چۆن بە شێوەیەکی خێرا زمانی ئینگلیزیم باش بکەم؟

له‌لایه‌ن: - سەنا تاڵیب سەنا تاڵیب - به‌روار: 2023-02-12-02:15:00 - کۆدی بابەت: 10977
چۆن بە شێوەیەکی خێرا زمانی ئینگلیزیم باش بکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فێربوونی ئینگلیزی (بە عەرەبی: تعلم اللغة انكليزية، بە ئینگلیزی: Learning English) ئینگلیزی زمانێکی خۆشە بۆ فێربوون، هەرچەندە بەردەستە و تارادەیەک ئاسانە بۆ فێربوون، لەگەڵ ٧٥٠٠٠٠ وشە بەڵام وادیارە فێربوونی ئینگلیزی بەخێرایی نەگونجاوە. بەڵام ئەگەر تۆ ڕێگەیەکی ستراتیجی ڕاستت هەبێت ئەوا بەشێوەیەکی زۆر ئاسان و خێرا فێردەبیت.

چەند خاڵێکی گرنگ بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەخێرایی

هەموو ئەو شتانە بخوێنەرەوە کە لە بەردەستتدان

ئەدەبی کلاسیکی، ڕۆژنامە، ماڵپەڕ، ئیمەیڵ، ڕاوبۆچوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت، ئەگەر ئەمانە بە ئینگلیزی هەیە ئەوا بیانخوێنەرەوە . چونکە ئەم دەقانە پڕن لە وشەی تازە و هەندێکیش کە لەوانەیە بیزانیت، ئەمە یارمەتی تۆ دەدات بە خێرایی بەرەوپێش بچیت و دووبارەکردنەوەی بەکارهێنانی وشەکان نموونەی زیاترت پێدەبەخشێت و ئەو وشە تازانە لەمێشکت جێگیردەبن، بەم شێوەیە وشەسازیت زیاد دەکات بەتایبەت لە زمانێکی وەک ئینگلیزیشدا کە وشەسازی زۆر گرنگە و فراوانە، هەرچۆنێک بێت تەنها خوێندنەوە و بەردەوامبوون گرنگ نییە بەڵکو پێویستە.

نوسینی ئەو وشە تازانەی فێردەبیت  بە تێبینی لە دەفتەرێکدا

ئەم خاڵە شێوازێکی کۆنە بەڵام سوودی زۆری هەیە، کاتێک وشەی نوێ لە دەستەواژەیەکدا فێردەبین  زۆر جار وادەزانین لەبیرچوونەوەی مەحاڵە بەڵام هەموو شتێک بە یەکەم جار لە مێشک جێگیر نابێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە هەوڵی بەکارهێنانی دەفتەری تێبینی بدە، هەرکاتێک وشەیەکی نوێ فێردەبیت یان دەبیستیت و دەیخوێنیتەوە. پێویستە هەر وشەیەک لە ڕستە یان دەستەواژەیەکدا بنووسیت چونکە وشەکانی زمانی ئینگلیزی چەند واتایەکیان هەیە کە بەپێی ڕستەکە دەگۆڕێت.

قسە لەگەڵ کەسێکی تر بکە بە ڕاستەوخۆیی

مرۆڤ لەم سەردەمەدا بەردەوام لە پەیوەندیدایە و زیاتر شارەزا بووە، قسەکردن و بەکارهێنانی وشەکان کاریگەری زیاتری ئەبێت لە بەرەوپێش چوونی قسەکردن بەو زمانەی دەتەوێت فێرببیت. چەند جار گوێمان لێبووە خەڵکی دەڵێن کە کێشەی تێگەشتنم نییە بەڵام ناتوانم بە ئینگلیزی قسە بکەم بەباشی، هۆکارەکەی دوورکەوتنەوەیە لە بەکارهێنانی زمانەکە و تەنها فێربوونە بە نووسین و خوێندنەوە، زۆر کەس وادەزانن قسەکردن بەربەستێکی زۆر قورسە و ناتوانن سەربکەون بەسەریدا، بەڵام بەژداریکردن لە کۆڕی گفتوگۆکردن بەتایبەت لەگەڵ ئینگلیزە ڕەسەنەکان، هەروەها ئاڵوگۆڕی زمانی نافەرمی.

هاوبەشی کردنی کەناڵی یوتیوب و ڤیدیۆ تایبەت بە زمانی ئینگلیزی

گوێ گرتن یەکێکە لە ستراتیجییە زۆر کاریگەرەکان کە زۆر بە خێرایی دەبێتە هۆی گۆڕانکاری گەورە، بابەتەکانی وەک سیاسەت، خواردن درووستکردن، گاڵتەجاڕی یان هەربابەتێکی خوازراوی خۆت لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل یان کاتی پشوو دەتوانی گوێبیستیان ببیت، لەوانەیە لە سەرەتادا تێگەیشتن کەم بێت یان هەر تێنەگەیت بەڵام بە بەردەوامی و تێپەڕبوونی کات هەست بە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە دەکەیت لە تێگەیشتن و تەنانەت دەربڕینی وشەکانیشت زۆر جوانتر دەبێت لە کاتێکی کەمتردا ئەگەر گوێبگریت لە قسەکەرە ڕەسەنەکان زووتر ئەو کاریگەرییە هەست پێدەکەیت، زۆرترین کات بۆ ئەم خاڵە دابنێ تا بە زووترین کات قسەبکەیت.

