گۆڕینی ڕووگە

له‌لایه‌ن: - پەرژین عومەر پەرژین عومەر - به‌روار: 2022-11-26-22:02:00 - کۆدی بابەت: 10464
گۆڕینی ڕووگە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گۆڕینی ڕووگە (بە عەرەبی: تحويل القبلة، بە ئینگلیزی: change of qiblah)، لە ساڵی دووەمی کۆچییدا چەن شتێک ڕوویدا کە بە ڕووداوی گەورە لە مێژووی ئیسلامدا دادەنرێن، یەکێک لەوانەش گۆڕینی ڕووگە بوو.

گۆڕینی ڕووگە

دوای شانزه یان حەڤدە مانگ لە هاتنی پێغەمبەر ﷺ بۆ ناو شاری مەدینە، خوای گەورە ڕووگە (قیبلە)ـی مسوڵمانانی لە (بیت المقدس)ـەوە گۆڕی بۆ (بیت الحرام) لە مەککە، بەڕائی کوڕی عازیب دەفەرموێت: پێغەمبەر ﷺ یەکەم جار هاتە شاری مەدينەوە دابەزییە لای خاڵۆزاکانی بەنی نەجار لە ئەنصارییەکان. لە نوێژدا ڕووی دەکردە (بیت المقدس) ماوەی شازدە مانگ یا حەڤدە مانگ، پێی خۆش بوو کە ڕووگەکەی (بیت الحرام) بێت لە مەککە، خودای گەورەش ئەم ئایەتەی دابەزاند: قَدْ نَرَىٰ تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي السَّمَاءِ ۖ فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا ۚ فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ ۚ وَحَيْثُ مَا كُنتُمْ فَوَلُّوا وُجُوهَكُمْ شَطْرَهُ ۗ وَإِنَّ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ لَيَعْلَمُونَ أَنَّهُ الْحَقُّ مِن رَّبِّهِمْ ۗ وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا يَعْمَلُونَ (١٤٤)(البقرە).

ئینجا پێغەمبەر ﷺ ڕووی کردە کەعبە و زۆری پێ خۆشبوو و یەکەم نوێژێک كه ڕوو بە ڕووگەی نوێ کردی نوێژی عەسر بوو، کۆمەڵێک لەگەڵیدا نوێژی کرد، لەو پیاوانەی کە نوێژی لەگەڵدا کردبوو، چوو بەلای نوێژ خوێنانی مزگەوتێکدا لە ڕکوعدا بوون پێی وتن: شایەتی دەدەم بەخوا کە ئێستا نوێژم لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ دا کرد ڕوو بە کەعبە. ئەوانيش هەر لە ڕکوعەکەیاندا سوڕانەوە بەرەو کەعبە. بەم جۆرە هەواڵی ڕووگە گۆڕین یەکەم جار لە نوێژی عەسردا گەیشتە شاری مەدینە، پاشان هەواڵەکە نوێژی بەیانی گەیشتە ناوچەی قوبائی دەرەوەی شاری مەدینە، وەک عەبدوڵڵای کوڕی عومەر دەفەرموێت: کاتێک خەڵکی لە نوێژی بەیانیدا بوون لە قوباء، یەکێک هات بۆ لایان و پێی وتن: پێغەمبەر ﷺ ئەمشەو چەند ئایەتێکی بۆ دابەزیوە و فەرمانی پێ کراوە ڕووبکاتەوە کەعبە ئێوەش ڕووی تێ بکەن، نوێژ خوێنەکان ڕوویان لە شام بوو (واتا: قودس) هەر لە نوێژەکەدا ڕوویان وەرگێڕا بەرەو کەعبە. هەندێک لە هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ ترسان لەوەی کە نوێژەکانی خۆیان و مردووەکانیان پێش گۆڕینی ڕووگە بەفيڕۆ چووبێت، عەبدوڵڵای کوڕی عەباس دەفەرموێت: پێغەمبەر ﷺ لە نوێژەکانیدا کە ڕووی دەکردە کەعبە، پێیان وت: ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ ئەی ئەو برایانەمان کە مردن لە نوێژەکانیاندا ڕوویان دەکردە (بیت المقدس) خوای گەورەش ئەوەی دابەزاند(……وَمَا كَانَ اللَّهُ لِيُضِيعَ إِيمَانَكُمْ ۚ……١٤٣) (البقرە) (واتە: نوێژەکانیان بەفيڕۆ نەچوون و هەمووی قبووڵ کراون). 

حیکمەت لە گۆڕینی ڕووگە

خودای گەورە ویستویەتی سەرەتا (بيت المقدس) ڕووگەی مسوڵمانان بێت پاشان بۆ (بيت الحرام) بگۆڕدرێت، بۆ چەند پەند و وانەیەک.

چەند پەند و وانەیەک لە گۆڕینی ڕووگە

١-تاقیکردنەوەی خەڵکی مسوڵمانەکان لە لایەک دووڕووەکان و هاوەڵ پەیداکەران و یەهودییەکان لەلایەکی ترەوە، گۆڕانی ڕووگە بۆ مسوڵمانەکان پابەندبوون بوو بە فەرمانی خودای گەورە و ڕێنوێنی پێغەمبەرەکەی ﷺ، بەڵام هاوەڵ پەیداکەران بە گۆڕانی ڕووگە لە (بيت المقدس) بۆ (بيت الحرام) دڵخۆش بوون، پێیان وابوو بە گەڕانەوەیان بۆ ڕووگەکەیان واتا (بيت الحرام) ئيتر دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئایین و بيروباوەڕی ئەوان، لە سەرەتادا یەهودییەکان دڵخۆشبوون بەوەی مسوڵمانان ڕوو بە (بيت المقدس) پەرستش دەکەن، بەڵام یەهودییەکان بە گۆڕینی ڕووگە دڵخۆش نەبوون، لەناو خۆیانا دەیان وت ئەگەر محەمەد ﷺ پێغەمبەر بێت ئەوا ڕووی بە (بيت المقدس) دەمایەوە، سەبارەت بە دووڕووەکان دەیان وت ئەگەر ڕووگەی دووەم ڕاست بێ کەواتە ڕووگەی یەکەم بەتاڵ و ڕاست نەبووە، ئەگەريش ڕووگەی یەکەم ڕاست بێ کەواتە ئەوانەی ئێستا دەیکەن لەکار و کردەوەکانیان بەتاڵە.

٢-جیاکردنەوەی مسوڵمانان لە خەڵکی تر و خاوەن ئایینی تر بە جیاکردنەوەی ئەو شوێنەی کە بۆ خوداپەرستی و نوێژ ڕووی تێدەکەن. 

٣-چەسپاندن و دڵنیاکردنەوەی پێغەمبەرایەتی محەمەد ﷺ خودای گەورە چەند ئایەتێکی بۆ سەر پێغەمبەر ﷺ دابەزاند کە ئاماژە بەو شتانە دەدەن کە لە داهاتوودا ڕوودەدەن وەک بۆچونی یەهودییەکان و قسەکانیان کاتێک کە قیبلە دەگۆڕدرێت.


سەرچاوەکان



422 بینین