تێنێسی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-12-22:00:00 - کۆدی بابەت: 10986
تێنێسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی تێنێسی (بە ئینگلیزی: Tennessee، بە عەرەبی: تينيسي)، بە فەرمی ویلایەتی تێنێسی، ویلایەتێکی بێ کەنارە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە ٣٦ـەم گەورەترین ویلایەت و ١٥ـیەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر ٥٠ ویلایەتەکەی وڵاتە. لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی کێنتاکیی، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڤێرجینیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ کارۆلینای باکوور، لە باشوورەوە لەگەڵ جۆرجیا، ئەلاباما و میسیسیپی و لە باکووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ میزۆری هاوسنوورە. تێنێسی لەڕووی جوگرافی و کولتووری و یاساییەوە بەسەر سێ ناوچەی جوگرافی گەورەی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست و ڕۆژئاوای تێنێسیدا دابەشکراوە. ناشڤیل پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکەیە و گەورەناوچەی ناشڤیل گەورەترین گەورەناوچەی ویلایەتەکەیە. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی تێنێسی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا نزیکەی ٦,٩ ملیۆن کەس بوو.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی تێنێسی ١٠٩,٢٤٧ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٠٦,٨٤٦ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٢,٤٠١ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٢,٢٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٦٤,٨ کەس و لە پلەی ٢٠ـی وڵاتدا بوو.

ناو و مێژووی ویلایەتەکە

ناوی تێنێسی لە وشەی "Tanasi"ـەوە سەرچاوەی گرتووە کە جێگیرگەیەکی مێژوویی ئەندامی گەلێکی سوور پێست بوو و لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باکوور دامەزرا. تێنێسی پێش بە ویلایەتبوونی سەرەتا بەشێک بوو لە کارۆلینای باکوور و دواتر بەشێک بوو لە خاکی باشووری ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆهایۆ، پاشان لە ١٦ـی حوزەیرانی ١٧٩٦ـدا بوو بە ١٦ـەیەم ویلایەتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە، هەتا شەڕی ناوخۆی ئەمریکا، ویلایەتێکی کۆیلە بوو واتە کۆیلەیی و بازرگانی کردن بە کۆیلە شتێکی یاسایی بوو. تێنێسی لەڕووی سیاسییەوە دابەش بوو، بەشەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ویلایەتەکە پشتگیری کۆنفیدڕاڵیان کرد و ناوچەی ڕۆژهەڵات لایەنگری یەکێتییەکە بوو. لە ئەنجامدا، تێنسی دوا ویلایەت بوو کە لە یەکێتییەکە جیابووەوە و یەکەم ویلایەتیش بوو کە دوای جەنگ لە یەکێتییەکە وەرگیرایەوە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی تێنێسی ٦,٩١٠,٨٤٠ کەسە، ئەم ژمارەیەش لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـەوە بە ڕێژەی ٨,٩٠٪ زیادی کردووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٩ـدا، بەهۆی زیادبوونی سروشتییەوە ١٤٣,٢٥٣ کەس (کە ٧٤٤,٢٧٤ حاڵەتی لەدایکبوون و ٦٠١,٠٢١ مردن تۆمارکرا) زیادی کرد و ٣٣٨,٤٢٨ کەسیش بەهۆی کۆچەوە هاتوونەتە ویلایەتەکە، کە ٧٩,٠٨٦ کەسیان لە دەرەوەی ئەمریکا و ٢٥٩,٣٤٢ کەسیان لە ویلایەتەکانی تری ئەمریکاوە ڕوویان لە تێنێسی کرد.

تەمەن

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠، تەمەنی ٦,٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی تێنێسی لە خوار پێنج ساڵی، تەمەنی ٢٣,٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە خوار ١٨ ساڵی و تەمەنی ١٣,٤٪ـی دانیشتووان ٦٥ ساڵی یان سەرووتر بوون.

