کاڵای سەرمایەداری

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-02-16-20:34:00 - کۆدی بابەت: 11026
کاڵای سەرمایەداری

ناوه‌ڕۆك

کاڵای سەرمایەداری چییە؟

شمەکی سەرمایەداری، کاڵای بەرهەمهێنان، شمەکی بەرهەمهێنان، کەلوپەلی بەرهەمهێنان، کاڵای سەرمایە یان کاڵای سەرمایەیی (بە ئینگلیزی: Capital goods، بە عەرەبی: سلع رأسمالية یان سلع الإنتاجية) بریتییە لە سەروەت و سامانی بەرجەستەیی کە کۆمپانیایەک لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بۆ دروستکردنی بەرهەم و خزمەتگوزاری کە بەکارهێنەران دواتر بەکاری دەهێنن بەکار دەهێنرێت. هەروەها دەکرێت کاڵای ناماددیش بێت وەکوو شارەزایی فکری. 

کاڵا سەرمایەدارییەکان بریتین لە باڵەخانە، ئامێر، کەرەستە، ئۆتۆمبێل و ئامراز. کاڵای سەرمایەداری کاڵای تەواو ئامادەکراو نییە، بەڵکوو بۆ دروستکردنی کاڵای تەواو ئامادەکراو بەکاردێت.

تێگەیشتن لە کاڵای سەرمایەداری

کاڵا سەرمایەدارییەکان پێیان دەوترێت سەروەت و سامانی بەرجەستە، چونکە لە سروشتدا ماددەیین. کاڵای سەرمایەداری ئەو سەروەت و سامانەیە کە کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەم و کاڵای تەواو ئامادەکراو بەکاری دەهێنن. 

پیشەسازی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە و ئامێرەکان دەکەونە کەرتی کاڵای سەرمایەدارییەوە، چونکە دواتر بەرهەمەکانیان لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە بەکاردەهێنرێن کە بەشدارن لە بەرهەمهێنان، وەکوو و گەشتیاری و کەشتیوانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی تر.

بە واتایەکی تر، کاڵاسەرمایەدارییەکان ڕەزامەندی بۆ کڕیاران دروست ناکەن، بەڵکوو بۆ بەرهەمی کۆتایی بەکاردەهێنرێن، کە بەرهەمی کۆتایی ڕەزامەندی کڕیار دروست دەکات و ئامادەیە بۆ بەکاربردن. 

کاڵا سەرمایەداری چۆن کاردەکات؟

هەر شتێکی بەهێزی دروستکراوی مرۆڤ کە لە بازرگانیدا بەکاربهێنرێت، کاڵایەکی سەرمایەدارییە. کاڵای سەرمایەداری بە پێچەوانەی کاڵای بەکارهێنەرەوە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای تر بەکاردێت.

کاڵای سەرمایەداری ناماددی

کاڵای سەرمایەداری دەتوانێت ناماددیش بێت، کاتێک شێوەی  شارەزایی فیکری وەربگرێت. زۆرێک لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان پێویستیان بە شارەزایی فیکری هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانیان. 

جیاوازی کاڵای سەرمایەداری و کاڵای بەکارهێنان

خەڵکی کاڵای سەرمایەداری دەکڕن بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەک بۆ دروستکردنی کاڵای تر بەکاریبهێنن، لەکاتێکدا کاڵای بەکارهێنان بۆ بەکارهێنان دەکڕدرێت.

بۆ نموونە ئۆتۆمبێل کاڵایەکی بەکارهێنەرە کاتێک وەک ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکڕدرێت. ئەو بارهەڵگرانەی کە لە بەرهەمهێنان یان بیناسازیدا بەکاردەهێنرێن، کاڵای سەرمایەدارین، چونکە کۆمپانیاکان بۆ دروستکردنی شتگەلێکی وەک ڕێگاوبان، بەنداو، بینا و پرد بەکاریان دەهێنن.

بە هەمان شێوە چوکلێت کاڵایەکی بەکارهێنانە، بەڵام ئەو ئامێرانەی شیرینی بەرهەم دەهێنن کاڵای سەرمایەدارین.

هەندێک کاڵای سەرمایەداری دەتوانرێت لە هەردوو بەرهەمهێنانی کاڵای بەکارهێنان یان کاڵای بەرهەمهێناندا بەکاربهێنرێت، وەکوو ئامێری بەرهەمهێنانی بارهەڵگر.

گرنگی کاڵای سەرمایەداری

کاڵا سەرمایەییەکان کە زۆرجار پێیان دەوترێت بەرهەم و سیستمی ئاڵۆز، ڕۆڵێکی گرنگ لە ئابووری ئەمڕۆدا دەگێڕن. جگە لەوەی ڕێگە بە بازرگانییەک دەدات کاڵا دروست بکات یان خزمەتگوزاری بۆ بەکارهێنەران دابین بکات، کاڵای سەرمایەداری لە ڕووی تریشەوە گرنگە.

