سەردەمی مس

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-11-22-21:46:00 - کۆدی بابەت: 10410
سەردەمی مس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاخی مس، سەردەمی مس یان سەردەمی چالکۆلیتیک (بە ئینگلیزی: The Copper Age یان The Chalcolithic Period، بە عەرەبی: العصر النحاسي) قۆناغێکی مێژووییە، کە بە بەکارهێنانی مس تایبەتمەندە، توێژەرانی مۆدێرن ئەم قۆناغە بە بەشێک لە سەردەمی بەردینی نوێ دادەنێن، بەڵام زانایانی پێشووتر وەکوو قۆناغێکی کاتی نێوان سەردەمی بەردینی نوێ و سەردەمی برۆنزی دادەنێن. 

دەربارەی سەردەمی مس

لە کاتێکدا مرۆڤەکان لە سەردەمی بەردیندا بوون و بەردیان بۆ ئامراز و چەکەکانیان بەکاردەهێنا، سەرەنجام هەندێک لەو کۆمەڵانە دەستیان بە گەشەپێدانی کشتوکاڵ کرد و ئامرازی بەردینیان بەکاردەهێنا، کە بەم پێشکەوتنە دەڵێین سەردەمی بەردینی نوێ، پاشان زۆرێک لە کۆمەڵەکان برۆنزیان دۆزییەوە و سەردەمی برۆنز سەری هەڵدا.

گواستنەوە لە سەردەمی بەردینەوە بۆ سەردەمی برۆنز تاقیکردنەوە و شکست و داهێنانی ویست، تا گەیشتنە ئەوەی برۆنز بەکارهێنرا. 

قۆناغەکانی کۆتایی نێوان سەردەمی بەردینی نوێ و سەردەمی برۆنز سەردەمی مس بوو، هەرچەندە مێژووناسان کەمتر گرنگییان بە سەردەمی مس داوە بەڵام سەردەمێکی گەشەسەندنی بنەڕەتی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری بوو، کە لەو ماوەیەدا مرۆڤەکان دەستیان بە تاقیکردنەوەی کانزاکان کرد، هێواش هێواش لە بەرەو پێشچوندا بوون، سەردەمەکەش ناسرا بە سەردەمی چالکۆلیتیک.

شوێنەواری بێلۆڤۆد لەسەر چیای ڕودنیک لە سڕبیا، کۆنترین بەڵگەی ئەو سەردەمەی هەیە، کە مێژووی توانەوەی مس لە پلەی گەرمی بەرزدا بۆ ٥٠٠٠ ساڵی پێش زایینی دەگەڕێتەوە. 

گواستنەوە لە سەردەمی مس بۆ سەردەمی برۆنز لە ئەورووپا لەنێوان کۆتاییەکانی هەزارەی پێنجەم و کۆتایی هەزارەی سێیەمی پێش زایینی دەگەڕێتەوە. 

لە ڕۆژهەڵاتی نزیکی کۆندا سەردەمی مس لە کۆتایی هەزارەی پێنجەمی پێش زایینی دەستی پێکرد و نزیکەی هەزار ساڵ بەردەوام بوو، پاشان سەردەمی برۆنز سەری هەڵدا.

