فەتحی مەککە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-23-23:02:00 - کۆدی بابەت: 10760
فەتحی مەککە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فەتحی مەککە یان ئازادکردنی مەککە، فەتحی مەزن یاخود فەتحی گەورە (بە عەرەبی: فتح مكة یان الفتح الٲعظم، بە ئینگلیزی: Conquest of Mecca) لە ڕۆژی ٢٠ـی مانگی ڕەمەزانی ساڵی هەشتەمی کۆچی بەرانبەر بە ڕۆژی ١٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٦٣٠ زایینی موسڵمانان بە سەرکردایەتی پێغەمبەر ﷺ توانیان بچنە نێو شاری مەککەوە و بیکەنە بەشێک لە دەسەڵاتی ئیسلامی، بەبێ شەڕکردن کۆتاییان بە دەسەڵاتی قوڕەیش هێنا و مەککە بووە بەشێک لە دەسەڵاتی ئیسلامی.

هۆکاری فەتحی مەککە

پێشێلکردنی سوڵحی حودەیبییە لەلایەن قوڕەیشییەکانی مەککەوە هۆکاری سەرەکی فەتحی مەککە بوو، ئەو سوڵحە لە ساڵی شەشی کۆچی لەلایەن موسڵمانان و قوڕەیشییەکان واژۆ کرا و هەردوولا لەسەر چەند بەندێک ڕێککەوتن، یەکێک لە بەندەکان بریتی بوو لە ڕاگرتنی جەنگ بۆ ماوەی دە ساڵ لە نێوان هەردوولا، هەروەها بەندێکی تری پەیماننامەکە ئەوە بوو کە هەر هۆزێک ویستی لە ئاگربەستەکە دەتوانێت ببێتە لایەنگری قوڕەیش یان لایەنگری موسڵمانەکان.

هۆزی خوزاعە بوونە هاوپەیمانی موسڵمانان و هۆزی بەنوو بەکریش بوونە هاوپەیمانی قوڕەیش، پێشتر ئەم دوو هۆزە ناکۆکی دژمنایەتی کۆن لە نێوانیان هەبووە، بۆیە دوای ڕاگەیاندنی ئاشتی چەند سەرکردەیەکی قوڕەیش هۆزی بەنوو بەکریان هاندا کە تۆڵە لە هۆزی خوزاعە بکەنەوە، ئەوانیش بە شەو هێرشیان کردە سەر هۆزەکه و چەند کەسێکیان لێ کوشتن. بۆیە بەندەکانی پەیماننامەی حودەیبییە لەلایەن قوڕەیشەوە بەەهۆی ئەم کێشەیەوە پێشێڵکرا.

سەرۆکی هۆزی خوزاعە هانای بۆ پێغەمبەر ﷺ برد و پێی ڕاگەیاند کە لەلایەن هۆزی بەنوو بەکر هێرش کراوەتە سەریان، پێغەمبەر ﷺ بڕیاری دا هێرش بکەنە سەر مەککە و بڕیارەکەیان بە نهێنی هێشتەوە تاکوو قوڕەیشییەکانی مەککە ئاگادار نەبن. بەهۆی پێشێڵکردنی پەیماننامەکە ئەبوو سوفیانی کوڕی حەرب ناڕازی بوو، بە ناچاری گەشتی شاری مەدینەی کرد تاکوو دووبارە لەگەڵ موسڵمانان پەیماننامەکە نوێ بکاتەوە، بەڵام داواکەی لەلایەن پێغەمبەر ﷺ ڕەتکرایەوە.

ئامادەکاری موسڵمانان و فەتحکردنی مەککە

پێغەمبەر ﷺ دوای پێشێڵکردنی پەیمانی حودەیبییە بڕیاری فەتحی مەککەی دا، بەڵام لە سەرەتادا بە مەبەستی ئەوەی کە قوڕەیشییەکان بە پلانەکە نەزانن بڕیارەکەی بە نهێنی هێشتەوە. بەڵام دوای ئامادەکاری و بڕیاردان و ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوەڵان موسڵمانان بە ١٠ هەزار جەنگاوەرەوە و بە سەرکردایەتی پێغەمبەر ﷺ لە ڕۆژی دەی مانگی ڕەمەزانی ساڵی هەشتەمی کۆچی لە شاری مەدینەوە بە مەبەستی ئازادکردنی مەککە بەرەو شارەکە کەوتنەڕێ.

