هەڵبژاردنی ڕەنگی جل بەپێی تۆنی پێست

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-11-24-21:27:00 - کۆدی بابەت: 10441
هەڵبژاردنی ڕەنگی جل بەپێی تۆنی پێست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەڵبژاردنی ڕەنگی جل بەپێی تۆنی پێست (بە ئینگلیزی: choosing clothes color for your skin tone، بە عەرەبی: اختيار الملابس حسب لون البشرة) هەندێکجار کاتێک جلێک دەکڕیت زۆر لات جوانە بەڵام کە لەبەریدەکەیت بەوشێوەیە نییە کە پێشبینیت دەکرد، یاخود دەبیستیت کە یەکێک دەڵێت ڕەنگی سەوزم زۆر لێ جوانە، ڕەنگی پەمەییم لێ جوان نییە، ئەمانە هەمووی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەوانەیە ئەو ڕەنگە دیاریکراوە لەگەڵ تۆنی پێستی تۆ نەگونجێت. هەرچەندە ئەمە واتای ئەوە نییە کە ڕەنگێکت بۆ تۆنی پێستت نابێ هەرگیز لەبەری مەکە، دەتوانیت ئەو ڕەنگانەش لەبەربکەیت و بەشێوەیەک لەگەڵ ڕەنگەکانی تر بەکاریان بهێنیت، بەڵام بەزۆری ئەو ڕەنگانە لەبەر بکە و سەرنجیان بخەرە سەر کە لەگەڵ تۆنی پێستت دەگونجێن. سەرەتا دەبێت بزانیت کە پێستت چی تۆنێکە، کاتێکیش باسی تۆنی پێست دەکرێت مەبەست لە چینی ژێرەوەی پێستە، چونکە چەندین هۆکاری سروشتی و کیمیایی دەبنە هۆی گۆڕانی چینی دەرەوەی پێست. بەشێوەیەکی گشتی سێ تۆنی هەیە کە ئەمانەن گەرم، سارد، ئاسایی. 

چەند رێگایەک بۆ دیاریکردنی تۆنی پێست

یەکەم

باشترین و ئاسانترین ڕێگا بۆ دیاریکردنی تۆنی پێست بەهۆی ڕەنگی دەمارەکانەوەیە، هەرچەندە زۆربەی دەمارەکانی لەشمان لە ڕووی دەرەوەی پێست دیارنین و نابینرێن بەهۆی ئەوەی مولولەکانی خوێن دوورن لەسەر ڕووی پێستەوە، بەڵام دەتوانین بە ئاسانی لەسەر مەچەک یاخود لەسەر ڕووی دەستمان بیانبینین. ئەگەر ڕەنگی دەمارەکانت سەوزن ئەوا تۆنی پێستت گەرمە، ئەگەر ڕەنگی دەمارەکانت شین و مۆرن ئەوا تۆنی پێستت ساردە، ئەگەر هەستت کرد هەردوو ڕەنگی شین و سەوزیشی تێدایە و بۆت دیاری نەکرا ئەوا تۆنی پێستت ئاساییە و تێکەڵاوە.

دووەم

تاقیکردنەوەی کاغەزی سپی، کاغەزێکی سپی بهێنە و لەنزیک ملت یاخود پشتی گوێت دایبنێ، وا باشترە لەسەر دەموچاو نەیکەیت، چونکە ڕەنگی دەموچاو بەهۆی زیپکە، بەرکەوتنی خۆر و هەستیاری و هۆکاری تر دەگۆڕێت. ئەگەر ڕەنگی پێستت پەمەیی یاخود شین دەرکەوت لەنزیک کاغەزە سپییەکە ئەوا تۆنی پێستت ساردە، ئەگەر ڕەنگی پێستت بە زەرد یان سەوز یان قاوەییەکی کاڵ دەرکەوت ئەوا تۆنی پێستت گەرمە، ئەگەر ڕەنگی پێستت ڕەساسی دەرکەوت ئەوا تۆنی پێستت ئاساییە.

سێیەم

بۆ ئەم تاقیکردنەوەیەیان پێویستت بە خشڵە، ملوانکە یاخود بازن بێت باشترە، دوو خشڵی یەکێکیان ڕەنگی ئاڵتونی و یەکێکیان زیویی بهێنە و لە شوێنێکی ڕووناک لەسەر پێستت دایبنێ بزانە کامیان زیاتر لەگەڵ پێستت دەگونجێت، ئەگەر ئاڵتونییەکەت بەلاوە جوانتر بوو ئەوا تۆنی پێستت گەرمە، ئەگەر زیوییەکەت بەلاوە جوانتر بوو ئەوا تۆنی پێستت ساردە، ئەگەر هەردووکیانت بەلاوە گونجاو بوو ئەوا تۆنی پێستت ئاساییە.

