نایەکسانیی ئابووری

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-16-22:26:00 - کۆدی بابەت: 10279
نایەکسانیی ئابووری

ناوه‌ڕۆك

نایەکسانیی ئابووری چییە؟

نایەکسانیی ئابووری (بە ئینگلیزی: Economic Inequality، بە عەرەبی: عدم المساواة الاقتصادية) ئاماژە بە نایەکسانی تاکەکان لە لایەنێکدا دەدات، نایەکسانیی ئابووری جۆری زۆرە، دیارترینیان داهات و سامانی تاکەکانە، دەکرێت ئەو جیاوازییە زۆر بێت، هەروەها نایەکسانی نێوان وڵات و گەلانیش دەگرێتەوە.

دەربارەی نایەکسانیی ئابووری

هەندێک باوەڕیان بە مێریتۆکراسی هەیە کە لەو باوەڕەدان مرۆڤەکان لە ڕێگەی کاری قورسەوە پێگە و داهاتەکانیان زیاد دەکات و پێشدەکەون، نەک ئیمتیازات، بەڵام نایەکسانیی ئابووری دەکرێت دەرفەتەکانی جوڵان بەرەو پێگە و داهاتی بەرزتر سنووردار بکات.

فۆربێس لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٢٧٥٥ ملیاردێری لە جیهاندا تۆمارکردووە، هاوکات بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢١ مەزەندەی زیاتر لە ٧١١ ملیۆن کەسی کردووە کە بە کەمتر لە ١,٩٠ دۆلار لە ڕۆژێکدا دەژین، ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە بە بەراورد بە ساڵی ١٩٩٠ کە زیاتر لە ١,٩ ملیار کەس لە جیهاندا لە هەژارییەکی زۆردا دەژیان و جیهان تەنها ٢٦٩ ملیاردێری تێدابوو. لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا سامانی جیهان زیادی کردووە و بە گشتی ئاستی جیهان باشتربووە، هەروەها هەندێک کەسی تر بە شێوەیەک سەیری ئەم تۆمارانە دەکەن کە بێ بەهانەیە هەژارییەکی زۆر هەبێت لە کاتێکدا ملیاردێرەکانی جیهان کۆی گشتی ١٣,٣ ترلیۆن دۆلاریان هەیە.

هەروەها نایەکسانی وەک ئەوەی دەبینرێت کە بێ ماڵ و حاڵەکان لە چادردا دەژین دوور لە خانووە گرانبەهاکانی دەوڵەمەندەکان، ئەمەش پرسیار لە بارەی نایەکسانیی ئابووری دروستدەکەن، ئەم نایەکسانییە چییە؟ چۆن و بۆچی ڕوودەدات؟ ئایا ڕێکخستنی سروشتی شتەکانە یان سیستمەکە ساختەکاری تێدا کراوە؟ ئایا پێویستە هەوڵ بدرێت بارودۆخ یەکسان بکرێتەوە؟ بۆ نموونە زیادکردنی باج لەسەر داهات بەرزەکان، وەک چۆن سوید کردوویەتی؟ ئایا ئەم ڕێگەیە نایەکسانییەکە خراپتر دەکات؟، وەڵام لە بەردەستدا نییە، هۆکارەکانی نایەکسانیی ئابووری فرەجۆرن، کۆمەڵگە نەگەشتووەتە کۆدەنگی لەسەر ئەوەی چی لەو بارەیەوە بکرێت، کۆسپ و هۆکارە سیاسییەکان دۆخەکە بەم جۆرە دەهێڵێتەوە، ئەوەی دەکرێت جێبەجێ بکرێت هەندێک هەلومەرج و تێڕوانینە لەسەر دۆخی نایەکسانیی ئابووری لە وڵاتدا.

ڤایرۆسی کۆرۆنا تیشکی خستە سەر نایەکسانیی ئابووری، گرووپە پەراوێزخراوە هەژارەکان زیاتر تووشی ڤایرۆسەکە دەبوون و دەمردن و توانای کڕینی بیمەی تەندروستییان نەبووە، کرێکارانی کارە پێویستەکان کە داهاتێکی کەمیش وەردەگرن مەترسی زیاتریان لەسەرە وەکوو پەرستاران، دوکانداران و پۆلیسەکان.

