ئایینی یارسان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-12-19-13:16:00 - کۆدی بابەت: 10714
ئایینی یارسان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یارسان، ئایینی یاری، ئەھلی حەق یان کاکەیی (بە ئینگلیزی: Yarsanism، Ahl-e Haqq یان Kakai، بە فارسی: اهل حق یان یارِسان، بە عەرەبی: يارسانية، الكاكائية) ئایینێکی تایبەتە، کە ھەڵگری بیروباوەڕی ئایینی جیاوازە، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاوە، بە تایبەت لە ھەڵەبجە و گوندی ھاواری سەر بە ھەڵەبجە، هەروەها کرماشان و گەرمیان. 

کاکەیی لە کەرکووک و نێوان ھەولێر و مووسڵ و شەبەکیش هەیە، ئەمانە ھەموو بە بنەچەی ھۆز و زمان و بیروباوەڕی ئایینی دەگەنەوە یەکتر.

شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی یارسان لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکاری بە خۆوە بینیووە. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە لە سەری ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی ھەورامان و شارەزوور و لوڕستان بڵاوبووتەوە و گەشەی کردووە، دواتر گەیشتووتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران.

زانیاری گشتی

جۆر گرووپی نەتەوەیی
پۆلێنکردن ئایینەکانی ئێران
کتێبی پیرۆز  سەرەنجام
ئایینەوانی تێکهەڵکێشانی ئایین، چاند و ڕێبازە هزرییە جیاوازەکان
هەرێم کوردستان
دامەزرێنەر سوڵتان سەهاک
بنەڕەت کۆتایی سەدەی ١٤
ئەندامان ٥٠٠,٠٠٠ بۆ ١,٠٠٠,٠٠٠ کەس
ناوەکانی تر
 ئایینی یاری، ئەھلی حەق یان کاکەیی
زمان زمانە کوردییەکان، زاری گۆران

جوگرافیا

زۆرینەی شوێنکەوتووانی یارسان لە پارێزگای کرماشان و ناوچە نزیکەکانی پارێزگای لوڕستان و پارێزگای ئیلام دەژین. لە ناوچەی ماھیدەشت و بیڤانیج و زوھاب لە کرماشان و گوندەکانی دێلفان و ھۆلیلان و پشت کوە لە ئیلام و لوڕستان زۆرینەن.

ناوەندە شارییەکان بریتین لە سەحنە و کرن و گاوارە، شارە گرنگەکانی تریش بریتین لە کرماشان و سەرپێڵی زەھاو و قەسری شیرین. ناوچەکانی تری ئێران کە دانیشتووانەکەی یارسانی بەرچاون بریتین لە ھەشتگرد، وەرامین لە نزیک تاران، مەراغە و تەورێز لە ئازەربایجانی ئێران. لە باشووری کوردستان پەیڕەوانی یارسان بەشێوەیەکی سەرەکی لە دەوروبەری مووسڵ و کەرکووک دەژین.

ناو

خەڵکی یارسان بە ناوی جیاوازەوە ناسراون ھەرچەندە ناوی یارسان و یاری زیاتر لە ھەر ناوێکی تر لە دەقە ئایینییەکاندا بەکارھاتووە، پەیڕەوانی ئەم ئایینەش خۆیان بە ناوی یار دەناسن، بەڵام لە ناوچە جیاوازەکان ناوەکانی جیاوازی وەک ئەهلی حەق، کاکەیی، سارلی، خێڵ، تایفەسان، گۆران، قەڵخانی، قزلباش، نیازی، یەهلی نیاز، ئەهلی سر، سرتالبی، شاملو، خواجوەند، سرئاقل و چەندانی تر. 

