جەنگی موئتە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-27-23:57:00 - کۆدی بابەت: 10476
جەنگی موئتە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگی موئتە یان غەزای موئتە (بە عەرەبی: غزوة مؤتة یان سرية مؤتة، بە ئینگلیزی: The Battle of Mu'tah) جەنگێکە لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ ڕوویداوە و لە مانگی جەمادی یەکەمی ساڵی هەشتەمی کۆچی بەرانبەر بە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٦٢٩ـی زایینی ڕوویداوە. جەنگەکە لەنێوان سوپای پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ سوپای بیزەنتییەکان و غەسانییەکان لە گوندی موئتەی پارێزگای کەرەک لە ئوردن ڕوویداوە. جەنگی موئتە یەکەمین جەنگی ئیسلامی بوو کە لە دەرەوەی سنووری نیمچە دوورگەی عەرەبی ڕوویدا و یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای ڕۆمی خاچپەرستان و سوپای موسڵمانان بوو.

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە

دوای سەرکەوتنی موسڵمانان لە جەنگی خەندەق و شکستهێنانی قوڕەیش و هۆزەکانی هاوپەیمانی، پێگەی ئیسلام لە ناوچەکە جێگیرتر بوو، بۆیە پێغەمبەر ﷺ پەیامی ئیسلامی بۆ پادشاکانی وڵاتانی دەوروبەری نیمچە دوورگەی عەرەبی دەنارد و بانگهێشتی ئایینی ئیسلامی دەکردن.

بۆ هەر ناوچەیەک هاوەڵێکی وەکوو نێردراوی خۆی دیاری دەکرد، بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕۆمانییە خاچپەرستەکان هاوەڵ حارسی کوڕی عومەری وەکوو نێردراو ناردە لای پاشا پاشا عومەر شوورحەبیلی کوڕی عەمری غەسانی، پاشا نەوەک هەر پەیامی ئیسلامی ڕەتکردەوە بەڵکوو نێردراوەکەشی کوشت، ئەم هەڵوێستە هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی جەنگی موئتە بوو، چونکە لە دابوونەریتی ڕابردوودا هەر نێردراوێک یان پەیامبەرێک یاخود نامەبەرێک پەیامی کەسێکی تری بە کۆمەڵێک بگەیاندایە ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدەدرا زیانی پێبگەیەنێت یان بیکوژێت، بۆیە پێچەوانەی ئەو ڕەفتارە ئاماژە بوو بۆ هەڵگیرسانی جەنگ.
هاوکات هۆکاری ناونانی جەنگی موئتە بەو ناوە ئەوەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان هەردوو سوپای موسڵمانان و سوپای بیزەنتییەکان لە گوندی موئتە ڕوویدا، کە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئوردن بوو و سەر بە پارێزگای کەرەکی ئەو وڵاتە بوو.

ئامادەکاری بۆ جەنگەکە

دوای ئەوەی پێغەمبەر ﷺ هاوەڵ حارسی کوڕی عومەری وەکوو نێردراو ناردە وڵاتی شام، هەواڵ گەیشتە مەدینە کە نێردراوەکەی پێغەمبەر ﷺ لەلایەن پاشای ڕۆمەکانەوە کوژراوە، بۆیە پێغەمبەر ﷺ هەموو هاوەڵەکانی کۆکردەوە و بڕیاری جەنگیاندا، لەم جەنگەدا پێغەمبەر ﷺ خودی خۆی بەشداری نەکردووە و لە مەدینە مایەوە، سوپای موسڵمانان ئامادەکرا و ژمارەیان گەیشتە سێ هەزار جەنگاوەر. بە فرمانی پێغەمبەر ﷺ هاوەڵ زەیدی کوڕی حاریسە کرا بە ڕابەری سوپاکە، پاشان پێغەمبەر ﷺ فرمانی کرد کە ئەگەر زەید شەهید کرا هاوەڵ جەعفەری کوڕی ئەبووتالیب ببێت بە جێگرەوەی، ئەگەر ئەویش شەهید کرا عەبدوڵڵای کوڕی ڕەواحە بکرێت بە جێگرەوەی، هەروەها ئەگەر ئەویش شەهید کرا، پێویستە موسڵمانان لەنێو خۆیان ڕاوێژ بکەن و هاوەڵێک لە ناوخۆیان بکەن بە ڕابەر و سەرکردەی سوپا.

