کاریگەری جیاوازی بۆچوونی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-09-22:10:00 - کۆدی بابەت: 10600
کاریگەری جیاوازی بۆچوونی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەری جیاوازی بۆچوونی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدا (بە عەرەبی: تاثیر اختلاف اراء الولدين علی تربية طفل، بە ئینگلیزی: The effect of different opinions of parents on raising a child)، ڕۆڵی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدا زۆر گرنگە بۆ ئێستا و داهاتووی منداڵ، جیاوازی بۆچوونی دایک و باوک لە پەروەردە کردنی منداڵدا کاریگەری چارەنووس ساز لەسەر منداڵ دادەنێت، چونکە منداڵ هەڵسوکەوتی دایک و باوکی وەک نموونە وەردەگرێت، چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵ، بە خۆشەویستییەوە یان تووڕەیی، ڕاڕایی یان دڵنیایی لە ڕەفتاردا، منداڵ هەموو ئەوانە وەکوو وانەیەک وەردەگرێت و لێیانەوە فێر دەبێت. 

جیاوازی بۆچوونی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدا بابەتێکی زۆر ئاساییە، ئەم جیاوازییە واتای ئەوە نییە کە ئێوە دایک و باوکێکی ناسازن و لەیەکتری تێناگەن، ڕێگە مەدەن کە ئەم جیاوازییە لە پەروەردەکردنی منداڵدا ببێت بە کێشەیەکی گەورە بۆتان. هەندێکجار دایک و باوک لەسەر بابەتێکی تر ناڕەحەتی، تووڕەیی و دڵڕەنجاندن لە نێوانیاندا ڕوودەدات و ئەمەش ڕێگایان پێنادات کە وەکوو ئەندامی یەک گرووپ و بە هاوبەشی دایک و باوکایەتی بکەن. دەبێت ئاگاداربن سەرەتا پێویستە ئەو تووڕەییەی کە بەهۆی بابەتێکی ترەوە هەتانە و دەبێتە هۆی ڕقەبەرایەتیکردنی یەکتری، لە پەروەردەکردنی منداڵ جیایبکەنەوە.  

دەرئەنجامەکانی هاوڕانەبوونی دایک و باوک لەسەر پەروەردەی منداڵ

- قسە و ڕەفتارە دژیەکەکانی دایک و باوک کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر منداڵ، ئەم ڕەفتارانە هۆکاری سەرەکی ڕووخاندنی کەسایەتی منداڵن، ئەم جیاوازییە هەندێک کات دەگاتە ڕادەیەک کە دایک و باوک، منداڵ بەکاردەهێنن بۆ تۆڵەکردنەوە لەیەکتری و منداڵ دەبێت بە بەهایەکی زۆر قورس باجی ئەو جیاوازییانەی بیرو بۆچوونی دایک و باوکی بدات.

- پێویستە دایک و باوک لەسەر ئەوە ڕێکبکەون کە چ جۆرە ڕەفتارێک بۆ منداڵەکەیان گونجاوە و چ ڕەفتارێک نەگونجاوە، ئەگەر وانەبێت ئەوا منداڵەکەیان نازانێت کە چاوەڕوانی چی جۆرە ڕەفتارێکی لێدەکرێت، سەری لێ دەشێوێت و لەئەنجامدا ڕەفتارێکی هەڵە ئەنجام دەدات.

- منداڵ پێویستی بە خۆشەویستی و  پەیوەندییەکی باش و ئامۆژگاری و یاسا هەیە، ئەو دایک و باوکانەی کە لە نێوان گوفتار، کردار، فەرمان و کردەوەکانیان جیاوازی هەیە هەرگیز ناتوانن کاریگەری باشیان هەبێت لەسەر منداڵەکانیان. 

