هۆکارەکانی زۆر پرسیارکردنی منداڵ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-06-21:43:00 - کۆدی بابەت: 10572
هۆکارەکانی زۆر پرسیارکردنی منداڵ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی زۆر پرسیارکردنی منداڵ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی (بە عەرەبی: الأسباب التي تجعل الأطفال يسألون الكثير من الأسئلة وكيفية التعامل معها، بە ئینگلیزی: Reasons for children asking too many questions and how to deal with them)، زۆرێک لە دایکان و باوکان نیگەرانی زۆر قسەکردنی منداڵەکەیانن، لەکاتێکدا کە زمان بە یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەکردنی زانستی منداڵان دادەنرێت، دەکرێت وەکوو خاڵێکی بەهێز بەکاربهێنرێت بۆ گەشەی پەیوەندییەکانی منداڵ.

هۆکارەکانی زۆر پرسیارکردنی منداڵ

- منداڵان بەردەوام فێردەبن و سەرنجی چواردەوریان دەدەن، حەز دەکەن زانیاری بەدەست بهێنن لەسەر ژینگەی دەوروبەریان، لەبەرئەوە زۆر پرسیار دەکەن.

- منداڵەکان وادەزانن دایک و باوکیان وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان دەزانن، لەبەرئەوە پرسیاریان لێ دەکەن، ئەوان وا هەست دەکەن کە هەموو شتێک هۆکارێکی هەیە و دەتوانن بە پرسیارکردن درکی پێ بکەن. لەبەرئەوە کاتێک منداڵێک لە دایکی دەپرسێت: بۆچی ئەو پیاوە باڵای ئەوەندە بەرزە؟ یان بۆچی ئەو سەگە ئەوەندە دەوەڕێت؟ پێتان سەیر نەبێت، هەندێک کات منداڵ بۆ کەمکردنەوەی فشار و ترسی خۆی پرسیار دەکات.

- هەندێک کات منداڵ دەست بە پرسیارکردن دەکات تا بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوکی دروست بکات و لێیان نزیک بێتەوە.

- زۆرجار کاتێک دایک و باوک وەڵامی پرسیاری منداڵ دەدەنەوە، منداڵ دووبارە هەمان پرسیار دەکاتەوە یان دووبارە پرسیاریان لێدەکات و دەڵێت بۆچی؟ دایک و باوک لەوانەیە بێزاربن لەوەی کە ناچارن بەردەوام وەڵامی پرسیارەکانی منداڵ بدەنەوە.

- هەندێک کات دایک و باوک بەتەواوی لەوە تێناگەن کە منداڵەکەیان چی دەوێت، بۆیە منداڵ بە وەڵامەکانی ئەوان ڕازی نابێت، کەواتە واباشترە پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی منداڵ، پرسیاری لێبکەن بۆئەوەی بەجوانی لە مەبەستەکەی تێبگەن و بزانن بەڕاستی چی لەئێوە دەوێت.

- هەندێک کات منداڵ بەردەوام پرسیار دەکات و کاتێک وەڵامی دەدەنەوە، جارێکی تر پرسیارەکەی دووبارە دەکاتەوە چونکە لە وەڵامەکەی ئێوە تێنەگەیشتووە، ئەو ناتوانێت درک بەو شتانە بکات کە خۆی تاقینەکردونەتەوە. تێگەیشتنی منداڵان بۆ بابەتە جیاوازەکان لەگەڵ ئێوە جیاوازی هەیە، لەبەر ئەمە دەبێت ئێوە بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی منداڵ وەڵامی پرسیارەکانی بدەنەوە، هەروەها پێویستە ئامادەیی بیستنی پرسیارە دووبارەکانی منداڵەکەتان هەبێت، چونکە ئەو هەر بابەتێک چەندین جار لە مێشکیدا شی دەکاتەوە، بۆئەوەی بتوانێت لێی تێبگات. منداڵان بەگشتی ئەو پرسیارانە دەپرسن کە وەڵامدانەوەیان قورسە.

