جۆرەکانی باوەش و واتاکانیان

له‌لایه‌ن: - سۆز عەتا سۆز عەتا - به‌روار: 2022-09-24-21:41:00 - کۆدی بابەت: 10358
جۆرەکانی باوەش و واتاکانیان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باوەش (بە ئینگلیزی: Hug یان Cuddle یان Embrace و بە عەرەبی: حضن)، ڕێگەیەکە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی مرۆڤەکان کە لە نێوان دوو کەس یان زیاتر بەکاردێت و دەست دەکەنە مل، پشت، کەمەر و شانی یەکتری و نزیکی یەکتر دەبنەوە و ئاڵووگۆڕی هەستەکان و تامەزرۆییان دەکەن. باوەشکردن ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە دروستکردنی متمانە و نزیکبوونەوەی دوو مرۆڤ لە ڕووی ڕۆحی و جەستەییەوە، هەروەها بناغەی هەبوونی پەیوەندییەکی نزیک و پڕ تامەزرۆییە، هاوکات ئامڕازێکی یەکلاییکەرەوەیە کە تێیدا زمانی جەستە بەکاردێت بۆ دەربڕینی هەست و پەرۆشی ناخ. لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئاستی خۆشەویستی لە پەیوەندییەکدا و زیندوو کردنەوەی هەستی ئاسوودەیی پێویستە باوەشکردن لەبیر نەکرێت و ئەنجام بدرێت.

جۆرەکانی باوەش و واتاکانیان

باوەشکردن چەندین جۆری تایبەت و جیاوازی هەیە، کە هەر یەکێکیان واتایەکی جیاواز لەخۆدەگرن. لێرەدا چەند جۆرێکی باو و تایبەتیان باسکراون و بریتین لە:

باوەشی توندی پڕ بە دڵ یان یەکتر گوشین

لەم جۆرە باوەشەدا توند قۆڵەکانتان لە دەوری شان و ملی یەکتر دەپێچنەوە و یەکتری ڕادەکێشن، بە جۆرێک خۆتان دەگوشن بە یەکترییەوە وەک ئەوەی هەرگیز نەتانەوێت یەکتر جێبهێڵن. ئەم جۆرە باوەشە ئاماژەیەکی نایابە بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی تەندروست و نیشانەی متمانەیەکی پاک و پەرۆشبوونی یەکتر و پارێزگاریکردن لە هاوبەشی ژیانتە. هاوکات ئەم باوەشە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی هەستکردن بە فشار و دڵەڕاوکێ.

باوەشی توند لە دواوە

ئەم جۆرەی باوەشکردن لەناکاوە و لە دواوەدا بە توندی لەلایەن هاوژینەکەتەوە لەباوەش دەگیرێیت کە بە واتای ئەوە دێت دەتپارێزێت لە هەموو شتێک و پارێزەرت دەبێت لە ژیانتدا و ناهێڵن هیچ شتێکی خراپت بەسەربێت. هاوکات ئەم جۆرە باوەشە زۆرجار لەناکاو دەبێت بۆ نموونە وەک ئەو کاتەی خەریکی ئامادەکردنی ژەمێکی نان خواردنیت و هاوژینەکەت لەپڕ لە دواوە لە باوەشت دەگرێت و ئەم باوەشە بەواتای هەبوونی هاوسۆزی و خۆشەویستییەکی زۆر دێت، هەڕەمەکییانە و لەپڕ ڕوودەدات و یەکسەر هەستی باشبوون لە سەرانسەری جەستە و دەرووندا دەورووژێنێت، چونکە پێناسەی ئامادەبوونی خۆشەویستیت دەکات لە هەموو بارودۆخێکدا.

باوەشکردنی کەمەر

ئەم جۆرە باوەشە بریتییە لە نزیکبوونەوە و لە دەوردانانی دەست لە کەمەری هاوژینەکەت، کە بەهۆی ئەم باوەشەوە دەتوانی خۆشەویستی و سۆزت دەربخەیت. هاوکات کاتێک دەتەوێت بەهاوژینەکەت بڵێیت خۆشتدەوێت و زۆر سەرنجڕاکێش دەرکەوتووە ئەوا باوەشکردنی کەمەر کارێکی تەواو بێ کەموکوڕییە. 

باوەشکردنی ڕووبەڕوو و بە نیگاوە

لەم جۆرە باوەشەدا لەگەڵ هاوژینەکەت لە یەکتری نزیک دەبنەوە و دەست لە پشتی یەکتر دەخشێنن و چاوەکانتان لە چاوەکانی یەکتری نوقم دەکەن و نیگای گەرم و پڕ خۆشەویستی بە یەکدی دەبەخشن. ئەم جۆرە باوەشە بە واتای هەبوونی خۆشەویستی و متمانە بە خۆت هاوژینەکەت دێت، چونکە نوقمبوون لە نێو نیگای یەکدیدا بە واتای بەزاندنی هەموو بەربەستەکان و کردنەوەی دەرگای ڕۆح دێت.