شوێنی لەدایکبوون

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا نزیکەی ٥,٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی تێنێسی لەدایکبووی بیانی بوون، لەنێویاندا نزیکەی ٤٢,٧٪ـیان لە ئەمریکا و ٥٧,٣٪ـیان لە دەرەوەی ئەمریکا لەدایکبوون. ئەوانەشی لە دەرەوەی ئەمریکا لەدایکبوون نزیکەی ٤٩,٩٪ـیان لە ئەمریکای لاتین، ٢٧,١٪ لە ئاسیا، ١١,٩٪ لە ئەورووپا، ٧,٧٪ لە ئەفریقا، ٢,٧٪ لە ئەمریکای باکوور و ٠,٦٪ـیان لە ئۆقیانوسیا لەدایکبوون.

جگە لە سستی بازرگانی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، تێنێسی لە ساڵی ١٩٧٠ـەوە یەکێک بووە لە خێرا گەشەسەندوترین ویلایەتەکانی وڵات. لەگەڵ ئەوەشدا ویلایەتەکە بوو بە شوێنی سەرەکی ئەوانەی کە ویلایەتەکانی باکووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ڕۆژئاواوە دەهاتنە تێنێسی و پەرە بە چەندین کەرتی ئابووری نوێ درا.

نەتەوە

لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ٦,٩٪ـی کۆی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینی بوون (لە هەر ڕەگەزێکدا)، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٠ـدا تەنها ٤,٦٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠ـدا ژمارەی دانیشتووانی هیسپانیی ویلایەتەکە بە ڕێژەی ١٣٤,٢٪ گەشەی کرد و سێیەم بەرزترین ڕێژەی هەر ویلایەتێک بوو. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، سپی پێستە ناهیسپانییەکان ٧٠,٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا، بە بەراورد بە ئاستی نەتەوەیی کە ٥٧,٧٪ بوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، پێنج باوترین گرووپی نەتەوەیی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • ئەمریکی: ٢٦,٥٪
  • ئینگلیزی: ٨,٢٪
  • ئێرلەندی: ٦,٦٪
  • ئەڵمانی: ٥,٥٪
  • سکۆتلەندی-ئیرلەندی: ٢,٧٪

زۆربەی ئەو تێنێسییانەی کە خۆیان بە ئەمریکی دەناسێنن، بە ڕەچەڵەک ئینگلیزی و سکۆتلەندی-ئیرلەندیین.

ئایین

لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمەوە تا ئێستا، زۆربەی دانیشتووانی تێنێسی مەسیحین. نزیکەی ٨١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە خۆیان بە مەسیحی دەناسێنن و پرۆتستانتەکانیش ٧٣٪ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن. لە پرۆتستانتەکانی ویلایەتەکە، پرۆتستانتی ئینجیلی پشکی شێری بەرکەوتووە و ٥٢٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا پرۆتستانتی کۆنەپارێز ١٣٪ و بلاک پرۆتستانت ٨٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنێت. جگە لەوانەش، کاسۆلی ڕۆمانی ٦٪، مۆرمۆن ١٪ و مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسییەکان کەمتر لە ١٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. گەورەترین گرووپە ئایینییەکانی ئەم ویلایەتە بەپێی ژمارەی لایەنگران بریتین لە کۆنفڕانسی باپتیستی باشوور، کڵێسای یونایتد میتۆدیست، کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی و کڵێساکانی مەسیح. مسوڵمانان و جوولەکەکان هەریەکەیان نزیکەی ١٪ـی دانیشتووان و پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر نزیکەی ٣٪ـی دانیشتووانی تێنێسی پێکدەهێنن. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی ١٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هیچ ئایینێک پەیڕەو ناکەن.