- یەکێکی تر لە ئەنجامەکانی جیاوازی بۆچوونی دایک و باوک له پەروەردەی منداڵدا ئەوەیە کە توانای کۆنتڕۆڵکردنی منداڵیان کەم دەبێتەوە. مادەم باوک دەتوانێت دژایەتی دایک بکات و هەرچییەکی ویست پێی بڵێت، منداڵیش دەتوانێت، مادەم دایک دەتوانێت کەلەڕەقی بکات و  بڕیارەکانی باوک پشت گوێ دەخات، منداڵیش دەتوانێت، کاتێک دایک دەڵێت ئەم کارە خراپە، بەڵام بەڕای باوک خراپ نییە، کەواتە لەوانەیە بەڕاستی خراپ نەبێت و منداڵ دەتوانێت ئەنجامی بدات.

- پێشتر بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە چ بابەتێک لەناو خێزانی ئێوەدا گرنگییەکی زیاتری هەیە، ئێوە لەگەڵ هاوسەرەکەتان بەلایەنی کەمەوە لەسەر چەند بابەتێک دەگەنە ڕێککەوتن کە گرنگییەکی زۆریان هەیە و پێتان وایە کە لە بارودۆخە تایبەتەکاندا دەبێت ئەنجام بدرێن، ئەو بابەتانەی کە زۆربەی خێزانەکان لەسەری ڕێکدەکەون وەکوو تەندروستی (لەدانانی کڵاوی پاسکیل سوارییەوە بگرە تا بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر)، خوێندن و فێربوون (بەدروستی ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان و ئەرکەکانی قوتابخانە)، ڕێزگرتن (لە ماڵەوە و قوتابخانە و کۆمەڵگا)، ڕاستگۆیی لە پلەی یەکەمی گرنگی دادەنێن. ئەگەر منداڵ ئەو خاڵانە جێبەجێ نەکات، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی دەرئەنجامی خراپ بێت لەلایەن دایک و باوکەوە، واباشترە کە دایک و باوک دەرەنجام و سزاکانی ئەو هەڵانە دیاری بکەن و بە منداڵی بڵێن.

- هەندێکجار بەمەبەست بە منداڵەکەتان بڵێن ئێمە هێشتا لەم بارەیەوە نەگەیشتووینەتە ئەنجام و دوای قسەکردن لەگەڵ دایکت یان باوکت، بڕیارەکەی خۆمانت پێدەڵێین. بەدڵنیاییەوە زۆر باشە کە جار جار ئەم ڕستە کاریگەرانە لەکاتی ئامادەبوونی هاوسەرەکەتان بە منداڵەکەتان بڵێن و نیشانی بدەن کە چەندە گرنگی بە بیروڕای ئەو دەدەن. 

- لەکاتێدا کە هاوسەرەکەتان گوێی لێیە، دەربارەی باشییەکانی بە منداڵەکەتان بڵێن. بۆ نموونە پێی بڵێن باوکت بەیانیان زوو لەخەو هەڵدەستێت و دەچێتە سەر کار، لەپێناو ئێمە کار دەکات و ماندوو دەبێت، پێویستە ئێمەش سوپاسی بکەین، بەم شێوەیە منداڵ زیاتر ڕێزی باوکی دەگرێت و سوپاسی دەکات، کەواتە زۆر گرنگە کە دایک و باوک ئەوە نیشانی منداڵەکەیان بدەن کە چەندە گرنگی بە یەکتری دەدەن و ڕێزی یەکتر دەگرن، کاتێک منداڵ بزانێت دایک و باوکی لە یەک گرووپدان و لە پەروەردەکردنیدا هاوڕان ئەوا ئاسانتر ئەو یاسا و سنوورانە قبووڵ دەکات کە بۆی دیاری دەکەن.

- بۆ بەهێزکردنی هاوڕابوونی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدا دەبێت هەوڵەکانی هاوسەرەکەمان بەرز بنرخێنین و سوپاسی بکەین، بۆ نموونە بڵێیت هەرچەندە ماندوو بوویت بەڵام کاتێک داوای لێکردیت یاریت لەگەڵ منداڵەکەمان کرد، سوپاست دەکەم، یان دوێنێ شەو کە منداڵەکەمان هات و وتی دایکە وەرە بۆلای من، بەڕاستی حەزم نەدەکرد لەسەر جێگاکەم هەستم، بۆیە زۆر سوپاست دەکەم کە تۆ ڕۆیشتیت بۆ لای.