لە ئازەربایجانی ئێران شوێنکەوتووانی ھەندێک جار بە گۆران و ھەندێک جاریش شاملو ناودەبرێن، شاملو کەسانێک بوون کە لە شامەوە کۆچیان کرد بۆ ئازەربایجان لەلایەن ئەمیر تەیموور و لە سەردەمی سەفەوییەکان گۆڕان بۆ ئایینی یارسان، لە ئازەربایجانیش خەڵکی یارسان بە قەرە قۆینلو و گۆرنلەر، هەروەها بە ئەبدال بەنی ناودەبرێن. 

لە ئەفغانستان و لە تورکیاش شوێنکەوتووانی یارسان بە قزڵباش ناو دەبەن، لەبەر ئەوەی کە شوێنکەوتووانی یارسان لەو ھەرێمە بەشدارییان لە بزووتنەوەی قزڵباشدا کرد.

لە قەزوین شوێنکەوتووانی یارسان بە کاکاوەند ناودەبرێن، لە مازەندەرانیش خاجەوەند، لە زەنجان شوێنکەوتووانی یارسان بە سر تالبی ناودەبرێن، واتە ئارەزوومەندی نھێنییەکان.

کورتەی مێژوو

بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی یارسوڵتانە و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە، ھەرچەند بوونی ئایینی یارسان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میترایییەکان ٤٠٠٠ بۆ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئایینەکە دادەنرێت، کە ڕێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا. 

یەکێک لە کۆنترین ناودارانی یارسان بابا تاھیری ھەمەدانییە، لای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نووسراوەکانی لە سەرەنجام (پەرتووکی پیرۆزی ئایینی یارسان) بەدی دەکرێت کە نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانە.

ئایینی یارسان بە چەند دەوراندا ڕۆشتووە، پەیڕەوانی ئایینەکە ماوەی دەورێک بە ٣٠٠ ساڵ بە پێی سەرەنجام دەخەمڵێنن. هەتا سەردەمی سوڵتان سەھاک ئایینی یارسان ھەشت دەوری بەخۆوە بینیووە، کەواتە تەمەنی ئەم ئایینە بە لایەنی کەمەوە بۆ ٢٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە.

ناوداران

  • سوڵتان سەھاک: داڕێژەرەوەی ئایینی یارسان و شۆرشگێرێکی بیروباوەڕی یارسانەکانە. کوڕی شێخ عیسا بەرزنجەیە و لە ھەوراماندا ژیاوە.
  • شائیبراھیم: کوڕی محمد گەورەسوارە.
  • باوە یادگار: لە سەدەی ھەشتەمی کۆچیدا ژیاوە، مەزاری لە بناری چیای داڵاھۆیە لە نزیک گوندی زەردەی ڕێژاوی سەر بە کرند لە ڕۆژاوای کرماشان.
  • پیرشالیار: کەسایەتییەکی ناوچەی هەورامانی تەختە، کە مەزارەکەی لە هەمان ناوچەیە.
  • خامۆشی
  • قەلەندەری
  • میر ئەحمەد ناسراو بە میرسوری
  • باوەیسی
  • مستەفایی
  • شاخوشین: لە لوڕستان، یەکێکە لە کەسایەتییە پیرۆزەکانی ئایینی یارسان.

مەرجەکانی چوونە ناو ئایینی یارسان

بەچۆکداھاتن: بەپێی سەرئەنجام، ھەموو کەسێک (نێر و مێ) ناچارە بڕوای پیر و دەلیلی بێت و چۆک دابدات، ئەگینا بە یارسان ناژمێردرێت.

مۆری سمێڵ: بەپێی سەرەنجام، سمێڵ یەکێکە لە نەریتە پیرۆزەکانی یارسان و نابێت پیاوانی شوێنکەوتووی ئایینی یارسان سمێڵیان بتاشن، دەبێت سمێڵیان دەست لێنەدراو بمێنێتەوە. مەرجی چوونە ژوورەوەی ئاھەنگی جەم و دانیشتن لە ئەڵقەی جەم ئەوەیە کە سمێڵێکی دەست لێنەدراوی ھەبێت. تاشینی سمێڵ دەبێتە ھۆی بێ بڕوابوون و پوچەڵکردنەوەی بەچۆکداھاتن بۆ ئایینەکە.