لەو پیشەسازییانەدا کە ئامێر و کەرەستەی بەرهەمهێنان تاڕادەیەک گرانن، دەتوانن بەربەستێکی گەورە بن بۆ چوونە ژوورەوەی کۆمپانیا نوێیەکان.

ئەگەر بازرگانییەکی نوێ توانای کڕینی ئەو ئامێرانەی نەبێت کە پێویستیانە بۆ دروستکردنی بەرهەمێک، لەوانەیە نەتوانن بە شێوەی کاریگەرانە لە بازاڕدا ڕکابەری بکەن.

ڕەنگە کۆمپانیایەکی لەو جۆرە ڕوو لە کارێکی تر بکات بۆ دابینکردنی بەرهەمەکانی، بەڵام ئەمەش دەکرێت گرانبەها بێت. بەو واتایە دێت کە لەو پیشەسازییانەی کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان نوێنەرایەتی بڕێکی زۆر لە تێچووی دەستپێکردنی بازرگانییەک دەکەن، ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە کە لە بازاڕدا کێبەرکێ دەکەن زۆرجار تاڕادەیەک کەمن.

جۆرەکانی کاڵای سەرمایە

مەرج نییە کاڵا سەرمایەییەکان سەروەت و سامانی جێگیر بن، وەک ئامێر و ئامرازی بەرهەمهێنان. پیشەسازی ئەلیکترۆنی پیشەسازی چەندین جۆری ئامێر بەرهەم دەهێنێت، کە کاڵای سەرمایەدارین.

ئەمانە دەتوانن لە کۆبوونەوەی بچووکی هێڵی وایەرەوە دەست پێبکەن تا دەگاتە ئامێری پاککەرەوەی هەوا و سیستمی وێنەگرتنی دیجیتاڵی ڕوون.

هەروەها کاڵای سەرمایەداری بۆ بازرگانی خزمەتگوزاری بەرهەم دەهێنرێت، وەکوو ئامێری قژبڕ کە لەلایەن قژبڕەکانەوە بەکاردەهێنرێت، فڵچەی بۆیاخ کە لەلایەن نیگارکێشەکانەوە بەکاردەهێنرێت، هەروەها ئەو ئامێرە مۆسیقیانەی کە مۆسیقاژەنەکان دەیژەنن. ئەمانە و چەندین جۆری کاڵای سەرمایەداری تر لە پڕۆسەکانی بەرهەمهێندا بەکاردەهێنرێن.

نموونەی کاڵای سەرمایەداری

کاڵای سەرمایەداری

  • کارگە یان ئامێر کە بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر بەکاردێت
  • مەکینە و تەکنەلۆجیا
  • جۆرەکانی ژێرخان، وەک شەمەندەفەر و هێڵی کێبڵ یان بەرینباند
  • ئامێری قاوە کە لەلایەن قاوەخانەیەکەوە بەکاردەهێنرێت

کاڵای سەرمایەداری و کاڵای بەکارهێنان

  • ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە کۆمپانیایەکی گەیاندن بەکاردەهێنێت دەبێتە کاڵایەکی سەرمایەداری، بەڵام بۆ خێزانێک کاڵایەکی بەکارهێنان دەبن.
  • ئەو فڕنانەی کە چێشتخانەیەک بەکاردەهێنێت دەبێتە کاڵایەکی سەرمایەداری بەڵام دەتوانێت کاڵایەکی بەکارهێنانیش بێت.
  • کۆمپیوتەر دەتوانرێت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە و لەلایەن بەکارهێنەرانیشەوە بەکاربهێنرێت.
  • ئامێری دیزاینکردنی زەوی دەتوانرێت لەلایەن کۆمپانیاکانی دیزاینی زەوی و لەلایەن بەکارهێنەرانەوە بەکاربهێنرێت.

مەبەست لە وەبەرهێنان لە کاڵای سەرمایەداری چییە؟

کاتێک بازرگانەکان یان خەڵک وەبەرهێنان لە کاڵا سەرمایەدارییەکاندا دەکەن، ڕێگە بە بازرگانییەکانیان دەدات فراوانتر بن. وەبەرهێنان لە کاڵای سەرمایەداریدا دەتوانێت وەک کڕینی کاڵایەکی سەرمایەداری بۆ کارەکەت یان کڕینی پشکی کۆمپانیایەک بێت کە کاڵای سەرمایەداری دروست دەکات.


سەرچاوەکان



656 بینین