- بەرزی ئاستی زیرەکی منداڵ، دەرونناسان باوەڕیان وایە کە توانای قسەکردنی منداڵ لە تەمەنێکی کەمدا کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر توانستی گوفتاری، بیستن و لێهاتووییە ڕەفتارییەکانی منداڵ. یەکێک لە نیشانەکانی دیاریکردنی زیرەکی منداڵ بریتییە لە لێهاتوویی لە قسەکردنیدا، چونکە درەنگ قسەکردنی منداڵ دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشەی لێهاتووییەکانی پەیوەندی دروستکردن و گفتوگۆکردن لە منداڵدا.

- ترسی منداڵ دەبێتە هۆی زۆر قسەکردنی منداڵ، دەتوانین بڵێین ئەمە زیاتر لەتەمەنی کەمدا ڕوودەدات و زۆربەی ئەو منداڵانەی کە شەوانە بەتەنها لە ژوورەکەی خۆیاندا دەخەون دەترسن و بەردەوام پێداگیری دەکەن کە دایک یان باوکیان لەلایان بمێنێتەوە بۆئەوەی قسەی لەگەڵ بکەن.

- یەکێکی تر لە هۆکارەکانی زۆر قسەکردنی منداڵ هەستی زانخوازییە، ئەو حەزەیە تیایاندا کە دەیانەوێت دەربارەی هەموو شتێک بزانن، چونکە منداڵان هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەورووبەری خۆیان نییە، هەموو ئەو شتانەی کە دەیبینن ئاڵۆزە و ڕوون نییە لەلایان، لەبەر ئەم هۆکارە بەردەوام پرسیاری جیاواز لە دایک و باوکیان دەکەن کە لەوانەیە زۆربەی ئەو پرسیارانە بۆ دایک و باوک گاڵتەئامێز و بێمانا بن، بەڵام ئەرکی دایک و باوکە کە بەوپەڕی خۆڕاگری و ئارامییەوە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی منداڵ بدەنەوە ئەگەر وەڵامی هەندێکیان نەزانن، بە منداڵەکە بڵێن وا باشترە کتێبێک بخوێنمەوە پاشان وەڵامت بدەمەوە.

هیچ کاتێک هەوڵ مەدەن کە وەڵامدانەوەی پرسیاری منداڵەکەتان پشتگوێ بخەن و گرنگی پێنەدەن، چونکە ئەم کارەی ئێوە دەبێتە هۆی ئەوەی مێشکی منداڵ بەردەوام سەرقاڵی ئەو پرسیارانە بێت کە وەڵامەکەیانی بەدەست نەهێناوە.

- یەکێکی تر لە هۆکارەکانی زۆر قسەکردنی منداڵ حەسوودییە، بۆ منداڵانی سەروو سێ ساڵ لەدایکبوونی خوشک یان برای تازە لە ناو خێزاندا دەبێتە هۆی جوڵاندنی هەستی حەسوودی منداڵ، لەبەرئەوە منداڵ هەوڵ دەدات بە قسەکردنی زۆر سەرنجی هەمووان بۆ خۆی ڕابکێشێت.

- پێویستی بە سەرنجڕاکێشان، لەوانەیە تاکوو ئێستا چەندین جار ئەو دیمەنەتان بینیبێت کە لەناو کۆمەڵێکدا زۆر سەرقاڵی قسەکردن یان بەسەربردنی کاتێکی خۆشن چەندین کاتژمێر بێ ئاگابوون لە منداڵەکەتان یان یەکێک لە دایک و باوک بۆ ماوەیەکی درێژ خەریکی قسەکردنە بە تەلەفۆن، لەم کاتانەدا منداڵەکەتان دێت بۆلاتان و دەستدەکات بە پرسیارکردنی دووبارە و بەردەوام یان قسەکردنی زۆر، تەنیا بۆ ئەوەی سەرنجی ئێوە بۆخۆی ڕابکێشێت. 