چوارەم

ڕێگایەکی تر بۆ دیاریکردنی تۆنی پێستت سەرنجدانی کاردانەوەی پێستتە بۆ تیشکی خۆر، ئەویش بۆ زانینی ئەوەی ئایا پێستت بە تیشکی خۆر دەسووتێت و هەستیاریت پێی هەیە؟ یاخود تیشکی خۆر دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەنگی پێستت بۆ ڕەنگێگی تۆختر و مەیلەو قاوەیی دەبێت کە پێی دەوترێت هەتاوبردن؟ ئەمەش واتای ئەوە نییە بچیتە بەر خۆر و زیان بە پێستت بگەیەنیت، بەڵکوو بیر لە ئەزموونە کۆنەکانت بکەرەوە، بزانە ئایا کامیانت بەسەر هاتووە لە ڕابردوودا. ئەگەر پێستت بە خۆر دەسووتێت ئەوا تۆنی پێستت ساردە، ئەگەر پێستت بە خۆر هەتاو دەیبات ئەوا تۆنی پێستت گەرمە، ئەگەر هیچیانت بەسەر نەهاتووە ئەوا تۆنی پێستت ئاساییە. 

تۆنی گەرم

کیم کارداشیان، جێسیکا ئەلبا، بیۆنسێ، لیۆنا لیوس و جێنیفەر لۆپێز ئەمان هەموویان نموونەی تۆنی پێستی گەرمن. بۆ ئەم جۆرە تۆنی پێستە باشترین ڕەنگ ئەوانەن کە زۆربەیان لە سروشتدا هەن وەکوو ڕەنگەکانی پرتەقاڵی، قاوەیی، بێجی، ئاڵتونی، زەرد، پرتەقاڵی ئاگرین، سوور، ڕەنگی قۆخی کە ڕەنگێکە لەنێوان زەرد و پرتەقاڵییدایە، کرێمی، هەنگوینی، پەمەییەکی تۆخ، زەیتونی و زیرەیی هەروەها خشڵی ئاڵتوونی گونجاوترە لە زیویی بۆ تۆنی گەرم. ڕەنگەکانی شینی کاڵ، پەمەیی کاڵ، ڕەساسی، شەرابی، مۆری کاڵ، هەناریی ئەو ڕەنگانەن کە وا باشترە کەمتر بەکاریان بهێنیت و لەگەڵ تۆنی پێستت ناگونجێن.

تۆنی سارد

لوسی لیوو، پریانکا چۆپرا، نیکۆڵا کیدمان، لوپیتا نیۆنگ، کاتی پێری و بێلا حەدید ئەمانە هەموویان نموونەی تۆنی پێستی ساردن. بۆ ئەم جۆرە تۆنی پێستە باشترین ڕەنگەکان دەچنەوە سەر ڕەنگەکانی ڕووبار و زستان. هەندێک لە ڕەنگە گونجاوەکان بۆ تۆنی سارد ئەمانەن: هەموو تۆنەکانی شین بەتایبەتی شینی کاڵ و شینی سەهۆڵی، مۆری کاڵ، پەمەیی کاڵ، ڕەش، لاڤێندەر کە تۆنێکی ڕەنگی مۆرە، پەمەیی تۆخ، ڕۆزی کە تۆنێکی پەمەییە، سوورێکی ڕووناک، هەناریی و هەموو ڕەنگە پاستێلەکان. هەروەها خشڵی زیویی گونجاوترە لە ئاڵتوونی بۆ تۆنی سارد. هەندێک لەو ڕەنگانەی کە وا باشترە کەمتر بەکاریان بهێنیت و لەگەڵ تۆنی پێستت ناگونجێن پرتەقاڵی، زیرەیی، قاوەیی، سوورێکی تەماتەیی.

تۆنی ئاسایی

ئەنجلینا جولی، کاری واشنتن، جولیانا مۆری و جولیا ڕۆبێرتز نموونەی تۆنی پێستی ئاسایین. ئەم جۆرانە دەتوانن هەموو ڕەنگێک بپۆشن و هیچ کێشەیەکی ڕەنگیان نییە بەڵام تۆنە هێمن و نەرمەکان گونجاوترن هەر ڕەنگێک بێت. جوانترین ڕەنگەکان بۆ ئەم جۆرە پێستە ڕەنگەکانی پەمەیی چڵکن، ڕەش، شینی دەریایی، سەوزی پیرۆزەیی، زەردی کاڵ، خۆڵەمێشی، نیسکافەیی. هیچ ڕەنگێکی دیاریکراو نییە کە لەگەڵ تۆنی ئاسایی نەگونجێت، بەڵام کەم بەکارهێنانی ڕەنگە ڕووناک و زەقەکان باشترە چونکە ئەو ڕەنگانە ڕەنگی پێستت دادەخەن، جگە لە سووری ڕووناک کە زۆر لەگەڵ تۆنی ئاسایی دەگونجێت.

ئەو ڕەنگی جلانەی لەگەڵ هەموو تۆنێکی پێست دەگونجێن

هەندێک ڕەنگ هەن کە لەگەڵ هەموو جۆرێکی پێست دەگونجێن، بەهۆی ئەوەی ئەو ڕەنگانە هاوسەنگییەکی گونجاوییان لەنێوان سارد و گەرمدا هەیە. لەو ڕەنگانەش: سپی، پیرۆزەیی، پەمەیی چڵکن، مۆری تۆخ، سوری ڕووناک.


سەرچاوەکان



1563 بینین