گۆڤار ئەنوەر

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-16-21:23:00 - کۆدی بابەت: 10275
گۆڤار ئەنوەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆڤار ئەنوەر ڕەسوڵ ناسراوە بە شێرۆ (بە ئینگلیزی: Govar Anwar) ڕۆڵگێڕ و شانۆکارێکی کۆمیدیی کورد بوو، لە ساڵی ١٩٧٨ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەدایکبووە، لە ٢٠ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی کەسنەزان بە خاک سپێردراوە.

زانیاری گشتی

گۆڤار ئەنوەر
لەدایکبوون ١٩٧٨ هەولێر
مەرگ ٢٠ی ئابی ٢٠٢٢ (٤٣–٤٤ ساڵ ژیاوە)
ھەولێر
ھۆکاری مەرگ نەخۆشی
شوێنی گۆڕ گۆڕستانی کەسنەزان
ناوەکانی تر شێرۆ
پیشە ڕۆڵگێڕ، کۆمیدیاکار
چالاکبوون ١٩٩٣–٢٠٢٢
ھاوسەر حەنان
منداڵەکان دوو کچ و کوڕێک بە ناوەکانی بارڤین، دووڤیان و وارڤین‌

ژیانی تایبەتی

گۆڤار ئەنوەر لە ساڵی ١٩٧٨ لە گەڕەکی کورانی سەر بە شاری هەولێر لەدایکبووە. فەرمانبەر بوو لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی بەڕێوەبەرایەتیی ھونەری شانۆ. لە ساڵی ٢٠٠٧ لەگەڵ حەنان ھاوسەرگیریی کردووە، خاوەنی دوو کچ و کوڕێکن بە ناوەکانی بارڤین، دووڤیان و وارڤین‌.

ژیانی هونەری

لە ١٩٩٣ لە قوتابخانەی خەلەکان بە شانۆگەریی دکتۆر نەخۆشم کە لە نووسین و دەرھێنانی خۆی بوو ڕۆڵیشی تێدا بینیوە، دەستی بە کاری ھونەری کردووە. پاشان ھەر لە ئامادەکردن و دەرھێنانی خۆی، شانۆگەریی جەوھەر سەلیم سەرمایەداری نمایش کردووە و ڕۆڵیشی تێدا بینیوە. بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی ١٩٩٧ بەشداریی کورتەفیلمێکی کردووە بە ناوی منم دکتۆر. گۆڤار ئەنوەر بەشداریی لە ٥ فیلمی سکرین، ٢ کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ، ١٧ شانۆ و ١٩ درامادا کردووە، یەکێک بوو لە ڕۆڵگێڕە دیارەکانی بەرنامەی بەزمی بەزم، کە بە شێوەی شانۆگەری لە شاری ھەولێر پێشکەش دەکرا. لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ ئەیام ئەکرەم، لە ڕادیۆی ڕووداو بەرنامەیەکی کۆمێدیا و تەنزئامێزیان بە ناوی (١٩ پێکەنین)ـەوە پێشکەش کرد کە کاتی بڵاوبوونەوەی یەکەم شەپۆلی سەختی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. گۆڤار ئەنوەر تاوەکوو دوا ساتەکانی ژیانی لە نواندن لە بواری ھونەری کۆمیدیا بەردەوام بوو.

کۆچی دوایی

زۆریی کێش بووبووە کێشەیەکی سەرەکی بۆ تەندروستیی گۆڤار و بەو ھۆیەوە تووشی چەند نەخۆشییەک بوو، ھەر ئەمەش بووە ھۆی تێکچوونی باری تەندروستیی. پێشتر گۆڤار لەبارەی نەخۆشییەکانییەوە ڕایگەیاندبوو کە "تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، لەوانە دڵ، کۆبوونەوەی ئاو لەناو سکم، بوورانەوە و ئاوسانی جەستە". سەرەنجام شەوی شەممە ٢٠ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژاوای شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد. شەوی یەکشەممە ٢١ـی ئابی ٢٠٢٢ لە گۆڕستانی کەسنەزان لە ھەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی و ھونەری ھەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و ھونەرمەندان و ھاوڕێیان و کەسوکاری، تەرمەکەی بە خاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



465 بینین