کاتێک وەڵامی پرسیاری منداڵ نارانین، چیبکەین؟

- ڕێگا چارەیەک بۆ ئەو کاتانەی کە وەڵامی پرسیاری منداڵ نازانین، یان نازانین چۆن وەڵامەکەی بۆ ڕوون بکەینەوە، ئەوەیە کە سەرەتا پرسیار لە خۆی بکەین، یانی کاتێک کە منداڵ پرسی من چۆن دروست بووم؟ یان سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی ئامێرێک دەپرسێت؟ لە خۆی بپرسین، تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە؟ ئەگەر وەڵامەکەی، بەگوێرەی تەمەنی گونجاو بوو، پێی بڵێین، ئافەرین، ڕاستە.

وەڵامی ئێمە و ئەو وشە و ڕستانەی کە بەکاریان دەهێنین، کاتێک یارمەتیدەر دەبێت کە گونجاوبێت لەگەڵ گەشە و تەمەنی منداڵ، پێدانی ڕوونکردنەوەی زیادە و لادان لە بابەتەکە، یارمەتی تێگەیشتنی منداڵ لە بابەتەکە نادات، کەواتە ئێمە دەبێت سەرەتا، ئاستی گەشەی بیرکردنەوەی منداڵ بزانین، پاشان دەتوانین پرسیارەکە ئاڕاستەی خۆی بکەینەوە و بپرسین خۆت چۆن بیری لێدەکەیتەوە؟ چونکە منداڵ، لە مێشکیدا دەربارەی بابەتی پرسیارکراو بیرکردنەوەیەکی پێشوەختەی هەیە و ئەگەر هیچ بیرکردنەوەیەکی دەربارەی ئەو بابەتە نەبێت، هەرگیز پرسیاری بۆ دروست نابێت. 

- کاتێک وەڵامی پرسیارەکە نازانین، دەبێت بڵێین: جارێ وەڵامەکەی نازانم بەڵام بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێم. دەتوانین بەهاوڕێیەتی لەگەڵ خودی منداڵ، بەدوای وەڵامەکەدا بگەڕێین لە کتێب، گۆڤار یان لە ئینتەرنێتدا یان زانیارییەکان لەسەری بە منداڵ بدەین و داوای لێبکەین کە بیخوێنیتەوە و دواتر بەیەکەوە قسەی لەسەر بکەین، ئەم ڕێگایە منداڵ فێری چۆنیەتی دۆزینەوەی وەڵام و گەڕان بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی پرسیارەکان دەکات.

- هەندێک کات لەگەڵ ئەوەشدا کە وەڵامی پرسیارەکە دەزانین نابێت وەڵامی ئامادە بە منداڵ بدەین، چونکە پێدانی وەڵامی ئامادە بە منداڵ ڕێگری دەکات لە بەرەو پێشچوونی توانا و بەهرەکانی منداڵ، بۆ گەشەکردنی بیرکردنەوە، منداڵ دەبێت بکەوێتە بارودۆخی کێشە و گومانەوە، کەواتە باشترە هەندێک کات پێی بڵێن: منیش نازانم، تۆ چی دەڵێی؟ بەڕای تۆ چۆنە؟ ئەم بابەتە یان کتێبە بخوێنەرەوە، پاشان بەیەکەوە قسەی لەسەر دەکەین.

چۆن دەتوانین هەستی زانخوازی منداڵ پەڕە پێبدەین و بە ڕێگایەکی دروست ڕێنمایی بکەین؟

- بۆ گەشەپێدانی هەستی زانخوازی منداڵ و ئاڕاستەکردنی دروستی، دەبێت چەند کارێک ئەنجام بدەین، سەرەتا دەبێت منداڵ فێری دروستکردنی پەیوەندی دروست بکەین. دەبێت تێی بگەیەنین کە لە هەندێک بارودۆخدا ناکرێت وەڵامی پرسیارەکانی بدەینەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر لەکاتێکدا نەمانتوانی وەڵامی پرسیارەکانی بدەینەوە، درکی پێبکات و قبوڵی بکات، نەک ببێتە هۆی شکانەوە و گۆشەگیربوونی.

