیت. هەروەها هۆکارەکانی تری وەک کەشوهەوایەکی وشک و پڕبا و خۆرکەوتوو دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە. 

برینداربوون و سافبوونی زمان 

ئەگەر کەمیی ڤیتامین B6 هەبێت، ئەوا دەکرێت زمانت هەڵبئاوسێت، برینداربێت، تووشی هەوکردن بێت یان سووربێتەوە، ئەم حاڵەتەش پێی دەوترێت هەوکردنی زمان (glossitis). سافبوونی زمان لە ئەنجامی نەمانی مەمیلەکانی سەر ڕووی زمان (papillae) ڕوودەدات. هەوکردنی زمان دەکرێت کێشە لە جوین و قووتدان و قسەکردنیشدا دروست بکات، لەگەڵ چارەسەرکردنی کەمیی ئەم ڤیتامینە هەوکردنی زمانیش نامێنێت و نیشانەکانیش لە کەسەکەدا کاڵ دەبنەوە و دواتر نامێنن. بێجگە لە ڤیتامین B6، کەمیی پێکهاتەی خۆراکی تری وەک ڤیتامین B12 دەکرێت بە هەمان شێوە ببێتە هۆی ڕوودانی ئەم حاڵەتە. 

گۆڕینی مەزاج

کەمیی ڤیتامین B6 کار دەکاتە سەر مەزاجی کەسەکە، لەوانەیە هەندێکجار هەست بە ئازار بکات و هەروەها دووچاری خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و زوو توڕەبوون ببێتەوە. ئەمە ڕوودەدات لەبەرئەوەی ڤیتامین B6 بەشداری لە دروستبوونی دەمارەگوێزەرەوەکانی وەک سیرۆتۆنین و ترشی گاما ئەمینۆبیوتیرک (gamma-aminobutyric acid) دەکات. هەروەها سیرۆتۆنین و (GABA) هەردووکیان یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی هەستکردن بە ئازار و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەدەن. نیوەی ئەو کەسانەی نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە، بە وەرگرتنی ڤیتامین B6 لە ڕێگەی تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە لە ئەنجامدا هەبوونی کێشە لە هەڵسوکەوتیاندا کەم دەبێتەوە، ئەمەش بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە کە ئەم ڤیتامینە یارمەتی بەرهەمهێنانی دەمارەگوێزەرەوەکان دەدات. هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ڕۆژانە وەرگرتنی ٥٠ بۆ ٨٠ گرام لە تەواوکەری خۆراکی ڤیتامین B6 یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی کۆنیشانەی پێش سوڕی مانگانە (premenstrual syndrome) دەدات، وەکوو زوو هەڵچوون و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم ڤیتامینە یارمەتی دروستکردنی سیرۆتۆنین دەدات.

لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری 

باش کارکردنی کۆئەندامی بەرگری کلیلی ڕێگریکردنە لە تووشبوونە میکرۆبییەکان و هەوکردن و جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە. کەمیی پێکهاتە خۆراکییەکانی وەک ڤیتامین B6 دەکرێت کۆئەندامی بەرگری تێکبدات. کەمیی ئەم ڤیتامینە بەرهەمهێنانی دژەتەنەکان کەم دەکاتەوە، کە بۆ لەناوبردنی تووشبوونە میکرۆبییەکان گرنگن. هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن، بە خانەکانی Tـیشەوە، ئەم خانانە بۆ ڕێکخستنی کۆئەندامی بەرگری گرنگن. 

ماندووێتی و نەبوونی وزە

دەکرێت لە ئەنجامی کەمیی ڤیتامین B6 کەسەکە هەست بە ماندووێتی بکات. هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم ڤیتامینە یارمەتی دروستبوونی هیمۆگڵۆبین دەدات، کە پڕۆتینێکی ناو خڕۆکە سوورەکانە و یارمەتی گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ خانەکانی لەش دەدات. ئەگەر بەهۆی کەمبوونەوەی هیمۆگڵۆبین خانەکانی لەش نەتوانن بڕی پێویست لە ئۆکسجین وەربگرن، لە ئەنجامدا کەسەکە دووچاری کەمخوێنی دەبێتەوە و هەست بە ماندووێتی و بێهێزی دەکات. 

مێروولەکردن و ئازاری دەست و پێیەکان 

دەکرێت کەمیی ڤیتامین B6 ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە دەمارەکان. نیشانەکانی وەک سووتانەوە و مێروولەکردن و ئازاری قۆڵ، قاچ، دەست و پێیەکان دەگرێتەوە. هەروەها زیانگەیاندن بە دەمارەکان دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە کێشەی هاوسەنگکردن و بەپێ ڕۆیشتن. زیانگەیاندنی دەمارەکان بەهۆی کەمیی ڤیتامین B6 لە ڕێگەی وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە چارەسەر دەکرێت. بە پێچەوانەوە زیانگەیاندن بە دەمارەکان بەهۆی تووشبوون بە ژەهراویبوونی ڤیتامین B6 چارەسەرکردنی سەختترە. 

گەشکە 

گەشکە بە هۆکاری جیاواز ڕوودەدات. یەکێک لەو هۆکارانەش بریتییە لە کەمیی ڤیتامین B6. ئەگەر لەش بڕی پێویستی لەم ڤیتامینە پێ نەگات، لە ئەنجامدا ژمارەی دەمارەگوێزەرەوەکانی (GABA) کەم دەبێتەوە و مێشک یەکجار زۆر چالاک دەبێت. نیشانەکانی گەشکە بریتییە لە گرژبوونی ماسولکەکان و سووڕانەوەی چاو. هەندێکجار کەسەکە جووڵەی لەناکاو و کۆنتڕۆڵ نەکراو دەکات، یان بێئاگا دەبێت واتە هۆشیاری خۆی لەدەست دەدات. تەنانەت کەمیی ڤیتامین B6 دەبێتە هۆی ڕوودانی گەشکە لە منداڵی تازەلەدایکبوودا، یەکەم حاڵەت لە ساڵی ١٩٥٠ تۆمارکراوە، کاتێک منداڵێکی تازەلەدایکبوو شیری وشکی پێدراوە بەبێ ئەوەی بڕی پێویستی لە ڤیتامین B6 تێدابێت. چارەسەرکردنی کەمیی ئەم ڤیتامینە، دەبیتە هۆی نەمانی گەشکەکە ئەگەر لە ئەنجامی کەمی ڤیتامین B6 ڕوویدابێت. 

بەرزی ڕێژەی هۆمۆسستین (homocysteine)

هۆمۆسستین بەرهەمێکی لاوەکییە لە کاتی هەرسکردنی پرۆتیندا دروست دەکرێت. کەمیی ڤیتامین B6، هەروەها فۆلەیت و ڤیتامین B12 بە شێوەیەکی نائاسایی دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هۆمۆسستین لە خوێندا. لەبەرئەوەی ئەم ڤیتامینانە لە پڕۆسەی ئەم پێکهاتەیەدا گرنگن. بەرزبوونەوەی ڕێژەی هۆمۆسستین دەبێتە هۆی دروستبوونی چەند کێشەیەکی تەندروستی بەتایبەتی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە و هەروەها نەخۆشی ئەلزەهایمەر. کاتێک ڕێژەی هۆمۆسستین بەرز دەبێتەوە، دەمارەکان و بۆریەکانی خوێن زیانیان پێ دەگات. خۆشحاڵانە لە ڕێگەی پشکنینی خوێنەوە دەکرێت ئاستی هۆمۆسستین لە خوێندا بزانرێت و حاڵەتەکە دەستنیشان بکرێت.


سەرچاوەکان



492 بینین