كەچەپ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-16-21:42:00 - کۆدی بابەت: 11028
كەچەپ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەچەب یان کەتچەپ یاخود کاتچەپ (بە عەرەبی: كتشب یان كاتشب، بە ئینگلیزی: Ketchup) سۆسێکی ڕەنگ سووری تایبەتە و بۆ سەر زۆرێک لە خواردنەکان بە تایبەتی خواردنە خێراکان وەکوو سۆس بەکاردەهێنرێت. تامێکی شیرینی مەیلەو تورشی هەیە و لە تەماتە و شەکر و سرکە و بەهارات پێکهاتووە.

مێژووی بەکارهێنانی

واتای ناوەکەی و سەرەتای دەرکەوتنی

لە سەدەی حەڤدەیەم چینییەکان ماسی شۆرکراویان لەگەڵ چەند جۆرە بەهاراتێک تێکەڵ دەکرد و گیراوەیەکی ڕەنگ تۆخی چڕیان لێ دروست دەکرد و لەگەڵ خواردنەکانیان وەکوو سۆس و شلە بەکاریاندەهێنا و پێیان دەگووت (کویتچەپ یان کیتچاپ/ kôe-chiap یان kê-chiap)، بە زمانی چینی واتای ئاوی شۆری ماسی شۆرکراو یان شلەی شۆراو دەبەخشێت.

لە سەدەی هەژدەیەم ئەم سۆسە گەیشتە ناوچەکانی مالیزیا و سەنگافۆرە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەکان بوون، بە زمانی مالاوی و ئەو ناوچانە ئەم سۆسە پێی دەوترا (کیکاب یان کیتچاب/ kicap یان kecap) ئینگلیزەکان سەرسامی ئەم سۆسە بوون، بۆیە لە ڕێگەی ئەوانەوە سۆسەکە گەیشتە ئەورووپا و وشەکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و وشەی (ketchup یان catchup) بە فەرمی لە فەرهەنگی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩١٣ تۆمار کرا.

بڵاوبوونەوەی

ئینگلیزەکان کوارگ و دۆمەڵان و کەوەریان تێکەڵ بە سۆسی کەچەپ کرد و وەکوو پێکهاتەی سەرەکی بەکاریان دەهێنا و لە زۆرێک لە خواردنە ئینگلیزییەکان بەکاردەهێنرا و بە کەچەپی کوارگ ناوی دەرکردبوو، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی هەژدەیەمەوە سۆسی کەچەپ لە ئەمریکایش بڵاوبووەوە. ئەمریکییەکان گرنکی تەواویان بە کەچەپ دەدا و چەندان جۆریان لێ بەرهەمهێنا. یەکەم کەس کە کەچەپی لە شووشە فرۆشت جووتیارێکی ئەمریکی بوو بە ناوی (جۆناس ئیرێکس) کە لە ساڵی ١٨٣٧ بەرهەمهێنانی کەچەپی لە شووشەدا کردە کارێکی بازرگانی و یەکەم کۆمپانیای بەرهەمێنانی کەچەپی دامەزراند.

پێکهاتەی خۆراکی 

بەشێوەیەکی سەرەکی کەچەپ لە تەماتە و دۆشاوی تەماتە دروست دەکرێت، پێکهاتەکانی تری کەچەپ بریتین لە سرکەی پاڵێوراو، فرکتۆز، ئاوی گەنمەشامی، خوێ، شەکر، بەهارات، سیر و پیازی پاودەر، تامی دەستکرد. بڕی ١٠٠ گرام کەچەپ پێکهاتووە لە:

چۆنیەتی بەرهەمهێنانی کەچەپ لە کارگەکان

تەماتە بەرهەمێکی سەرەکییە لە پێکهاتەی کەچەپ، بۆیە یەکەم قۆناغ بە دابینکردنی تەماتەی تازە و فرێش دەست پێدەکات، پاشان دوای شۆرین و کەرتکردنی تەماتەکان دەخرێنە نێو دەفری گەورە و دەکوڵێندرێن. دواتر لە قۆناغی داهاتوو دوای کوڵاندن تەماتەکان بۆ چەند جارێک دەپاڵێورێن و لە توێکڵ و ناوکەکەی جیادەکرێتەوە، پاشان قۆناغی چارەسەرکردنی کیمیایی دەست پێدەکات کە لەم پرۆسەیەدا پێکهاتە سەرەکییەکانی تری نموونەی شەکر، خوێ، سرکە، ڕەنگ و مادەی کیمیایی و چەندان پێکهاتەی تری بە پلەبەندی و ڕاستەوخۆ دوای پاڵاوتنی تەماتەکە تێکەڵ دەکرێن و دووبارە دەکوڵێندرێنەوە تاکوو گیراوەکە چڕ دەبێتەوە، لەم قۆناغەدا بە وردی چاودێری پلەی گەرمی گیراوەکە دەکرێت تاکوو هەموو پێکهاتەکان بە تەواوی تێکەڵ ببن.

هاوکات پێویستە هەوا لە تێکەڵەکە دەربکرێت بۆ ئەوەی کرداری ئۆکساندن ڕوونەدات و پارێزگاری لە ڕەنگەکەی بکریت و ڕێگری لە گەشەکردنی بەکتریا بکات. پێش قۆناغی لەقوتوکردن پێویستە دووبارە گیراوەکە بە پلەی ٨٨ سیلیزی بکوڵێندرێتەوە تاکوو ڕێگری لە هەر پیسبوونێکی گیراوەکە بگرێت. دوای قۆناغی لەقوتووکردن کۆتا قۆناغ بریتییە لە ساردکردن و کۆگاکردن، قوتووی شووشە و کانزایی و پلاستیکی لە بڵاوترین جۆرەکانین و شووشە پەسەندترین جۆری کەچەپە کە لە بازاڕەکان بەردەستن. ماوەی بەسەرچوونی کەچەپ بەپێی جۆر و بڕی پێکهاتەکانێتی و دوای هەڵبچڕینی بە کاتێکی دیاریکراو پێویستە تەواو بکرێت.

جۆرەکانی کەچەپ

  • کەچەپی تەماتەی شیرین
  • کەچەپی تەماتەی تفت و توون
  • کەچەپی بیبەری توون
  • کەچەپی تایبەت بە خواردنە برژاوەکان

کاریگەری کەچەپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ

بەهۆی بوونی ماددەی پارێزراو و بڕێکی زۆر لە شەکر لە پێکهاتەی کەچەپدا بەکارهێنانی زیاد لەپێویستی زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، دەرکەوتووە کە هەر شووشەیەکی کەچەپ زیاتر لە چارەگێکی لە شەکر پێکهاتووە. کەچەپی ئامادەکراوی بازاڕ بەهۆی پێکهاتەکانییەوە بڕی سۆدیۆم لە لەشدا بەرز دەکاتەوە و بەوهۆیەوە زیان بە لەش دەگەیەنێت.

بەهۆی بوونی سرکەی پاڵێوراوی گۆڕاو کە لە جۆرێک گەنمەشامی دروست دەکرێت زیانی بۆ سپڵ و جگەری مرۆڤ هەیە، هەروەها ئارەزووی خواردن زیاد دەکات و بۆ زیادبوونی کێش ناتەندروستە. ئەگەر ئەو کەسانەی هەستیارییان بە پێکهاتەکانی کەچەپ هەبێت خواردنی بۆیان گونجاو نییە و زیانی هەیە، هاوکات ئەو منداڵانەی تووشبووی ئۆتیزمن یان نەخۆشی فرەجووڵەیان هەیە خواردنی کەچەپ بۆیان تەندروست نییە.

شێوازی دروستکردنی کەچەپ لە ماڵەوە

پێداویستییەکان

شێوازی ئامادەکردنی

هەموو پێکهاتەکان بە تەواوی تێکەڵ دەکرێت و دەکرێتە سەر ئاگرێکی کز تاکوو دەکوڵێت و گیراوەیەکی چڕ و توون دروست دەبێت. دوای ئەوە بەجێدەهێڵدرێت تاکوو سارد ببێتەوە و دەکرێتە دەفری شووشەوە و سەرەکەی دادەپۆشرێت و لە ساردکەرە هەڵدەگیرێت.


سەرچاوەکان



356 بینین