- کاتێک لە قسەکردندا ئەو دەستەواژانە بەکاردەهێنین کە تۆمەتبارکردن و سەرزەنشتکردنی تێدایە، بەبێ ئەوەی بزانین کەسی بەرانبەر ناچار دەکەین کە بەرگری لە خۆی بکات. ئەمەش واتە شکستهێنانی گفتوگۆکردن و لەدەستدانی دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان، کە بریتییە لە باشترکردنی ژینگەی ماڵ بۆ پەروەردەکردنی منداڵ.

- زۆربەی ئەو ڕاڕایی و کێشانەی کە کەسانی گەورە تووشی دەبن، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی پەروەردەی نادروستی دایک و باوک و جیاوازی بۆچوونیان لە پەروەردەکردنی منداڵدا. منداڵان لەم جۆرە خێزانانەدا بە گومان و پرسیارەوە سەیری هەموو بابەتێک دەکەن، چونکە دایک و باوک هیچ کاتێک لەسەر بابەتێک هاوڕا نەبوون و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. لەبەرئەوەی ئەوان نموونەیەکی گونجاویان نەبووە هەتا لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار بدەن و ڕەفتار بکەن.

بەهەمان شێوە لە گەورەییشدا ئەم کێشەیە لەگەڵیان دەبێت. کەواتە دەبێت دایک و باوک بەهۆشیارییەوە لەگەڵ بیروڕا جیاوازەکان ڕەفتار بکەن و هەوڵبدەن لە کاتێکی دیاریکراودا جیاوازییە زۆرەکە چارەسەر بکەن و لە کاتی ئامادە نەبوونی منداڵەکەیان، باسی هەڵەکانی هاوسەرەکەیان بکەن. تەنیا بەمشێوەیە دایک و باوک دەتوانن بەباشی منداڵ پەروەردە بکەن، کە ئەمەش گرنگترین ئەرکی دایک و باوکە. 

کاتێک کە ڕێگەچارەیەکی میانڕەو بوونی نەبێت

لە هەندێک بارودۆخدا، جیاوازییەکە بەشێوەیەکە چارەسەری نییە و ناتوانن ڕێکبکەون لەسەر بڕیاری هەردوولا، لەم کاتەدا پێویستە یەکێک لە لایەنەکان وازبهێنێت، واتە دەبێت یەکێکیان بیروڕای ئەویتر قبووڵ بکات، هەوڵ بدەن لەم حاڵەتەدا هاوسەنگی ڕابگرن و هەردوولا بەڕاستی ڕازی بن، ئەگەرنا بێ سوود دەبێت. بڕیار نییە هەمیشە دایک وازبهێنێت یان باوک پاشەکشە بکات، ئەو هۆکارانە بەکارمەهێنن کە بارودۆخەکە خراپتر دەکات، وەکوو ئەوەی چونکە دایک زیاتر لە ماڵەوەیە مافی زیاتری لە پەروەردەکردنی منداڵدا هەیە، یان چونکە باوک بەرپرسیاری منداڵە، دەبێت ئەو بڕیار بدات، هەوڵ بدەن لەیەکتری تێبگەن. بەشێوەیەک باسی هۆکارەکانتان بکەن کە کەسی بەرانبەر بتوانێت خۆی لەشوێنی تۆ دابنێت و لێت تێبگات، بە لەبەرچاوگرتنی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی مرۆڤ پێویستمان بەوەیە کە نەوەکانی داهاتوو باشتر لە نەوەکانی ڕابدوو پەروەردە بکەین، کەواتە ئەرکی دایک و باوک زۆر قورسە و کاتێک کە دایک و باوک کەموکوڕییان هەبێت لە ئەنجامدانی ئەو بەرپرسیارییەتییە قورسەی هەیانە، زیان بە نەوەکانی داهاتوو دەگەیەنن.


سەرچاوەکان

178 بینین