لە ڕێگە عەباسی کوڕی عەبدولموتەلیب کە مامی پێغەمبەر ﷺ بوو لەگەڵ خێزانەکەی لە مەککە دەرچووبوون و کۆچیان کردبوو و گەیشتنە سوپای موسڵمانان. کاتێک سوپای موسڵمانان نزیک سنووری مەککە بوونەوە و بەدیاریکراوی نزیک ناوچەی زەهران شەویان بەسەردا هات، پێغەمبەر ﷺ فرمانی بە هەموو سوپاکە کرد کە هەر موسڵمانێک پێویستە مەشخەڵێک لە ئاگر هەڵبکات، کاتێک قوڕەیشییەکانی مەککە ئەم ڕووداوەیان بینی دە هەزار جەنگاوەر مەشخەڵی ئاگرینیان پێیە ترسان، بە نهێنی ئەبوو سوفیان لە مەککە دەرچوو و چاوی بە عەباسی مامی پێغەمبەر ﷺ کەوت، ئیمام عەباس پێی ڕاگەیاند کە لەشکری موسڵمانان دە هەزار کەسن و دەیانەوێت مەککە فەتح بکەن، ئەبوو سوفیان داوای لە ئیمامی عەباس کرد کە دەیەوێت پێغەمبەر ﷺ ببینێت، بۆیە ئەبوو سوفیان لەلای پێغەمبەر ﷺ موسڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاند.

لە ڕۆژی ٢٠ـی مانگی ڕەمەزانی ساڵی هەشتەمی کۆچی سوپای موسڵمانان بەبێ جەنگ چوونە ناو شاری مەککەوە، جگە لە ناوچەی باشوور کە سوپای خالیدی کوڕی وەلید سەرکردایەتی دەکرد، چەند قوڕەیشییەک بە ڕابەرایەتی عەکرەمەی کوڕی ئەبوو جەهل ڕووبەڕووی سوپای موسڵمانان بوونەوە، خالیدی کوڕ وەلید دژیان وەستا و ١٢ کەسی لێ کوشتن و ئەوانی تریش هەڵهاتن، لەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دوو کەس لە موسڵمانان کوژران. دوای ئەم ڕووداوە سوپای خالیدی کوڕی وەلیدی لە سنووری باشوورەوە و سووپای ئەبوعوبەیدەی کوڕی جەڕاح لە ناوەڕاستی دۆڵی مەککەوە لەگەڵ سوپای زوبەیری کوڕی عەوام لە سنووری باکوورەوە چوونە ناو شاری مەککەوە.

لەشکری موسڵمانان بە سەرکردایەتی پێغەمبەر ﷺ بە تەکبیر کردنەوە چوونە ناو شاری مەککەوە، پێغەمبەر ﷺ فرمانی کردبوو هیچ موسڵمانێک شەڕ لەگەڵ بێباوەڕێکی قوڕەیش نەکات هەتاکوو ڕووبەڕوویان نەبنەوە. دوای چوونە ناو مەککە و تەواف کردن بە دەوری کەعبە، پێغەمبەر ﷺ کلیلی کەعبەی بە عوسمانی کوڕی عەففان سپارد. هاوەڵ بیلالی حەبەشی لەسەر داوای پێغەمبەر ﷺ چووە سەربانی کەعبەی پیرۆز و بۆ یەکەم جار لە مەککە بانگیدا.

پێغەمبەر ﷺ لەکاتی تەوافکردن و سوڕانەوەی بە دەوری کەعبەدا هەموو بتەکانی دەکەواند و ئایەتی ٨٢ سوورەتی الإسراءـی دەوتەوە کە خوای گەورە تێیدا دەفەرموێت: (وَقُلْ جَآءَ ٱلْحَقُّ وَزَهَقَ ٱلْبَٰطِلُ ۚ إِنَّ ٱلْبَٰطِلَ كَانَ زَهُوقًا)، واتا: ڕاستی و هەق دەرکەوتن و درۆ و ناڕاستییش پووچەڵ بووەوە. هەموو ناوەوە و دەرەوەی کەعبە لە بت و پەیکەر و وێنە پاککرایەوە. دوای فەتحی مەککە موسڵمانانی شاری مەدینە دڵگران بوون چونکە وایاندەزانی کە پێغەمبەر ﷺ هەر لە مەککە نیشتەجێ دەبێ و ناگەڕێتەوە بۆ شاری مەدینە، بەڵام پێغەمبەر ﷺ دوای ئازادکردنی مەککە گەڕایەوە شاری مەدینە.

دەرەنجامەکانی فەتحی مەککە

فەتحکردنی شاری مەککە دەرەنجامی زۆری هەبوو گرنگترینیان ئەوە بوو کە شاری مەککە کەوتە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانانەوە و بووە بەشێک لە دەسەڵاتی ئیسلامی و هێزی قورەیشییەکان بە تەواوەتی نەمان و لاواز بوون، موسڵمانان بوون بە هێزێکی گەورە لە نیمچەدوورگەی عەرەبیدا. ئاواتی پێغەمبەر ﷺ بەدیهات و زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی قورەیش موسڵمان بوون، دەوڵەتی ئیسلامی وەک هێزێکی سەرەکی لە نیمچەدوورگەی عەرەبی هاتە ئاراوە کە هیچ گرووپێکی تر نەیتوانی لە بەرامبەریدا بووەستێت، فەتحی مەککە بووە بنچینەیەکی سەرەتا بۆ بەهێزبوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیسلامی.


سەرچاوەکان



1005 بینین