- لەکاتی وەڵامدانەوەی هەندێک پرسیاردا، پێویستە منداڵ فێری یاساکانی بەکارهێنانی ئەو شتە بکەین، بۆ نموونە دەربارەی شقارتە، نابێت بەشێوەیەکی گشتی بڵێین تۆ نابێت دەست لە شقارتە بدەیت، بەڵکوو دەبێت مەبەستەکانی بەکارهێنان و چۆنیەتی بەرهێنانی بۆ منداڵ ڕوونبکەینەوە. پاشان بڵێین لە تەمەنێکی دیاریکراوەوە، دەتوانێت دەست لە شقارتە بدات. لەئێستادا تەنها دەتوانێت لە دەرەوەی ماڵ و بە ئامادەبوونی کەسانی گەورەتر و بۆ مەبەستێکی تایبەت، شقارتە بەکاربهێنێت. لە کاتێکدا کە منداڵ بە دروستی پەیڕەوی لە یاساکان کرد، پاداشتی بکەین و ئەگەر پەیڕەوی نەکرد، سزایەکی گونجاوی بۆ دابنێین وەکوو قەدەغەکردنی هەندێک شت بۆی بۆ کاتێکی دیاریکراو.

- نابێت هیچ کات ڕێگری لە پرسیارکردنی منداڵ بکەین. ئەرکی دایک و باوکە کە وەڵامی پرسیارەکانی منداڵەکەیان بدەنەوە، مەگەر لەکاتێکدا کە بزانن هۆکاری پرسیارکردنی منداڵ شتێکی تری وەکوو سەرنجڕاکێشانە. دەبێت ئەم کێشەیەش بە ڕێگای تایبەت بە خۆی چارەسەر بکەن. هەروەها بۆ گەشەکردنی هەستی زانخوازی، دەبێت منداڵ فێر بکەین کە خۆیشی بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی پرسیارەکانی بەشداری بکات.

- پێش تەمەنی ٩ بۆ ١٠ ساڵی، نابێت لە وەڵامەکاندا، دەستەواژە و واتای زۆر قووڵ و فەلسەفی بەکاربهێنین. وەڵامەکەمان دەبێت گونجاو بێت لەگەڵ تەمەنی منداڵ، چونکە هەرچەندە وەڵامەکە فەلسەفی و ورد بێت وادەکات کە منداڵ زیاتر تووشی سەرلێشێوان و گێژی بێت و پرسیارەکانی زیاتر دەکات، دەبێت دەستەواژەی بەرچاو، ڕوون و هەستپێکراو بۆ وەڵامی منداڵ بەکاربهێنن.

- ڕێگایەکی تر بۆ بە دروستی ئاڕاستەکردنی زانخوازی منداڵ، ئەوەیە کە کاتێک وەڵامی پرسیارێکمان بە منداڵ گووت، دوای ماوەیەک دووبارە دەربارەی ئەو بابەتە قسەی لەگەڵدا بکەینەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە ئایا لەبابەتەکە تێگەیشتووە و ئەگەر پێویست بوو دووبارەی بۆی بکەینەوە، هەندێک کات لەوانەیە منداڵ بەدروستی درکی بە مەبەستەکەی ئێمە نەکردبێت، کەواتە بە دووبارە باسکردنەوەی ئێمە دەتوانین هەڵە تێگەیشتنەکەی ڕاست بکەینەوە، بۆئەوەی منداڵ بەهەڵە فێری هیچ بابەتێک نەبێت.

- دایک و باوک دەبێت ئامادەیی ئەوەیان تێدابێت کە وەڵامی پرسیارە بێ کۆتاکانی منداڵ بدەنەوە، ئەگەر تاقەتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان نەبێت و وەڵامی گونجاوی پێ نەدەنەوە، بەشێکی زۆر لە هەستی زانخوازی و لێهاتوویی منداڵ دەوەستێنن، منداڵیش چونکە پێویستی بە پرسیارکردن و وەرگرتنی وەڵام هەیە، بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی پرسیارەکانی بەدوای سەرچاوەیەکی تردا دەگەڕێت وەکوو گرووپی هاوتەمەن و هاوڕێکانی، ئەوانیش بەگشتی وەڵامێکی گونجاو و دروستی پێنادەن و ئەمەش دەتوانێت زیانی گەورە بە منداڵ بگەیەنێت. کەواتە دەبێت دایک و باوک، خۆیان ئەم ئەرکە بە دروستی ئەنجام بدەن.


سەرچاوەکان



415 بینین