کلۆد مۆنێت

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-09-10-23:45:00 - کۆدی بابەت: 10203
کلۆد مۆنێت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کلۆد مۆنێت یان ئۆسکار کلۆد مۆنێت (بە ئینگلیزی: Claude Monet یان Osclar-Claude Monet، بە عەرەبی: كلود مونيه) وێنەکێشێکی فەڕەنسییە و بە دامەزرێنەری وێنەکێشانی ئیمپرێشنیزم دادەنرێت، یەکەم کەسە ئەم شێوازە وێنەکێشانەی بەکارهێناوە، زیاتر لێکۆڵینەوەی لە ڕووناکی و ڕەنگ کردووە بەتایبەتی لە کاتی وێنەکێشانی سروشتدا. بەدرێژایی ماوەی کارکردنی زۆرترین بەرهەمی لە شێوازی ئیمپرێشنیزمدا   هەبووە  لە ١٤ـی تشرینی دووەمی ١٨٤٠ لە پاریس لەدایکبووە، لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ١٩٢٦ لە گەڤەرنی کۆچی دوایی کردووە. بە بەشدارییەکی بەرچاوی لە بزووتنەوەی هونەریدا ناسراوە.

زانیاری گشتی

واژۆ
ناو ئۆسکار-کلۆد مۆنێت
لەدایکبوون

١٤ی تشرینی دووەمی ١٨٤٠
پاریس، فرانک
خوێندن  ئاکادیمی سویس
پیشە وێنەکێش
ناسناو مۆنێت
خزمەتی سەربازی ساڵانی خزمەتکردن: ١٨٦١ـ١٨٦٢
شوێنی ناشتن  گۆڕستانی کڵێسای دەینری
مردن
٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٦ (تەمەنی ٨٦ ساڵ)
دەینری، فەڕەنسا

سەرەتای ژیانی

کڵۆد مۆنێت کوڕی دووەمی کڵۆد ئەدۆڵف مۆنێت و لویس جەستن ئاوبری مۆنێت بوو. سەرەتای ژیانی لە شاری هاڤری بەسەربردووە، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی لەم شارە ڕۆیشتوون. باوکی کاری بازرگانی کردووە ئارەزووی کردووە کڵۆدیش هەمان کار بکات، بەڵام کلۆد مۆنێت ئارەزووی کردووە ببێت بە هونەرمەند دایکیشی کە گۆرانیبێژ بووە پاڵپشتی ئارەزووی کلۆد مۆنێتی کردووە تاکوو ببێتە وێنەکێش. بە بەردەوامی هەوڵی داوە پەرە بە تواناکانی بدات، لە ساڵی ١٨٥١ بۆ کاری هونەری چووەتە قوتابخانەی ناوەندی لێ هاڤرە سەرەتا بە کاریکاتێر دەستی پێکردووە دواتر لەلایەن باوکییەوە پاڵپشتی کراوە تاکوو پەرە بە هونەری وێنەکێشان بدات. لە ساڵی ١٨٥٧ دایکی کۆچی دوایی کردووە و لەگەڵ باوکی و پووری ژیاوە، دواتر پووری لە کاری هونەریدا یارمەتیدەر و پاڵپشتێکی  زۆری بووە.

ساڵی ١٨٥٩ لە پاریس لە ئەکادیمیای سویس خوێندوویەتی، بەڵام بەهۆی خزمەتی سەربازی لە ساڵی ١٨٦١ لە خوێندن بەردەوام نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە تاقیکردنەوەی شێوە هونەرییە جیاوازەکان بەردەوام بووە. لە ساڵی ١٨٦٢ بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی هەوکردنی سییەکان بۆ پاریس دەگەڕێتەوە.

لەدوای ساڵی ١٩١١ مۆنێت تووشی نەخۆشیی لێڵبوونی چاو دەبێت، لە ساڵی ١٩١٣ بە مەبەستی سەردانی کردنی پزیشکی چاو ڕیچارد لیبریچ بۆ لەندەن گەشت دەکات. پزیشک پێشنیازی نەشتەرکاری بۆ کردووە، بەڵام کلۆد مۆنێت ڕەتی دەکاتەوە نەشتەرکاری بۆ ئەنجام بدرێت لە جیاتی ئەوە چاویلکە لە چاو دەکات. لە ساڵانی دواتردا توانای تێگەیشتنی بۆ ڕەنگەکان کەمتر دەبێتەوە و وێنەکانی تاریکتر دەبوون بۆ ناسینەوەی ڕەنگەکان لەسەر تیوبی وێنەکێشانەکانی ڕەنگەکانی دەنووسی. دووبارە پێشنیازی ئەنجامدانی نەشتەرکاری بۆ کرا بەڵام بەهۆی نەشتەرکارییەکەی دەبوایە لە وێنەکشان دووربکەوتایەتەوە لە ساڵی ١٩٢٣ نەشتەرکاری چاوی ئەنجامداوە. نەشتەرکارییەکەی بەباشی تێپەڕی و توانی ڕەنگەکان بەباشی ببینێت. کلۆد مۆنێت ئەو تابلۆ زەیتیانەی پێش ئەنجامدانی نەشتەرکارییەکەی کێشابوونی لەناوی بردن.

ژیانی تایبەتی

کامیل مۆدێلی تابلۆ بەناوبانگەکەی (ژن لە باخچەدا) و چەندین تابلۆی تری کڵۆد بووە، لە ساڵی ١٨٧٠ کلۆد و کامیل هاوسەرگیرییان کرد دوو منداڵیان بە ناوەکانی جین و میشێل هەبوو. دوای هاوسەرگیریش کامیل مۆدێلی چەندین تابلۆی تری کلۆد مۆنێت بووه، لە ساڵی ١٨٧٦ کامیل تووشی نەخۆشیی سیل دەبێت و دوو ساڵ دواتر دووەم کوڕیان لەدایک دەبێت، ئەمەش باری تەندروستی کامیل خراپتر دەکات. لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا کامیل کۆچی دوایی دەکات و بەهۆی مردنی کامیل بۆ چەندین مانگ کلۆد مۆنێت تووشی خەمۆکی دەبێت بەهۆی ئەوەی چەند جارێک دەچێتە حاڵەتی خەمۆکییەوە ٥٠٠ تابلۆی خۆی بە سووتاندن و فڕێدانیان لەناو برد.

کۆچی دوایی

لە پێنجی کانوونی یەکەمی ١٩٢٦ لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان کۆچی دوایی کردووە لە گۆڕستانی کڵێسای دەینری بە خاک سپێردراوە، مۆنێت سوور بوو لەسەر ئەوەی مەراسیمی بە خاک سپاردنەکەی مەڕاسیمێکی سادە بێت هەر لەبەر ئەوە نزیکی ٥٠ کەس لە مەڕاسیمەکەیدا ئامادە بوون. ماڵەکەی کلۆت مۆنێت لەدوای مردنی بووە یەکێک لە دوو شوێنە سەرەکییەکەی گەڤەرنی کە میوانداری گەشتیارانی سەرتاسەری جیهان دەکات.


سەرچاوەکان



251 بینین