تێگەیشتن لە نایەکسانیی ئابووری

خەڵکی خاوەنی چی سەروەت و سامانێکن بۆ ئەوەی لە کاتە سەختەکانیاندا بەکاریبهێنن و یارمەتییان بدات لەوەی وەبەرهێنان لە دەرفەتی نوێدا بکەن؟ ئەم نایەکسانی و جیاوازییە لەبەر چەند هۆکارێک گرنگن، لەوانە ئەگەر سەرەتا سەرنج بخەینە سەر لایەنی دەروونی نایەکسانیی ئابووری، مرۆڤەکان خۆیان بە کەسانی تر بەراورد دەکەن، کە ئایا تا چەند لە سامانەکانمان ڕازین و ئەگەر چەند بێت بە تەواوی ڕازی دەبن؟ ئەمەش بەندە بەوەوە کە دەتوانین بە داهاتەکانمان چی بکڕین و چی بەدەستبهێنین و چەندە ئاسوودەمان دەکات. ڕەزامەندیش بەشێکی پەیوەستە بەوەوە کە خۆمان بەراورد دەکەین بە کەسانی تر، کەسێک بە تەواوی دڵخۆشە کاتێک دەزانێت داهاتی مانگانەکەی ٥٠٠ دۆلارە، بەڵام ڕەنگە ئەو دڵخۆشییە تا ئەو کاتە بمێنێتەوە کە دەزانێت هاوکارەکەی داهاتەکەی ٩٠٠ دۆلارە، نایەکسانی دەبێتە هۆی هەستکردن بە نادادپەروەری. لە هەندێک باردا نایەکسانیی ئابووری بەهۆی خۆ بەراوردکردن بە کەسانی تر دروستدەبێت و پەیوەندی بە لایەنی دەروونییەوە هەیە.

سێ جۆری سەرەکی نایەکسانیی ئابووری

  • نایەکسانیی داهات: جیاوازییەکی بەرچاو لە دابەشکردنی داهاتە، لەنێوان تاکەکان، گرووپەکان، دانیشتووان، چینە کۆمەڵایەتییەکان یان وڵاتان، نایەکسانیی داهات لایەنێکی سەرەکی چینبەندی و چینایەتی کۆمەڵایەتییە، کاریگەری لەسەر زۆر جۆری تری نایەکسانی هەیە وەکوو نایەکسانیی سامان و نایەکسانیی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی. داهات هۆکارێکی سەرەکی ئاستی ژیانکردنە، کاریگەری لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی تاک و خێزان هەیە.
  • نایەکسانیی کرێ: کرێی کەسێک جیاوازە لە داهاتەکەی، کرێ تەنها ئاماژەیە بەو بڕە پارەیەی مانگانە یان هەفتانە لەسەر بنەمای کاتی کارکردن لە بەرانبەر کارێکدا بە کەسێک دەدرێت.
  • نایەکسانیی سامان: ئاماژەیە بە کۆی سەروەت و سامانی تاک یان ماڵێک، لەوانەیە ئەمە سەروەت و سامانی دارایی بگرێتەوە، وەکوو گرێبەست و پشک، موڵک و ماڵی خانەنشینی، بۆیە نایەکسانیی سامان ئاماژەیە بە دابەشکردنی نایەکسانی سەروەت و سامان بەسەر تاکەکاندا.

پێوەرەکانی نایەکسانیی ئابووری

نایەکسانیی ئابووری بە چەندین پێوەری جیاجیا دەپێورێت، دوو پێوەری سەرەکی هەن کە بریتین لە:

ڕێژەی جینی: نایەکسانی لە سەرانسەری کۆمەڵگادا دەپێوێت، بۆ نموونە جینی بەریتانیا ٠,٣٥ـە، ئەگەر هەموو داهاتەکە بچێتە دەست یەک کەس جینی یەکسان دەبێت بە ١، واتا لەوپەڕی نایەکسانیدایە، ئەگەر جینی یەکسان بێت بە سفر واتا کۆمەڵگا یەکسانە، زۆربەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، ڕێژەکەیان لە ٠,٣٢ بۆ ٠,٢٤ـە، بەریتانیا کۆمەڵگایەکی تا ڕاددەیەک نایەکسانە، ئەمریکا نایەکسانترە بە ڕێژەی ٠,٣٨، دانیمارک کە وڵاتێکی یەکسانترە ڕێژەی ٠,٢٥ـی بەدەستهێناوە.

پێوەری ڕێژەیی: بەراوردی دابەشکردنی داهات لەنێوان ئاستە جیاجیاکاندا دەکات، لە نموونە باوەکاندا وەکوو ڕێژەی ١٠/٥٠ باس لە نایەکسانی نێوان چینی ناوەند و چینی نزم دەکات، هەروەها ١٠/٩٠ باس لە نایەکسانی نێوان چینە باڵاکان و چینە نزمەکان دەکات.


سەرچاوەکان

112 بینین