ناشتنی گەنمەشامی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-29-20:01:00 - کۆدی بابەت: 10806
ناشتنی گەنمەشامی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی گەنمەشامی یان زەڕات (بە ئینگلیزی: Planting corn، بە عەرەبی: زراعة الذرة)، یەکێک لە ئەو جۆرە دانەوێڵانەیە کە پێویستی بە جێگەیەکی خۆرەتاوە، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکایە و یەکێکە لە ئەو دانەوێڵانەی کە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا چێنراوە، چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە کە کاتی پێگەشتنیان جیاوازە، هەندێکیان زووتر گەشەدەکەن هەندێکی تریان درەنگتر پێدەگەن، ئەوانەی درەنگتر پێدەگەن کاتی بەرهەمیان زیاترە و زۆرتر دەمێننەوە، هەروەها بۆ ئەوەی زۆرینەی کاتەکان بەرهەمی گەنمەشامی هەبێت، باشترە لە کاتی جیاوازدا تۆوەکان بچێنرێت، بۆ ئەوەی دواتر لە کاتی جیاوازدا بەرهەمی گەشەسەندوو هەبێت.  

گەنمەشامییە دووڕەگەکان پۆلێنکراون بۆ چوار جۆری سەرەکی بە گوێرەی بڕی شەکرەکانیان، ئاگاداربوون و زانینی زانیاری دەربارەی جۆرەکان هاوکارییە بۆ باخەوانەکان هەتاکوو بەرهەمێکی باشتر بەرهەمبهێنن، چونکە هەندێک لە جۆرەکان کاتێک پێکەوە دەچێنرێن ئاستی چۆنیەتی بەرهەمەکەیان کەمدەبێتەوە، لەناو کۆمەڵەکاندا چەندین جۆری جیاواز لە گەنمەشامی بوونی هەیە، کە ڕەنگی دەنکەکانیان لەگەڵ ڕێژەی شەکر و توانای بەرگەگرتنیان بۆ نەخۆشی و چەندین تایبەتمەندی جیاوازی تریان هەیە، واتە دەکرێت بە گوێرەی خواستی کەسەکان شێوازی گونجاو هەڵبژێردرێت.

کێڵگەی گەنمەشامییەکان ڕووبەڕووی نەخۆشی مێروویی و کەڕوویی دەبنەوە، یاخود لەلایەن مەمکداری وەک ئاسکەکانەوە دەخورێن، بەگوێرەی ئەو نیشانانەی کە لەسەر ڕووەکەکان دەردەکەون دەکرێت هۆکارەکەی بزانرێت، دواتر بەشێوازی گونجاو و دروست چارەسەر بکرێت، بۆ نموونە دەکرێت جۆرێک تۆو هەڵبژێردرێت کە توانای بەرگەگرتنی باشترە، یاخود جێگەیەکی گونجاوی بۆ دابینبکرێت لە ڕووی پلەی گەرمی و ڕێژەی شێ و هەواگۆڕکێ، یانیش بەکارهێنانی دەرمانی قڕپێکەر دەکرێت چارەسەربێت بۆ مێروو و کەڕووەکان.

هەنگاوەکانی چاندن

  • گەنمەشامی زۆر هەستیارە بە پلەی گەرمی نزم و سەرما، بۆیە کاتی چاندنی دەبێت بەلایەنی کەمەوە پلەی گەرمی خاک لە نێوان ١٦-١٨ پلەی سەدی ببێت، واتە بە گشتی پاش ٢-٣ هەفتە لە کۆتایی هاتنی سەرما و تۆفان لە بەهاردا دەچێنرێت.
  • دواتر تۆوەکەی دەچێنرێت، بەڵام بۆ ئەوەی کاتی چەکەرە کردنی تۆوەکە خێرا بکرێت ئەوا دەکرێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێری پێش چاندنیدا تۆوەکان لە بەرگێکی شێداردا هەڵبگیردرێن.
  • هەر تۆوێک لە قوڵاییەکی کەمدا دەچێنرێت کە ٢-٤ سانتیمەتربێت گونجاوە، بەڵام مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی تر دەبێت ٥-١٠ سانتیمەتر ببێت.
  • پاش چاندنی بڕێکی زۆر ئاوی پێدەدرێت، لە ڕۆژەکانی دواتریشدا ئاودانێکی گونجاوی ڕێکخراوی پێویستە.

