کۆلێجی ئیمپریال لەندەن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-08-19:30:00 - کۆدی بابەت: 10588
کۆلێجی ئیمپریال لەندەن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆلێجی ئیمپریال لەندەن یان کۆلێجی ئیمپراتۆری لەندەن (بە ئینگلیزی: Imperial College London، بە عەرەبی: كلية لندن الإمبراطورية)، کۆلێجی ئیمپریال لەندەن زانکۆیەکی توێژینەوەی گشتییە لە لەندەنی پایتەختی شانشینی یەکگرتوو. مێژووی ئەم زانکۆ بە شازادە ئەلبێرتی هاوسەری شاژنە ڤیکتۆریا دەستیپێکرد، کە دیدگای خۆی بۆ ناوچەیەکی ڕۆشنبیری پەرەپێدا کە بریتی بوو لە هۆڵی شاهانەی ئەلبێرت، مۆزەخانەی ڤیکتۆریا و ئەلبێرت، مۆزەخانەی مێژووی سروشتی و کۆلێجە شاهانەییەکان.

مێژوو

سەرەتاییترین کۆلێج کە لێیەوە زانکۆی ئیمپریال پێکهات کۆلێجی شاهانەی کیمیا بوو کە لە ساڵی ١٨٤٥ـدا بە پشتیوانی شازادە ئەلبێرت و پەرلەمان دامەزرا. ئەم کۆلێجە لە ساڵی ١٨٥٣ لەگەڵ سکوڵی شاهانەی کانەکانی ئێستادا یەکخرا. سکوڵی پزیشکی لە سەرانسەری لەندەندا ڕەگ و ڕیشەی لە زۆر سکوڵی جیاوازدا هەیە، کۆنترینیان سکوڵی پزیشکی نەخۆشخانەی چارینگ کرۆسە کە دەتوانرێت مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٨٢٣ بگەڕێندرێتەوە، بەدوایدا نەخۆشخانەی وێستمینستەر لە ساڵی ١٨٣٤ و نەخۆشخانەی سەینت ماری لە ساڵی ١٨٥١ دێت.

لە ساڵی ١٨٥١دا، پێشانگایەکی گەورەی ڕۆشنبیری و پیشەسازی لەلایەن هێنری کۆڵی و شازادە ئەلبێرتەوە ڕێکخرا. ئەم پێشانگا لەڕووی داراییەوە سەرکەوتنێکی زۆری بەدەستهێنا و ناوبانگی دەرکرد، داهاتی پێشانگاکە بۆ پەرەپێدانی ناوچەیەک بۆ پێشکەوتنی کولتووری و زانستی لە باشووری کێنسنگتۆن دیاریکرا. لە ماوەی شەش ساڵی داهاتوودا مۆزەخانەی ڤیکتۆریا و ئەلبێرت و مۆزەخانەی زانست کرانەوە، لە ساڵی ١٨٧١ـدا دامەزراوە نوێیەکان لەگەڵ کۆلێجی شاهانەی کیمیا یەکخران و لە ساڵی ١٨٨١ـدا سکوڵی شاهانەی کانەکان و مۆزەخانەی مێژووی سروشتی کرانەوە.

