باشترین کات بۆ خواردنەوەی ئاو

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2023-01-02-00:14:00 - کۆدی بابەت: 10824
باشترین کات بۆ خواردنەوەی ئاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باشترین کات بۆ خواردنەوەی ئاو (بە ئینگلیزی: The Best time to drink water، بە عەرەبی: أفضل أوقات شرب الماء). هەموو خانەکانی لەش پێویستییان بە وەرگرتنی ئاوە. ئاو لە کرداری هەرسکردندا و هەروەها بۆ ئەندامەکانی دڵ و مێشک و سییەکان گرنگە. بەگشتی هەموو کەس دەزانن خواردنەوەی ئاو چەند پێویستە، بەڵام لەوانەیە بیانەوێت بزانن چی کاتێک بۆ خواردنەوەی ئاو باشترینە. چەندین بۆچوونی جیاواز لەسەر کاتی خواردنەوەی ئاو هەیە، دەشێت بابەتەکە بە تەواوی لای زۆربەی کەس ڕوون نەبێت.

کاتەکانی خواردنەوەی ئاو

بەیانیان

کاتێک لەخەو هەڵدەستیت، یەک بۆ دوو کوپ ئاو بخۆرەوە. لەجیاتی خواردنەوەی قاوە یان چا، هەوڵبدە ڕۆژەکەت بە خواردنەوەی ئاو دەست پێ بکەیت. لەبەرئەوەی بە درێژایی شەوەکە نووستوویت و هیچ ئاوێکت نەخواردووەتەوە، لەشت تووشی وشکبوونەوە بووە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، وشکبوونەوەی جەستە کاریگەری لەسەر بیرەوەری، سەرنج، ئاستی دڵەڕاوکێ و ماندووێتی کەسەکە دەکات. لەم کاتەدا خواردنەوەی ئاو زۆر پێوستە و بۆ لەش زۆر گرنگە، دواتر دەتوانیت قاوەکەشت بخۆیتەوە. هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەک نییە و هەروەها نەسەلمێنراوە کە خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا سوودی زیاترە بە بەراورد بە کاتەکانی تر.

پێش ژەمەکان

ئاو ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێکخستنی کێشی لەشدا هەیە، خواردنەوەی ئاو پێش ژەمەکان هەستی تێربوون زیاد دەکات و وا دەکات زیادەڕەوی لە خواردندا نەکەیت. توێژینەوەیەک سەلماندوێتی ئەو ئافرەت و پیاوانەی پێش ژەمەکان ئاویان خواردووەتەوە، زیاتر هەستیان بە تێری کردووە.

لەپێش و لەدوای ڕاهێنانکردن یان وەرزشکردن

لە کاتی ڕاهێنانکردن لە ڕێگەی ئارەقکردنەوە بڕێکی زۆر لە ئاو و ئەلکترۆلایت لەدەست دەدەیت. خواردنەوەی ئاو لەپێش و لەدوای ڕاهێنانکردن زۆر پێویستە، لەبەرئەوەی لەش لە وشکبوونەوە دەپارێزێت و هەروەها جێگەی ئەو شلەمەنییە دەگرێتەوە کە لەدەستت داوە. لە کاتی ڕاهێنانکردن لەدەستدانی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی جەستە زیان بە لەش دەگەیەنێت و دەشێت کەسەکە دووچاری ناهاوسەنگی ئەلکترۆلایەتەکان ببێتەوە. کەواتە خواردنەوەی ئاو لەم کاتەدا زۆر گرنگە، بە تایبەتی ئەگەر ئاوەکە بە جۆرە جیاوازەکانی ئەلکترۆلایت دەوڵەمەند کرابێت.

لە کاتی سەرئێشەدا

دەوترێت یەکێک لە نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە بریتییە لە سەرئێشە. کەواتە دەشێت بە خواردنەوەی ئاو لەو ئازارە ڕزگارت ببێت، بێگومان ئەگەر هۆکارەکەی وشکبوونەوەی جەستە بێت.

لەدوای ژەمەکان

خواردنەوەی ئاو لە دوای ژەمەکان یارمەتی کرداری هەرسکردن دەدات و ئاسانی دەکات. بە تایبەتی لەدوای خواردنی ئەو خۆراکانەی ڕێژەیەکی زۆر لە ڕیشاڵیان تێدایە. پێکهاتەی ڕیشاڵ کرداری هەرس ئاسان دەکات و بڕێکی زۆر لە ئاو هەڵدەمژێت. کەواتە ئەگەر لە ژەمێکدا بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵت وەرگرت، پێویستە ئاوی پێویست بخۆیتەوە تاکوو لەشت دووچاری وشکبوونەوە نەبێت.

پێش نووستن

پێش نووستن یەکێکی ترە لەو کاتە گونجاوانەی بۆ خوارنەوەی ئاو باشە، بەڵام هەوڵبدە زۆر نەخۆیتەوە و تەنها چەند قومێک گونجاوە. لەبەرئەوەی ئەگەر بڕێکی زۆر لە ئاو بخۆیتەوە، ئەوا پێویستە دواتر لە ناوەڕاستی شەوەکەدا هەستیت و میز بکەیت، بەمەش سووڕی خەوەکەت تێکدەچێت. باشترین کار ئەوەیە، پەرداخێک ئاو لەلای شوێنی نووستنەکەت دابنێیت بۆ ئەوەی هەر کاتێک هەستت بە تینووێتی کرد، بیخۆیتەوە. بۆ نموونە هەندێک کەس بەهۆی خواردنی چەند دەرمانێکی تایبەتەوە، دووچاری تینوێتییەکی زۆر دەبنەوە.


سەرچاوەکان



622 بینین