باوەشی درێژخایەن

ئەم جۆرەی باوەش باشترین جۆریانە بۆ کاتێک کە هەست دەکەیت کات بوونی نەماوە و پێویستە لەوکاتەدا هاوژینەکەت جێبهێڵیت یان ئەو بڕوات، چونکە لەم جۆرە باوەشکردنەدا درێژخایەنییەک دروست دەکەیت کە بە واتای ئەوە دێت هەرگیز ناتەوێت هاوژینەکەت بەجێبهێڵیت و هاوسۆزی و خۆشەویستی و چێژێکی درێژخایەن لە باوەشیدا دروست دەکەیت کە ئاستی پەیوەندییەکەتان بەرەو بەرزتر دەبات. لەم باوەشەدا بۆ ئەوەی هەستی ئاسوودەیی و دڵنەوایی بە هاوژینەکەت ببەخشیت دەتوانیت دەست بە پشتیدا بهێنیت.

باوەشی هاوڕێیانە

ئەم جۆرەیان باوەشێکە کە بۆ هاوڕێ و خێزان دەبێت کە باوەشێکی خێرایە و هەندێک جاریش درێژخایەنە، جارجاریش کورتخایەن و پێکەنینی لەگەڵدایە و هەستی هاوڕێیانەی تێدایە نەک خۆشەویستی و هەستێکی ڕۆمانسی. 

باوەشی لایەکان

باوەشی لایەکان یەکێکە لەو باوەشانەی کە تەواو گونجاوە لە شوێنە گشتییەکاندا بکرێت کە ئەویش دەست خستنە لایەکی کەمەر یان قۆڵی هاوژینەکەتە. بۆ نموونە لە ئاهەنگێکدا کاتێک لەگەڵ هاوژینەکەتدا لە دەوروبەری خێزان و هاوڕێکانتدایت ئەوا هاوژینەکەت دەتوانێت لە یەکلاتەوە باوەشت پێدابکات، هاوکات ئەم باوەشە بە واتای ئەوە دێت کە دەمەوێت لە نزیکتەوە بم و ناترسم لەوەی نیشانی بدەم پێکەوەین و عاشقی یەکترین.

باوەشی بەڕێزانە

ئەم باوەشە خێرا و کورتە، بەگشتی لە شوێنە فەرمییەکانی وەک کۆبوونەوە و ئاهەنگە تایبەتەکاندا و لە نێوان خزم و هاوکارە دوورەکاندا دەکرێت، هاوکات کاتێک بتەوێت پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی دروست بکەیت دەتوانیت باوەشێکی بەڕێزانە بکەیت بە مەرجێک کەسی بەرانبەر بەلایەوە ئاسایی بێت نەک ببێتە هۆی بێزارکردنی بەرانبەر و ناڕەحەتبوونیان.

ئەو باوەشەی هاوژینەکەت بە دەوری خۆیدا دەتسوڕێنێتەوە

ئەم باوەشە جۆرێکی ڕۆمانسییە کە زۆرجار لە فیلمەکاندا دەیانبینیت کە باوەشێکی چێژبەخش و دڵخۆشکەرە. هاوکات ئەم جۆرە باوەشە لە فڕۆکەخانەکانیشدا ڕوودەدات کاتێک دوو هاوژینی عاشق بۆ ماوەیەکی زۆر یەکتریان نەبینیوە و بە یەکدی شاد دەبنەوە و بە تامەزرۆیی بەرەو ڕووی یەک هەنگاو دەنێن.

ئەو باوەشەی تێیدا سەر لەسەر سنگی یەکتر دادەنێن

ئەم باوەشە ڕۆمانسییەتێکی درێژ و قووڵ دەبەخشێت و بەهێزیی ئاساییش و ڕادەی بەرزی ئارامی و متمانەکردن نیشان دەدات. کاتێک هاوژینەکەت بەم شێوەیە لە ئامێزت دەگرێت وات لێ دەکات هەست بکەیت چەندە سەرسورهێنەر و تاکیت، هاوکات ئەم باوەشە زیاد لە پێویست ئارامبەخش و ئاسوودەبەخشە چونکە واتای ئەوە دەدات لەگەڵ هاوژینەکەت دووانەیەکی بێ هاوتا و پڕاوپڕی یەکترن و بێ یەکدی ژیانتان هێندە جوان نییە.


سەرچاوەکان



839 بینین