زمان و شیعر

زمانی بیروباوەری یارسانی شێوەزاری گۆرانە کە زمانی دانیشتووانی چەندین دەڤەرە لە کرماشان، ئەردەڵان، باکووری لوڕستان و ھەمەدان. بۆ ماوەیەکی درێژ زمانی فەرمی حوکمڕانانی کوردستان و زمانی شیعر و شاعیران بووە. نموونەی بەیتی یارسان (شیعری شاخوشین لوڕستانی):

یارسان وەڕا

ڕای حەق ڕاسییەن بڕانان و ڕا

پاکی و ڕاستی و نیستی و ڕەدا

قەدەم و قەدەم تا و مەنزڵگا

بنەچە

سەرەتای دەستپێکی ئەم بزاڤە ئایینییە لە ناوچەی لوڕستانەوە بووە و دواتر بەرەو باکووری دەڤەری گۆراننشین پەرەی ستاندووە. ھەر لەبەر ئەوە ناوچەکانی لوڕستان و باشووری کوردستان، لە کۆنترین بیرەوەرییەکانی گۆرانەکاندا شوێنێکی بەرچاوی ھەیە، ھەر ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە شوێنە پیرۆزە دێرینەکانی ئەو ناوچانە، وەکوو ئاتەشکەدەی تاقگرا نزیک بە شاری زەھاو، یان دوکانی داوود کە پەیکەرێکی دێرینەیە، دەرکەوتووە پەیوەندی بە ئاگر پەرستییەوە ھەیە و بە پیرۆزی دەزانن.

بیروباوەڕ

وا دەزانرێت کە بیروباوەڕی یارسانی یەکێک بێت لە شیعە توندڕەوەکان، کە لە سەدەی نۆیەمدا سەری ھەڵداوە و زیاتر بە قزڵباش بانگ دەکران.

وشەی لێکدراوی ئەھلی حەق لە فەرھەنگی سۆفییەدا بە کەسانێک دەگوترێت کە پلە سەرەتایییەکانی تێگەیشتن شەریعەت، تەریقەت و مەعریفەتیان تێپەڕکردووە و گەیشتوونەتە ئەوپەڕی تێگەیشتوویی، واتە حەقیقەت.

ھەروەھا ئەم وشەیە بە واتای کەسایەتی تێگەیشتوو لە ڕازی ئایین دەگوترێت کە لەلایەن سوڵتان سەھاکەوە گەشەی کردووە. سوڵتان سەھاک گۆڕانکاری خستووەتە ناو ئەم ئایینە کوردییە دێرینە. ئەم ئایینە باوەڕی بە دۆن و دۆن (دووبارە ژیانەوە بەڵام لە کەسێکی تر) ھەیە.

یارسانەکان باوەڕیان بە خوایەکی گەورە و بنچینەیی ھەیە لەگەڵ شەش ھاوشێوەی خودا (واتە ڕۆحی خودا لەو شەش کەسەشدا ھەیە) ھەندێک لەو کەسانەش بەپێی بیر و باوەڕی یارسانییەکان بریتین لە عیسا، عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب و سوڵتان سەھاک، کە ئەوان پێشیان وایە سوڵتان سەهاک لەدایکبوونەکەشی لە کەسێکی وەک مریەم بووە. 

شوێنکەوتووانی یارسان باوەڕیان بە هەبوونی ڕۆح ھەیە، پێیان وایە خوا گەورە سەرەکییەکە ئیش و کاری مرۆڤ ڕاستەوخۆ بەڕێوە نابات و بەڵکوو لە ڕێگەی شەش لاشەکەوە کارەکان بەڕێوە دەبات کە ڕۆحی خۆی تێکردوون. کتێبە پیرۆزەکەی یارسان ناوی سەرەنجامە.