دەستپێکردنی سەردەمی مس

سەرەتای دەستپێکردنی مس لە ناوچەکاندا ناڕوونە، زەحمەتە بزانرێت یەکەم کەرەستەی مس لە کوێوە سەری هەڵداوە، سەردەمی مس سەردەمی گۆڕانکاری قووڵی کۆمەڵایەتی و کولتووری بوو. سەرجەم کۆمەڵگاکان لە هەمان کاتدا نەچوونەتە سەردەمی مسەوە، یان بە هەمان شێواز دەستیان بەم پڕۆسەیە نەکردووە، هەندێکیشیان بە هیچ جۆرێک کانزایان بەکارهێناوە.  بەڵام زۆرێک لەم گۆڕانکاریانە بۆ یەکەمجار لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ڕوویانداوە. سەردەمەکە لە کۆتایی هەزارەی پێنجەمی پێش زایینی دەستپێدەکات. کەشوهەوا بۆ کوشتوکاڵ لەبار و وشکتر بوو، هەروەها زۆرێک لە کۆمەڵەکان گەڕانەوە بۆ شێوازی ژیانی ڕاوکردن و کۆکردنەوە. لەگەڵ دەستەمۆکردنی ئاژەڵانیش نەک تەنها کوشتوکاڵکردن زۆرێک ڕوویان کردە ئاژەڵداری و شوانکاریش. سەرجەم ئەم گۆڕانکارییانە مرۆڤی هێنایە ناو کێبەرکێی توند بۆ سەرچاوەکان و تاقیکردنەوەیان بۆ کەرەستەی نوێ بۆ ئامرازی کاراتر.

لەو سەردەمەدا دوو کانزا لەناکاودا بوونە جێی سەرنج و بەکارهێنران، یەکێکیان زێڕ بوو چونکە سەرنجڕاکێش بوو و ئاسان بوو بۆ کارکردن، بەڵام نەرمە و بۆ ئامێرەکان زۆر باش نەبوو، بۆیە خەڵکی بۆ گەوهەر و جوانکاری بەکاریان دەهێنا. هەروەها زۆرجار زێڕ شانبەشانی کانزایەکی تر دەبینرێت کە بریتییە لە مس. مس تاڕادەیەک ئاسانە بۆ گەرمکردنەوە و کارکردن بە شێوەی جۆراوجۆر، کاتێک سارد دەبێتەوە زۆر بەهێزترە لە زێڕ. 

کۆمەڵگاکانی سەردەمی مس

سەردەمی مس لە چەندین ناوچە و شوێنی جیاواز لە چەندین کاتی جیاجیادا دەرکەوتوون، لەوانە لە میزۆپۆتامیا لە ٣٧٠٠ ساڵی پێش زایینی دەرکەوتووە، لە یۆنان لە ٣٥٠٠ ساڵی پێش زایینی دەرکەوتووە، لە میسڕ لە ٣٣٠٠ ساڵی پێش زایینی دەرکەوتووە، لە دۆڵی ئیندوس لە ٣٣٠٠ ساڵی پێش زایینی دەرکەوتووە و هەروەها لە چین لە ١٥٠٠ ساڵی پێش زایینی دەرکەوتووە. 

تایبەتمەندییەکانی سەردەمی مس

کوشتوکاڵ و ئاژەڵ: خەڵکی سەردەمی مس بە کوشتوکاڵ و ڕاوکردن و ماسیگرتن ژیاون. ڕاوکردن یەکێک بوو لە پیشە گرنگەکان، ئاژەڵانی وەکوو مەڕ، گامێش، بزن، پەلەوەر و بەراز بەخێودەکران و سوودیان لێوەردەگیرا. هەروەها پەتاتە و شوێنەواری چاندنی برنجیش بینراوە، ئەو بەرهەمە سەرەکیانەی کە چێندرابوون بریتی بوون لە گەنم، جۆ، نیسک، بەزالیا و نۆک و چەندانی تر. 

ئامراز و چەک: کانزاکانی وەک مس و داڕشتەکانی بۆ دروستکردنی چەقۆ، تەور، قولاپی ماسیگرتن، ئەسکەنە و دەرزی و چەندانی تر بەکاردەهێنران. 

خانووەکان: بەکارهێنانی خشت لە سەردەمی مسدا بەرفراوان بوو بەڵام هیچ شوێنەوارێکی خشتی گەرم کراو نییە، نەخشەسازی خانووەکان سادە بوون، یان بازنەیی بوون یان چوارگۆشەیی، دیواری خانووەکان لە قوڕ دروست دەکرا، بە پاشەڕۆی مانگا دادەپۆشرا، زۆربەی خانووەکان یەک ژووریان هەبوو بەڵام خانووی فرە ژووریش دەبینرا.


سەرچاوەکان



405 بینین