لە ساڵی ١٨٨١ـدا سکوڵی ئاسایی زانست لە باشووری کێنسنگتۆن بە سەرۆکایەتی تۆماس هاکسلی دامەزرا، سکوڵەکە بە ڕەزامەندی شاهانە لە ساڵی ١٨٩٠ـدا ناوی گۆڕدرا بۆ کۆلێجی شاهانەی زانست. هەروەها دامەزراوەی ناوەندی شار و سەندیکاکانی پەیمانگای لەندەن، وەک سکوڵێکی پەروەردەی تەکنیکی لە شەقامێکی باشووری کێنسنگتۆن لەلایەن شازادەی وێڵز و لە سەرەتای ساڵی ١٨٨٥ـدا کرایەوە.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا نیگەرانییەک هەبوو کە بەریتانیا لە بواری پەروەردەی زانستی و تەکنیکیدا لەدوای ئەڵمانیاوەیە. بۆیە لە ساڵی ١٩٠٤ـدا لیژنەیەکی بەشەکان لە دەستەی پەروەردە دامەزرا، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە داهاتووی کۆلێجی شاهانەی زانست بکات. لە ساڵی ١٩٠٦ـدا ڕاپۆرتێک بڵاوکرایەوە کە داوای دامەزراندنی دامەزراوەیەکی دەکرد کە کۆلێجی شاهانەی زانستی و سکوڵی شاهانەی کانەکان بەیەکەوە ببەستێت و هەروەها ڕێکەوتنێک لەگەڵ کۆلێجی تەکنیکی ناوەندییان ئەنجام بدرێت.

لە ٨ی تەممووزی ١٩٠٧، بە دەستووری شاهانەی ئێدواردی حەوتەم کۆلێجی زانست و تەکنەلۆجیای ئیمپریالی دامەزرا. ئەمەش سکوڵی شاهانەی کانەکان و کۆلێجی شاهانەی زانستی بەیەکەوە بەستەوە. هەروەها ئەوەی پێویست بوو بۆ کۆلێجی شار و سەندیکاکان دەستەبەریکرد بۆ ئەوەی کاتێک مەرجەکانی سەبارەت بە حوکمڕانییەکەی جێبەجێکران ئەوانیش بچنە پاڵیان، هەروەها بۆ ئەوەی ئیمپریال ببێتە کۆلێجێکی زانکۆی لەندەن. کۆلێجەکە لە ٢٢ی تەممووزی ١٩٠٨ و کۆلێجی شار و سەندیکاکان لە ساڵی ١٩١٠ـدا لەگەڵ زانکۆی لەندەندا یەکەگیربوون. کەمپی سەرەکی کۆلێجی ئیمپریال لە تەنیشت بیناکانی پەیمانگای ئیمپریال دروستکرا، بینای نوێی کۆلێجی شاهانەی زانست لە ساڵی ١٩٠٦ـدا بەرامبەری کرایەوە، و بەردی بناغەی سکوڵی شاهانەی باڵەخانەی کانەکان لەلایەن شا ئێدواردی حەوتەمەوە لە تەممووزی ١٩٠٩ دانرا.

لە کانوونی دووەمی ١٩١٩ـدا، خوێندکاران و دەرچووانی کۆلێج داوای ئەوەیانکرد ئیمپریال ببێت بە زانکۆ و بڕوانامەی خۆیی هەبێت. بەڵام ئیمپریال وەکوو بەشێک لە زانکۆی لەندەن مایەوە هەتا مانگی تەممووزی ٢٠٠٧ بەتەواوی سەربەخۆ بوو. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە دیسان نیگەرانییەکی تر هەبوو ئەمجارەیان بەهۆی ئەوەی کە بەریتانیا لەڕووی زانستەوە کەوتە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. وردەوردە قەبارەی ئیمپریال گەورەتر بوو و چەندین باڵەخانەی تری تێدا کرایەوە.

کەمپەکان

باشووری کێنسنگتۆن

کەمپی سەرەکی زانکۆی ئیمپریال لە باشووری کێنسنگتۆنە. بینا دیارەکانی نێو ئەم کەمپە بریتین لە سکوڵی بازرگانی کە لەلایەن شاژن ئەلیزابێسی دووەمەوە کراوەتەوە، تاوەری شاژن، کە لە ناوەندی‌ کەمپەکەدایە، کۆلێجی شاهانەی زانست و سکوڵی شاهانەی کانەکان. کەمپەکە لە نزیکی زۆرێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی لەندەنە، لەوانە کۆشکی کێنسنگتۆن و هۆڵی شاهانەی ئەلبێرت، مۆزەخانەی مێژووی سروشتی، مۆزەخانەی ڤیکتۆریا و ئەلبێرت و مۆزەخانەی زانست، کۆلێجی شاهانەی هونەر، کۆلێجی شاهانەی مۆسیقا، و کتێبخانەی هونەری نیشتیمانی. زۆرێک لە خوێندکاران سوود لە سەوزایی باخچەی کێنسنگتۆن وەردەگرن.

