جەنگی نرخ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-02-10-17:44:00 - کۆدی بابەت: 10964
جەنگی نرخ

ناوه‌ڕۆك

جەنگی نرخ چییە؟

جەنگی نرخەکان یان شەڕی نرخ (بە ئینگلیزی: Price War، بە عەرەبی: حرب الأسعار) ئاڵوگۆڕێکی کێبەرکێیە لە نێوان کۆمپانیا ڕکابەرەکاندا کە نرخی بەرهەمەکانیان دادەبەزێنن، هەوڵێکی ستراتیجییە بۆ ئەوەی یەکتر بخەنە ژێر پرسیارەوە و پشکی زیاتری بازاڕ بەدەستبهێنن.

جەنگی نرخ بۆ زیادکردنی داهات لە ماوەی کورتخایەندا بەکاردەهێنرێت، یان وەک ستراتیجییەکی ماوە درێژخایەنتر بەکاردەهێنرێت.

دەتوانرێت لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ستراتیجی نرخەوە ڕێگری لە جەنگی نرخەکان بکرێت، کە پشت بە نرخدانانی ئاشتییانە و تێگەیشتنێکی ورد لە کێبەرکێ و تەنانەت پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ ڕکابەرەکانیش دەبەستێت.

تێگەیشتن لە جەنگی نرخ

کاتێک کۆمپانیایەک هەوڵدەدات پشکی بازاڕ زیاد بکات، ئاسانترین ڕێگە بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە کەمکردنەوەی نرخەکان، کە دواتر دەبێتە هۆی ئەوەی فرۆشی بەرهەمەکانیان زیاد بکات، لە ئەنجامدا سوود بە کڕیاران دەگەیەنێت.

لە کۆتاییدا ئەم دابەزاندنی نرخە دەگاتە خاڵێکی نرخ کە تەنها یەک کۆمپانیا توانای پێشکەشکردنی هەیە، لە هەمان کاتدا هێشتا قازانجی هەیە. تەنانەت هەندێک کۆمپانیا لە هەوڵدا بۆ نەهێشتنی ڕکابەرییەکە بە تەواوی بە زیان بەرهەمەکانیان دەفرۆشن.

هۆکارەکانی جەنگی نرخ

هۆکارە سەرەکییەکانی ڕوودانی جەنگی نرخەکان بریتین لە:

جیاکردنەوەی بەرهەم: هەندێک بەرهەم لەبەر ئەوەی زۆرە و براندی زۆر خاوەنی ئەو جۆرە بەرهەمەن، هەڵبژاردن لە نێوانیاندا کەمە، لەم کاتەدا جیاکردنەوەی بەرهەمەکان بە گۆڕانکاری لە نرخدا هۆکارێکی سەرەکی کێبەرکێیە. 

نرخی دزەپێکردن: ستراتیجییەکی نرخدانانە، کە لە سەرەتادا بەرهەمێک بە نرخی نزم دەفرۆشرێت بۆ ئەوەی بە خێرایی بگاتە بازاڕ، ئەگەر بازرگانێک هەوڵی چوونە ناو بازاڕێکی دامەزراو بدات، لەوانەیە نرخی بەرهەمەکانی کەمتر لە براندەکانی تری بازاڕ پێشکەش بکات، تا زووتر بناسرێت و فرۆشی زۆر بێت.

ئۆلیگۆپۆلی (کەمە پاوان خوازی): ئەگەر پێکهاتەی پیشەسازی کەمە پاوان خوازی بێت (واتە ڕکابەری گەورەی کەم هەبێت)، ڕکابەرەکان لە نزیکەوە چاودێری نرخی یەکتر دەکەن و ئامادە دەبن بۆ وەڵامدانەوەی هەر کەمکردنەوەی نرخێک.

مایەپووچی: ئەو کۆمپانیایەی نزیکن لە مایەپووچ بوون ڕەنگە ناچار بن نرخەکانیان بۆ زیادکردنی قەبارەی فرۆشتنیان کەم بکەنەوە، بەو هۆیەوە پارەی نەختینەیی پێویست بەدەستبهێنن تا کۆمپانیاکەیانی پێ بەڕێوە ببەن.

فێڵکاری لە دانانی نرخەکان: بازرگانێک کە باڵانسی بانکی تەندروستە، ڕەنگە بە ئەنقەست نرخی بەرهەمە نوێ یان هەبووەکان دابنێت لە هەوڵێکدا بۆ ڕووخاندنی بازرگانەکانی ئێستا لەو بازاڕەدا، بۆ ئەوەی نرخەکانی لە نرخی ئەوان کەمتر بێت و لای گرنگ نییە کە قازانجێکی تەواو لە فرۆشتنی بەرهەمەکان بکات.