شێوازی گرنگیپێدان

پێویستی بە خاکێکە کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان هاوکێش بۆ ترشبێت، لەگەڵ جێگەیەکی خۆرەتاو کە ڕۆژانە نزیکەی هەشت کاتژمێر ڕووناکی خۆری هەبێت، جگە لە ئەمانەش دەبێت خاکەکەی بەتەواوەتی وشکببێتەوە بەڵام هەموو کاتیش شێداربێت، چونکە گەنمەشامی بڕێکی زۆر ئاو هەڵدەمژێت، بەشێوەیەکی نموونەیی باشترە لە پاییزدا خاکەکەی بەپیت بکرێت، بە زیادکردنی ماددەی ئەندامی و پەیین بۆ خاکەکە، ئەگەر لە پاییزیشدا ئەوە نەکرێت ئەوا پێش چاندنی تۆوەکە دەکرێت ماددە خۆراکییەکانی بۆ زیادبکرێت.  

ئاودانێکی زۆر بۆ گەنمەشامی پێوستە، بە تایبەتی چونکە ڕەگەکەی ناچێتە قوڵاییەوە، لە ئەنجامدا بە هەبوونی خاکی وشک تووشی زیان دەبێت، هەروەها ئەو کاتانەی کە ئاووهەوا گەرمترە پێویستە ئاوی باشتری پێبدرێت، بەڵام بە زیادکردنی سەماد دەکرێت کێشەی وشکی کەمبکرێتەوە، چونکە ڕێگریدەکات لە بەهەڵمبوونی ئەو ئاوەی کە لە بنجی ڕووەکەکەدایە.  

وەرزی هاوین کاتی گوڵگرتنی گەنمەشامییە و ڕەنگی گوڵەکەشی سپی یان زەردە، بۆ گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵەکانیشیان پشت بە با دەبەستن، بۆیە باخەوانەکان بۆ ئەوەی هەموو ڕووەکەکان زۆرترین بایان هەبێت، ئەوا تۆوی گەنمەشامییەکان لە چەندین ڕیزدا دەچێنن کە درێژییەکەی کەمیان هەبێت، هەروەها ئەم جۆرە دانەوێلە وەرزێکی گەشەکردنی درێژخایەنی پێویستە و لە نێوان ٦٠-١٠٠ ڕۆژ دەخایەنێت، هەتاکوو تۆوەکە گەشەبکات و پێبگات، لە پاش ١٥-٢٣ ڕۆژ لە دروستبوونی ئاوریشمەکەی بەرهەمەکەشی دروستدەبێت و پێدەگات.

بۆ دڵنیابوونەوە لە پێگەیشتنی بەرهەمەکەی دەبێت لوتکەی دەنکەکانی تیژ نەبێت بەڵکو چەماوە و خڕبێت، ڕەنگەکەشی لە ناوەوە سپی و شیری بێت، بۆیە باشترە بەشێکی بەرگەکەی لاببرێت و بە نینۆک لایەکی دەنکەکەی ببڕدرێت و سەیری ڕەنگەکەی بکرێت، لە پاش لێکردنەوەی بەرهەمی گەنمەشامی جۆرە شیرینەکان تامە شیرینەکەیان بە تێپەڕبوونی لەدەست دەدەن، بۆیە باشترە پاش لێکردنەوەی ڕاستەوخۆ بەکاربهێنرێت.    


سەرچاوەکان

94 بینین