وایت سیتی

دووەم کەمپی گەورەی زانکۆی ئیمپریال لە شاری وایتە کە سەکۆیەک بۆ داهێنان و کارسازی دابین دەکات. باڵەخانەکانی توێژینەوە شوێنی نیشتەجێبوونی دەرچووەکان و بازرگانیکردنە. کەمپەکە شوێنی ڕووبەری پێوانەیی و ئینکۆباتورە، کە ده‌زگایەکە بۆ ئاگاداری ساوای پێنه‌گه‌یشتوو بەکار دەهێنرێت. ژوورەکانی داهێنان، شوێنی شارەزایانی بواری پڕۆگرام و سەنتەری هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە. هەروەها کەمپی وایت سیتی ناوەندێکی تری زیندەپزیشکی لەخۆدەگرێت کە پارەکەی لەلایەن سێر مایکڵ ئورینەوە تەرخان دەکرێت.

سیلوود پارک

پارکى سیلوود کەمپێکی دەرچووەکانی ئیمپریالە لە گوندى سەنینگهیڵ لە نزیک شارۆچکەی ئەسکۆت لە بێرکشایەر. کەمپی سیلوود پارک ناوەندێکە بۆ لێکۆڵینەوە و فێرکردنی کەشزانی، گەشەکردن و پاراستن. ئەم کەمپە لە باخەڕێیەکی یەک کیلۆمەتریدایە کە بۆ تاقیکردنەوە مەیدانییە ژینگەپارێزییەکان بەکاردێت.

نەخۆشخانەکان

ئیمپریال چەند نەخۆشخانەیەکی فێرکاری لە لەندەندا هەیە کە لەلایەن سکوڵی پزیشکییەوە بۆ فێرکاری کلینیکی و توێژینەوەی پزیشکی خوێندکاری زانکۆ بەکار دەهێنرێت. هەموویان لە دەوری نەخۆشخانەکانی سەر بە کۆلێژ دامەزراون، هەروەها دامەزراوەی خواردن و وەرزشی دابین دەکەن. کتێبخانەکانی کۆلێجەکان لە هەر کەمپێکدا هەن، لەوانەش کتێبخانەی فڵێمینگ لە سەینت ماری.

فاکەڵتی و بەشەکان

فاکەڵتی ئەندازیاری

  • ئەندازیاریی فڕۆکەوانی
  • زیندەئەندازیاری
  • ئه‌ندازیاری کیمیایی
  • ئەندازیاری مەدەنی و ژینگە
  • کۆمپیوتەر
  • سکوڵی دایسۆن بۆ ئەندازیاری دیزاین
  • زانستی زەوی و ئەندازیاری
  • ئەندازیاری کارەبایی و ئەلیکترۆنی
  • بەشی کەرەستەکان
  • ئەندازیاریی میکانیک

فاکەڵتی زانستە سروشتییەکان

  • سەنتەری سیاسەتی ژینگەیی
  • کیمیا
  • زانستەکانی ژیان
  • بیرکاری
  • فیزیا

کۆلێجی پزیشکی

  • زانستی مێشک
  • بەرگریزانی و هەوکردن
  • نەخۆشی پەتایی
  • مێتابۆلیزم و هەرسکردن و زاوزێ
  • نەشتەرگەری و شێرپەنجە
  • پەیمانگای زانستە کلینیکیەکان
  • پەیمانگای نیشتیمانی دڵ و سییەکانکل
  • سکوڵی تەندروستی گشتی

سکوڵی بازرگانی کۆلێجی ئیمپریال

  • دارایی
  • داهێنان و کارسازی
  • بەڕێوەبردن


سەرچاوەکان



226 بینین