هەڵگیرسانی جەنگەکە

دوای ئەوەی سوپای موسڵمانان لە مەدینەوە بە سەرکردایەتی زەیدی کوڕی حاریسە بەرەو وڵاتی شام کەوتنەڕێ، گەیشتنە ناوچەیەک لە نزیک باشووری وڵاتی ئوردن، ڕووبەڕووی سوپایەک بوونەوە کە نزیکەی دوو سەد هەزار کەس بوون، سوپاکە پێکهاتبوو لە ڕۆمەکان و هۆزە عەرەبییە نەسرانییەکانی ناوچەکانی وڵاتی شام. ژمارەی سوپای بێباوەڕان لە سوپای موسڵمانان زۆر زیاتر بوون، بۆیە سوپای موسڵمانان دوو ڕۆژ لە نزیک ناوچەی مەعان مانەوە و ڕاوێژیان لەنێو یەک کرد کە ئایا بگەڕێنەوە بۆ مەدینە یان هێرش بکەن، دواجار لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ڕووبەڕووی سوپای بەرانبەر ببنەوە و نەگەڕێنەوە مەدینە.

دواجار لە گوندی موئتە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هەردوو سوپاکە ڕوویدا، موسڵمانان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بە سوپایەکی سێ هەزار کەسییەوە بەرگەی سوپایەکی دووسەد هەزار کەسی سوپای ڕۆمیان گرت، سەرکردەی موسڵمانان لە سەرەتای جەنگەکە زەیدی کوڕی حاریسە بوو پاشان شەهید کرا، ڕابەرایەتی سوپا درا بە جەعفەری کوڕی ئەبووتاڵب دوای ئەویش کە شەهید کرا عەبدوڵڵای کوڕی ڕەواحە کرا بە پێشەنگ تاکوو ئەویش شەهید کرا.

کۆتایی و دەرەنجامی جەنگی موئتە

لە حەوتەمین ڕۆژی جەنگەکە دوای شەهیدکردنی ئەو سێ هاوەڵەی کە پێغەمبەر ﷺ وەکوو ڕابەر و سەرکردەی سوپای موسڵمانان دیاری کردبوون، موسڵمانان لە نێوان خۆیاندا هاوەڵ خالیدی کوڕی وەلیدیان کردە سەرکردەی سوپای موسڵمانان.

خالیدی کوڕی وەلید پلانی پاشەکشێی داڕشت، چونکە دەیزانی کە سوپاکەی چیتر توانای بەرگەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەماوە، بڕیاری پاشەکشەیدا، بەڵام بە مەرجێک کە سوپای ڕۆمەکان لەکاتی پاشەکشەی سوپای موسڵمانان دوایان نەکەون، بۆیە دووبارە سوپاکەی ڕێکخستەوە و جێگۆڕکێی بە شوێنی جەنگاوەران کرد، فرمانی بە بەشێک لە سوپاکە کرد کە تەپوتۆز دروست بکەن، خالیدی کوڕی وەلید تەکتیکی ترس و تۆقینی بەرانبەر سوپای دوژمنی بەکارهێنا، بەشێوەیەک کە داوای لە سوپاکەی کرد تەپوتۆز و دەنگەدەنگ دروست بکەن، ڕۆمەکان کاتێک ئەو ڕەفتارەیان بینی باوەڕی ئەویان لەلادروست بوو کە موسڵمانان هاوکاری سەربازییان لە مەدینەوە پێگەیشتووە، بۆیە کاتێک موسڵمانەکان پۆل پۆل دەکشانەوە ڕۆمەکان وایاندەزانی کە ئەوە فێڵە و بە ئەنقەست دەکشێنەوە و سوپای تر بەڕێوەیە و دەبنە جێگرەوەیان بۆیە دوایان نەکەوتن. سوپای موسڵمانان گەڕایەوە مەدینە بەبێ ئەوەی ڕۆمەکان دوایان بکەون و زیانیان بەرنەکەوت.

لە ئەنجامی ئەم جەنگە ١٢ هاوەڵ لە سوپای موسڵمانان شەهید کران. جەنگی موئتە بە پاشەکشەی موسڵمانان کۆتایی پێهات، بەڵام پێگەی موسڵمانان و ئیسلامی لە نێو هۆزە عەرەبییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی زیاتر بەهێز کرد. هاوکات ئەم جەنگە بووە دەستپێکی زنجیرە جەنگێک لەگەڵ ڕۆمی بیزەنتییەکان و موسڵمانان، سێ ساڵ دواتر سوپایەکی تر بە سەرکردایەتی ئوسامەی کوڕی زەید جەنگی دژی بیزەنتییەکان ڕاگەیاند، تا دواجار لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە ساڵی ١٤٣٥ لەسەر دەستی محەمەد فاتیح کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕۆمی بیزەنتییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نیمچە دوورگەی عەرەبی هێنرا.


سەرچاوەکان



824 بینین