بنەماڵەکانی حەقیقەت

لە دەستووری یارسان ھەر پەیڕەوی ئەم ئایینە دەبێ پیر و دەلیلی بێت. لە سەردەمی سوڵتان سەھاکەوە، پیر بنیامین و داو کەوسوار دەلیلی ھەموو یارسانییەکان بوون، بەڵام بەھۆی ھاوسەرگیری نەکردن منداڵیان نەبووە، سوڵتان سەھاک حەوت بنەماڵەی بە ناوی بنەماڵەکانی حەقیقەت دامەزراند تا نەوەکانی داھاتووی یارسانییەکانیش لە ھەر چەرخە و سەردەمێک پیر و دەلیلیان هەبێت. ناوی ئەم بنەماڵانە بریتییە لە:

  • بنەماڵەی شائیبراھیمی
  • بنەماڵەی عالیقەڵەندەر
  • بنەماڵەی یادیگاری
  • بنەماڵەی خامۆشی
  • بنەماڵەی میرسۆری
  • بنەماڵەی مستەفایی
  • بنەماڵەی حاجی باوەیسی

پاشان لە سوڵتان سەھاک چوار بنەماڵەی تریشی بە دامەزرا کە بریتیبوون لە: 

  • بنەماڵەی زوننووری
  • بنەماڵەی ئاتەشبەیگی
  • بنەماڵەی شاھەیاسی
  • بنەماڵەی باوەحەیەری

ھەروەھا بنەماڵەیەکی تریش بە ناوی سەید دەوریشی کە لە نەسلی سەید دەوریش بووە، کە پێشتر بەشێک لە بنەماڵەی یادیگاری بووە، ئێستا پەیڕەوانی سەیادەتی بنەماڵەی خامۆشییان قەبووڵ کردووە و بوونە بە بەشێک لەم بنەماڵەیە.

هەروەها لە سەدەی بیستەمدا بڕێک لە پەیڕەوانی نیعمەتوڵی موکریی جەیحوون ئابادی کە پێشتر بەشێک لە بنەماڵەی شاحەیاسی بوون، لەم بنەماڵەیە لقیان دروستکرد و بنەماڵەی دوانزەیەمیان دامەزراند، کە خۆیان بنەماڵەی ساحیبزەمانی یان مەکتەبیان پێ دەوت.

ڕێگەی پیرەکان

ئایینی یارسان لە کۆنترین چینی ئایینە یەزدانییەکانە. ھەر یەک لە ئایینی زەردەشتی، یارسانی و عەلەوییەکانی باکووریش، ھەمان چینی پیرەکانیان ھەیە، ئەم ئایینانە لە چەندین ئەرک و شێوازدا لە یەک دەچن. بە گرووپە ئایینییەکانی ئێزدانی ناسراون. بڕێک لەم لەیەک چوونانە بریتین لە:

  • ھەبوونی پیر
  • ڕێزگرتن و پیرۆز زانینی سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئاو، ھەوا و ئاگر
  • بەکارھێنانی موسیقا، وەک دەف و تەموورە، بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی
  • ھێشتنەوەی سمێڵ لەناو یارسانی و ئێزیدیدا
  • ھەر چوار ئایینەکە چوارشەممە بە پیرۆزترین ڕۆژ دەبینن
  • لەبەرکردن جلوبەرگی ڕەنگ سپی بۆ پیاوانی ئایینی

کتێبی پیرۆز

سەرەنجام ناوی پەرتووکی پیرۆزی ئایینی یارسانە. ئەم پەرتووکە ھەموو وتووێژەکانی سوڵتان سەھاک لەگەڵ یارەکانی لەخۆ دەگرێت. بەڵام هیچ کام لە کتێبە چاپکراوەکان ھەموو وتە پیرۆزەکانی یارسان لەخۆ ناگرن. زۆربەی دەقی کتێبی سەرەنجام بە زاری گۆرانە، بەڵام چەند دێڕێکی سۆرانیشی تێدایە.


سەرچاوەکان



1165 بینین