ڕکابەرەکان: ڕەنگە ڕکابەرێک بەرهەمێک بکاتە ئامانج و هەوڵی بەدەستهێنانی پشکی بازاڕ بدات بە فرۆشتنی جێگرەوەکەی بە نرخێکی کەمتر. هەندێک دەڵێن باشترە براندێکی نوێی ڕکابەری جێگرەوە بە نرخی کەمتر بناسێنرێت، لە بری ئەوەی هەوڵ بدرێت لەگەڵ نرخی ئەو براندانەدا بگونجێن کە پێشتر لە بازاڕدا بوون و نرخەکانیان بەرزترە.

بۆچی جەنگی نرخ باوە؟

جەنگی نرخ لەو شوێنانەدا باوە کە سەقامگیری نرخ بۆ ماوەیەکی تاڕادەیەک درێژ بوونی هەبووە، وا بیردەکرێتەوە کە ئەم نرخانە هەمیشە بەرز بن، بۆیە کاتێک نرخەکان نزم دەکرێنەوە دەبێتە جێی سەرنجی کڕیاران.

ڕەنگە کۆمپانیایەک بڕیار بدات کە بازرگانە ڕکابەرەکانی لە پیشەسازییەکەدا بە کەمکردنەوەی نرخی بەرهەمەکانی کەم بکاتەوە. هۆکاری دابەزاندنی نرخەکان بۆ ئەوەیە کە بتوانن ئەمانە بەدەست بهێنن:

  • پشکی زیاتری بازاڕ بەدەست بهێنن
  • جێگیری بەدەستهێنانی پارەی بەردەوام
  • زیادکردنی داهاتی گشتی

بەگشتی جەنگی نرخەکان خێراتر لە پیشەسازییەکدا پەرەدەستێنێت کە بازرگانەکان یان بەزەحمەت یەکتر دەناسن یان متمانەیان بە یەکتر نییە. بەڕێوەبەران دەبێت بتوانن لە هۆکار و تایبەتمەندی جەنگی نرخ تێبگەن، بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری گونجاو لەسەر ئەمانە بدەن:

  • کەی جەنگی نرخ بکەین؟
  • چۆن جەنگی نرخ بکەین؟
  • کەی لە جەنگی نرخ پاشەکشە بکەین؟
  • کەی دەست بە جەنگێک بکەین؟

کاریگەرییەکانی جەنگی نرخ

ئەو بازرگانییەی کە دەچێتە ناو جەنگەوە دەبێت دەستبەرداری قازانجەکان بۆ بەدەستهێنانی سوودێک بێت. ڕکابەرە گەورەکان لە بازاڕدا نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ کەمکردنەوەی ڕکابەرەکانیان دادەبەزێنن، ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەکارهێنەران هەبێت چونکە بژاردەی کەمتریان بۆ دەمێنێتەوە بۆ هەڵبژاردن.

ئەگەر بازرگانییەک بچێتە جەنگی نرخەوە، کاریگەری لەسەر ناوی براندەکە زۆر دەبيت. هەروەها کاتێک نرخەکان کەمکرانەوە، دووبارە زیادکردنیان ئاسان نییە.

توێژینەوەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە جەنگی نرخەکان دەتوانێت زیانێکی بەرچاو بەو کۆمپانیایانە بگەیەنێت کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە ئەنجام دەدەن.

هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکان زیانیان بەر بکەوێت و سوودی کێبەرکێی خۆیان لەدەست بدەن. ڕەنگە قوربانیانی جەنگی نرخەکان وەک جێگرەوە دابنرێن، تەنانەت تووشی مەیەپووچ بوون ببن.

 جگە لەوەش ئەو کۆمپانیایانە کە بەشداری جەنگی نرخەکان دەکەن تاکە لایەنی زیانلێکەوتوو نین، خاوەن پشکەکانی تری وەک دابینکەران، کەناڵەکانی پەخشکردن و وەبەرهێنەران کە پەیوەندییان بە زنجیرەی بەرهەمهێنان و پرۆسەی فرۆشتنەوە هەبووە، کاریگەرییان لەسەر دەبێت.

ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی قازانج لە ماوەی کورتخایەندا، هەروەها دەبێتە هۆی بوونی سەرنجێک لەسەر ناو و ناوبانگی کۆمپانیاکە لە ماوەی درێژخایەندا. جەنگی نرخەکان لە هەموو جۆرە بازاڕ و بازرگانییەکدا ڕووی داوە و ڕوو دەدات. 

لە ماوەی کورتخایەندا پێدەچێت بەکارهێنەران لە کاتی جەنگەکانی نرخدا لە دابەزینی نرخ سوودمەند بن. لە ماوەی درێژخایەندا بەکارهێنەران ئەگەری زۆرە نرخی ناڕاستەقینە پێکبهێنن و لەوانەیە ڕووبەڕەوی بەرهەمی کوالێتی نزم ببنەوە.

 سوودەکانی جەنگی نرخ

  • کڕیاران سوودمەند دەبن بەهۆی کەمبوونەوەی نرخی بەرهەمەکان.
  • کۆمپانیاکان ئەو سوودە بەدەست دەهێنن کە کڕیاری زیاتر بۆ بەرهەمەکانیان ڕادەکێشن.

زیانەکانی جەنگی نرخ

  • دەتوانێت کاریگەری جدی لەسەر ئەدای دارایی کۆمپانیاکە هەبێت، هەروەها کاریگەری لەسەر بازاڕ و کڕیارەکان هەبێت.
  • کۆمپانیا بازرگانییە بچووکەکان ناتوانن وەک ڕکابەرە گەورەکانی تر بەم کەمکردنەوەی نرخەدا تێپەڕبن. بە تێپەڕبوونی کات کارەکانیان لەدەست دەدەن.
  • کاتێک بازاڕ لە پرۆسەی جەنگی نرخەکاندا بن، ڕکابەرە گەورەکان چێژ لە پشکی بازاڕ وەردەگرن و دەست دەکەنەوە بە بەرزکردنەوەی نرخەکان.
  • ڕکابەرایەتی تەندروست لە بازاڕدا بنبڕ دەکات.
  • بەو پێیەی نرخەکان کەم دەکرێنەوە، لەوانەیە مووچەی فەرمانبەران و کاتە زیادەکان کەم بکەنەوە. بۆیە کاتێک کێبەرکێ کەم دەبێتەوە، دەرفەتی دامەزراندنیش کەم دەبێتەوە.
  • لەگەڵ ستراتیجی نرخێکی کەم، بازرگانییەک ناتوانێت پێگەی باشترین بەرهەم بەدەستبهێنێت کە لە بازاڕدا بەردەستە، بەهۆی بەرهەمی زۆر و نرخی کەمەوە.

چۆن خۆمان لە جەنگی نرخ بەدوور بگرین؟

دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە جەنگی نرخەکان دوور بخرێتەوە:

  • ئەو ستراتیجییانە پشتگوێ بخەن کە ڕکابەرەکان ناچار دەکەن بەرپەرچدانەوەی دابەزینی نرخەکان بدەنەوە.
  • داننان بە دۆخی بەهای کێبەرکێ.
  • تێنەگەیشتن لە پێشهاتەکانی کێبەرکێ و بازاڕ پشتگوێ بخە و کاریگەری لەسەر شوێنی بازاڕ یان کەناڵەکان دابنێ.

چۆن جەنگی نرخەکان بوەستێنین؟

کاتێک جەنگی نرخ ڕوودەدات، کۆمپانیاکان ناچار دەبن وەڵامدانەوەیان بە دانانی ستراتیجییەکی گونجاو هەبێت، لە زۆربەی بارەکاندا زۆربەی کۆمپانیاکان بەگشتی بە کەمکردنەوەی نرخەکان لە هەرکاتێک کە جەنگی نرخ لە بازاڕدا ڕوویدا بەرەنگار دەبنەوە. ڕێگاکانی وەستاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی نرخ بریتیین لە:

ئاشکراکردنی مەبەست بۆ ڕکابەرەکان: گرنگە کۆمپانیایەک مەبەستی خۆی لە کاتی دابەزاندنی نرخەکان بۆ ڕکابەرەکانی ئاشکرا بکات. بۆ نموونە دەتوانێت ڕکابەرەکانی ئاگادار بکاتەوە لە نیازی هاتنە پێشەوەی نییە و نایەوێت تێچوونەکانی خۆی زیاد بکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە. پێویستە بەڕووی ڕکابەرەکانیدا ڕوونی بکاتەوە کە مەبەستی ئەوە نییە کە لەسەر بنەمای نرخ ڕکابەری لە بازاڕدا بکات، بەڵکوو دەتوانێت گرنگی بە کوالێتی بەرهەمەکانی بدات و سەرنج بخاتە سەری. هۆکاری پشت ئەم ستراتیجییە بۆ ترساندنی ڕکابەرەکانە.