گەشتی دەرەوەی وڵات بکە

ئەگەر ڕێگەیەکی باشتر هەبێت بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە نوقم بوون لەناو خوێندن و گرنگی پێدانێکی زۆر ئەوا گەشتکردنە بۆ دەرەوەی وڵات و تێکەڵبوونە بە کلتووری ئەو وڵاتە، ئەوە ئاشکرایە کە ئینگلیزی بەربڵاوترین زمانە لە جیهاندا، لیستێکی درێژ لە وڵاتان هەیە دەتوانیت ژینگەی فێربوونی نموونەیی خۆت هەڵبژێریت لەسەر بنەمای ناوچە، کەش و هەوا، یان شاری دڵخواز، بیربکەرەوە لە ئوسترالیا و نیوزیلاند و بەریتانیا و ئەمریکا و کەنەدا و ئەفریقای باشوور و چەندەها وڵاتی سەرنجڕاکێش و دڵگیریتر.

هاوڕێکانت بەکاربهێنە

ئایا هاوڕێت هەیە کە پۆست بە ئینگلیزی بکات؟ ئایا هاوڕێت هەیە زمانی ئینگلیزی بزانێت؟ یاخود کەسێک لەناو  خێزانەکەت ئینگلیزی دەزانێت؟ ئەگەر هەبێت ئەوا کارەکە ئاسان دەبێت بۆت و پێکەوە گفتوگۆی ڕۆژانە بکەن یاخود بابەتە جیاوازەکان بە هاوبەشی باسبکەن و دەتوانن هەڵە بۆ یەکتری ڕاست بکەنەوە و بەم شێوەیە ترسی قسەکردن و بەکارهێنانی زمانەکە کەمتر دەبێتەوە و دەتوانیت بە ئاسوودەیی قسە بکەیت بەپێی کات.

پرسیاری زۆر بکە

کاتێک فێری ئینگلیزی دەبیت پرسیارێکی زۆرت بۆ دروست دەبێت، گومانەکانت مەشارەوە پرسیار بکە و چارەسەریان بکە، ئەگەر لە کۆرسێک بەژداریت کردووە ئەوا پرسیار لە مامۆستاکەت بکە، یان ئەگەر بەتەنها دەخوێنیت ئەوا نیگەران مەبە وەڵامی پرسیارەکانت لە ماڵپەڕ و سایتەکان بدۆزەرەوە یاخود پرسیار لە هاوڕێکانت بکە، بەم شێوەیە زۆر دڵخۆش دەبیت کە هەموو شتێک ڕوون بێت لەلات.

لە کەسانی دیارەوە فێرببە

فێربوونەکەت چێژبەخشتر بکە بە هەڵبژاردنی کەسێکی بەناوبانگی ئینگلیز کە ڕۆژانە گوێبیستی ببیت یان کۆمەڵێک چاوپێکەوتن بدۆزەرەوە سەیریان بکە و تێبینی قسەکردن و شێوازی دەربڕینە جوانەکانیان بکە، ئەو وشە نوێیانەی بەکاری دەهێنن و لەم چاوپێکەوتنانەدا چیرۆک و بەسەرھاتی زۆر باس دەکرت کە سوودی بۆت دەبێت و زۆر جار گاڵتەجاڕیش دەکەن کە دەبنە هۆی دڵخۆشیت.

بەو شتە دەست پێبکە کە بەڕاستی پێویستت پێیەتی

ئینگلیزیەکەت زۆر زیاتر بەرەو پێش دەڕوات ئەگەر بەردەوام هاندانەکانی خۆت بۆ فێربوون بە بیر خۆت بهێنیتەوە، ئەو بوارەی خۆت تێیدا کار دەکەیت یان حەزدەکەیت شارەزاییت زیاتر بێت تێیدا ئەوا وشەسازییت لەو بوارەدا بەرەو پێش ببە، لەگەڵ ئەوەشدا وشەسازی گەشت و گوزارییەکان زۆر پێویستن بۆ فێربوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا فێری زۆر شت دەبیت هەر شتێک کە دەتەوێت بە شێوەیەکی جادوویی گۆڕانکری لە خۆتدا دەبینیت.

لەخۆت توڕە مەبە کاتێک سارد دەبیتەوە

کاتێک کە هەست دەکەیت ئاستت وەستاوە و بەرەو پێش نەڕۆشتویت ئەمە شتێکی ئاساییە و هەموو فێرخوازێک دووچاری ئەم حاڵەتە دەبێتەوە. هەرگیز مەڵێ من ناتوانم ئینگلیزی فێرببم یان من هەرگیز ئەمە بەدەست ناهێنم، ئەم دەستەواژانە لە بیرکردنەوەکانتدا قەدەغە بکە، بەکارهێنانی قسەی ڕەشبینانە واتلێدەکەن سەرکەوتنت مەحاڵ بێت بۆ ئەو ئامانجەی داتناوە و بە هەموو شێوەیەک ڕێز لە خۆت بگرە، هانی خۆت بدە، پاداشتی خۆت بکە لە هەر گۆڕانکارییەکی باشدا و جار جارە پشووی کورت وەرگرتن و بەدوایدا بەردەوامی پێویستە.

 

 


سەرچاوەکان



446 بینین