هۆکارەکانی ڕووخانی شارستانییەتی سۆمەری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-03-12:38:00 - کۆدی بابەت: 10398
هۆکارەکانی ڕووخانی شارستانییەتی سۆمەری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شارستانی سۆمەری یان شارستانیی سۆمەرییەکان (بە عەرەبی: الحضارة السومرية، بە ئینگلیزی: Sumer civilization) سۆمەرییەکان خاوەن کۆنترین شارستانییەتی مێژوون کە لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا دەرکەوتووە، شارستانییەتی سۆمەری ڕۆڵی گرنگ و بایەخداری لە بەرەوپێشچوونی ژیانی مرۆڤایەتی هەبووە و زۆرێک لە داهێنانەکانی ئەمڕۆ سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەو شارستانییەتە، یەکەم گەل بوونە کە لە ڕێگەی نووسینەوە مێژووی خۆیان تۆمارکردووە و بە داهێنەری "نووسینی مسماری" دادەنرێن. ئەو خاکەی کە شارستانییەتی سۆمەرییەکانی لێ دەرکەوتووە وڵاتی عێراقی ئێستا دەکات و بە "دایکی شارستانییەتەکانی جیهان" ناسراوە، شارستانییەتەکەیان بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵ بەردەوامی هەبووە.

هۆکارەکانی لەناوچوونی شارستانییەتی سۆمەری

داگیرکارییەکانی سەرجۆنی ئەکەدی

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێش سێ هەزار ساڵی پێش زایین، هەموو شارە سۆمەرییەکان لەلایەن سوپای سەرجوونی ئەکەدییەوە هێرش کراوەتە سەریان، سەرجوونی ئەکەدی توانییەتی نازناوی "پاشای کیش" بەدەست بهێنێت و پاشا سۆمەرییەکانی بە دیل گرتووە. پاشان ئیمپراتۆرییەتی ئەکەدی دامەزراند و یاسا و ڕێسای تایبەتی دانا و بوونە خاوەن شارستانییەتی خۆیان.

داگیرکاریی گۆتییەکان

لە کۆتایی ماوەی دەسەڵاتیان، سۆمەرییەکان ڕووبەڕووی چەند داگیرکارییەک بوونەوە و بەو هۆیەوە بارودۆخی شارستانییەتەکەیان بەرەو لاوازبوون و لەناوچوون دەچوو، یەکێک لەو داگیرکارییانە داگیرکاریی گۆتییەکان بوو، کە گەلێکی دانیشتووی چیای زاگرۆس بوون و ڕووبەڕووی سۆمەرییەکان بوونەوە و چەند شارێکی گرنگی شارستانییەتەکەیان داگیر کرد و زیانێکی زۆریان لە سۆمەرییەکان دا، هەرچەندە بە تێپەڕبوونی کات دەسەڵاتی گۆتییەکان لاواز بوو و شکستیان هێنا، بەڵام گۆتییەکان بە هۆکاری لاوازکردنی دەسەڵاتی سۆمەرییەکان دادەنرێن، دوای ئەوان شارستانییەتی سۆمەری بوونە چەندان بەشەوە چەند لقێکی سەرەکی لە دەسەڵاتەکەیان بووەوە و هەر لقێک بە جیا وەکوو بنەماڵە و خێزانێکی نوێ حکومڕانی سۆمەرییەکانی دەکرد، نموونەی ئۆرۆمی چوارەم و لەکشی دووەم و ئۆرۆکی پێنجەم. هەر لقێک لەم بنەماڵە و دەسەڵاتدارانە ناوچەیەکی سۆمەری بۆ خۆی دیاری کرد و شارستانییەتەکەیان دابەش کرد. ئەم دابەشکردنە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان سۆمەرییەکان.

دووبەرەکی ناوخۆیی نێو دەسەڵاتدارانی سۆمەری

دوای دابەشبوونی دەسەڵات و حکومڕانی شارستانییەتەکە، خاکی سۆمەرییەکان دابەش کرا و هەر کۆمەڵە و بنەماڵەیەک دەیویست دەسەڵاتی زیاتر بکات، لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی کەناڵی لقەکانی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات دەیانویست ڕووبەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان فراوانتر بکەن، بۆیە شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی لە نێوانیان ڕوویدا و ژمارەیەک شار خاپوور بوون.

پشتگوێخستنی بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی

بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتداران هەموو سەرنجیان خستبووە سەر لایەنی سەربازی و سوپا و بەرپاکردنی جەنگ و داگیرکارییەکانی نێوانیان، بارودۆخی گەل پشتگوێ کرابوو. بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان زیانی بەرکەوت و لاواز بوون، تاکوو لە کۆتاییدا تووشی داڕووخانی ئابووری بوون و لەناوچوون.

کەشوهەوا و وشکەساڵی

زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان لەگەڵ جیۆلۆجیناسەکان و شوێنەوارناسان کۆکن و ئاماژە بەوە دەکەن کە وشکەساڵی هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی شارستاییەتی سۆمەری بووە، لە سەردەمی کۆتایی دەسەڵاتی سۆمەرییەکان وشکەساڵی و بێ‌ بارانی ڕووی لە ناوچەکانیان کردبوو و زۆرێک لە شارە گەورەکانیان بەو هۆیەوە لەناوچوون.


سەرچاوەکان



569 بینین