کێبەرکێی توند لەسەر ڕێوشوێنی نا نرخ: بەشداری کێبەرکێیەک بکەیت کە نرخێکی تێدا نەبێت. بۆ نموونە لە ئەگەری ئەوەی ڕکابەرێک نرخەکانی دابەزاندبێت،  کەسانی تریش ئامادەبن هەمان شت بکەن، ئەوا کۆمپانیاکە یان دەبێت کار بەو نرخەی ئێستا بکات یان زیادی بکات. هۆکاری سەرەکی ئەنجامدانی ئەم کارە بۆ ڕێگریکردنە لە تێکچوونی وێنەی براند لە بازاڕدا.

جەختکردنەوە لەسەر کوالێتی بەرز: دڵنیابوون لە کوالێتی بەرزی بەرهەمەکانت ڕێگەیەکی ترە کە کۆمپانیایەک دەتوانێت خۆی لە بەشداریکردن لە جەنگی نرخ ڕزگار بکات. دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیاران زیاتر سەرنجیان لەسەر کوالیتی بێت نەک لەسەر کەمی نرخ. واتە پێویست ناکات بازرگانییەک نرخی بەرهەمەکانیان دابەزێنێت بۆ ئەوەی کڕیارەکان بەرهەمەکانی بکڕن. کوالیتی بەس دەبێت بۆ ئەوەی کڕیارەکان بۆخۆیان ڕابکێشن. هەروەها دەتوانن ئامۆژگاری کڕیاران بکەن سەبارەت بەو مەترسیانەی کە پەیوەندییان بە بەرهەمە کەم نرخەکانەوە هەیە.

بەشداریکردن لە جەنگی شەڕدا: یەکێکی تر لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی جەنگی نرخ، بەشداریکردنە لەجەنگەکە. بەڵام ئەمە تەنها لە بارێکدا دەبێت کە کۆمپانیاکە باڵادەست بێت لە پیشەسازیدا. هۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری جەنگی نرخەکان بکات، دەبێت لە ڕووی داراییەوە سەقامگیر بێت. ئەو کۆمپانیایانە کە پشکی گەورەیان هەیە توانای مانەوەیان هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە جەنگی نرخەکاندا.

پلاندانان بۆ ستراتیجییەکانی پاشەکشە: لەو شوێنانەی کە کۆمپانیایەک توانای بەشداریکردنی جەنگی نییە، دەتوانێت چەند ستراتیجییەک دابنێت کە یارمەتیدەر بێت. کاتێک کۆمپانیایەک بڕیاری پاشەکشە دەدات لەبەر ئەوەیە کە دەزانێت ئەگەری مانەوەی لە جەنگی نرخدا نزیکە لە سفر، بۆیە پێویستە لێی دەرچێت و بەرەنگاری نەبیتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە جەنگێکی درێژخایەنی نرخەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیاران چاوەڕوانی نرخێکی کەمتر بکەن، ئەمەش لە ماوەی درێژخایەندا ڕەنگە ببێتە هۆی مایەپووچبوونی کۆمپانیاکە.

پەرەپێدانی بەرهەمی نوێ: ئەو کۆمپانیایانە کە ڕووبەڕووی جەنگی نرخ دەبنەوە زۆرجار پەنا بۆ دروستکردنی بەرهەمێکی نوێ دەبەن. بەرهەمێکی نوێ دەتوانێت لەم جۆرە بارانەدا زۆر بەسوود بێت. بۆ نموونە، بەرهەمێکی نوێ ڕەنگە تەکنەلۆجیای باشتری هەبێت یان هەندێک سوودی هەستپێکراوی هەبێت. لێرەوە ڕەنگە کۆمپانیاکە ناچار نەبێت هاوتای کەمکردنەوەی نرخەکانی ڕکابەرەکانیان بێت. بەڵکوو دەتوانن پاساو بۆ نرخە گرانەکەی بهێننەوە چونکە بەرهەمی باشتری هەیە. لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی ڕکابەرییەکە ببنەوە، بەرهەمێکی نوێ دروست دەکەن، کە مەبەست لێی شەڕکردنە لەگەڵ بەرهەمە کەم نرخەکاندا. 


سەرچاوەکان



637 بینین