زمان

زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی تێنێسی ئینگلیزییە و لەلایەن ٩٤,٦٪ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت. یەکێک لەو زمانە نائینگلیزییانەی لەم ویلایەتەدا قسەی پێ دەکرێت ئیسپانیە و لەلایەن ٣,٩٪ـی دانیشتووانەوە بەکاردێت، هەروەها ١,٥٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتی تێنێسی نیمچە خولگەیی شێدارە، جگە لە هەندێک بەرزاییە بەرزەکانی زنجیرە چیاکانی ئەپالاچیان، کە یان کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی فێنکتر یان کەشوهەوایەکی کیشوەریی شێداریان هەیە. کەنداوی مەکسیک کاریگەرییەکانی زۆری لەسەر کەشوهەوای ویلایەتەکە هەیە و زۆربەی دابارینی ساڵانەی ویلایەتەکە بای باشوور دەیهێنێت. بەگشتی، هاوینی تێنێسی گەرمە و زستانی مامناوەند تا فێنکە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆر لە ویلایەتەکەدا دەبارێت. مانگەکانی کانوونی یەکەم و نیسان باراناویترین مانگی ساڵن و مانگی ئاب تا مانگی تشرینی یەکەم وشکترین مانگی ساڵن، ساڵانە بە تێکڕایی ١٣٠ سانتیمەتر باران لە ویلایەتەکەدا دەبارێت. هەروەها بەفربارین لە ١٣ سانتیمەتر لە ڕۆژئاوای تێنێسییەوە تا زیاتر لە ٢٠٠ سانتیمەتر لە بەرزترین زنجیرە شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە دەگۆڕێت.

وەرزی هاوین بەگشتی گەرم و شێدارە و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا لە دەوروبەری ٣٢ پلەی سەدیدایە. لە کاتێکدا وەرزی زستان زیاتر مامناوەند تا ساردە و پلەی گەرمی لە بەرزاییە بەرزەکاندا نزم دەبێتەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٥ پلەی سەدی بوو کە لە ٩ـی ئابی ١٩٣٠ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٦- پلەی سەدی بوو کە لە ٣٠ـی کانوونی یەکەمی ١٩١٧ـدا تۆمارکرا.

سەرەڕای ئەوەی تێنێسی ئەوەندە لە کەناراوەکانەوە دوورە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی زریانەکانی لەسەر بێت، بەڵام کاریگەری پاشماوەی گێژەڵووكە خولگەییەکانی لەسەرە، کە لەسەر زەوی لاواز دەبن و بارانێکی زۆر دەهێننە ناوچەکەوە. هەروەها ساڵانە بە تێکڕایی نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لەم ویلایەتەدا ڕەشەبای بروسکاوییە و ١٥ گەردەلوول هەڵ دەکات، کە دەشێت هەردووکیان توند بن و زیانیانی لێ بکەوێتەوە.

ئابووری

ئابووری ویلایەتی تێنێسی هەمەجۆرە و پشت بە کەرتە جیاوازەکانی چاودێری تەندروستی، مۆسیقا، دارایی، ئۆتۆمبێل، کیمیایی، ئەلیکترۆنی و گەشتیاری دەبەستێت. جگە لە ڕەشەوڵاغ و پەلەوەر، پاقلەی سۆیا، گەنمەشامی و لۆکە لە بەرهەمە کشوکاڵییە سەرەکییەکانی ناوچەکەن. تێکڕای بەرهەمی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٤١٨,٣ ملیار دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانیشی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣٠,٨٦٩ دۆلار بوو، نزیکەی ١٣,٦٪ـی دانیشتووانی تێنێسی لە خوار هێڵی هەژارییەوە بوون. تێنێسی بەوە بەناوبانگە کە ڕێژەی باجی نزمە و بەزۆری وەک یەکێک لەو پێنج ویلایەتە ڕیزبەندی دەکرێت کە کەمترین بارگرانی باج دەخەنە سەر دانیشتووانەکەیان. ئەم ویلایەتە ١١ـەیەم ویلایەتی وڵاتە کە زۆرترین سەردانیکەری هەیە و لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ١٢٦ ملیۆن گەشتیاری سەردانی کردووە.


سەرچاوەکان



211 بینین