ناوهڕۆك
سەرەتا
چاندنی پەتاتە (بە ئینگلیزی: Planting potato، بە عەرەبی: زراعة البطاطس)، پەتاتە یەکێکە لە ئەو ڕووەکانەی کە ڕەگەکەی شیاوی خواردنە، بە ئاسانی گەشە دەکات و بەرهەمێکی زۆری دەبێت، دەکرێت لە خاک و ئینجانە یاخود گۆزەدا بچێنرێت، بەڵام چاندنی لە ئینجانە و گۆزەکاندا پێویستی بە گرنگیپێدانی زۆر هەیە، لە کۆتاییشدا بەرهەمێکی زۆر و باشی نابێت.
پەتاتەکان نەخۆشییەکی باویان هەیە کە تووشی دەبن و هۆکارەکەی کەڕووە، ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەواوی بەرهەمەکە، بۆ ڕێگری کردن لە ڕوودانی ئەمە پێویستە پەتاتە لە هەمان خاکدا نەچێنرێت کە ئەندامانی تری خێزانەکەی تێدا چێنراوە، بەڵکو دەبێت بەلایەنی کەمەوە ماوەی سێ ساڵ لە نێوان چاندنیان لە هەمان جێگەدا هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر لە جێگەیەکدا تەماتە چێنرا، ئەوا دەبێت پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ پەتاتەی تێدا بچێنرێت.
هەنگاوەکانی چاندن
- سەرەتا ئامادەکردنی خاکێکی گونجاو دواتر چاندنی پەتاتەکان.
- کاتی چاندن بە گوێرەی کەشوهەوای جێگەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە ناوچە گەرمەکاندا دەکرێت پێش کۆتایی هاتنی زستان بچێنرێت، لەکاتێکدا لە ناوچە ساردەکاندا درەنگتر دەچێنرێت و دەکەوێتە سەرەتای بەهارەوە.
- بۆ چاندن پێویستە پەتاتەیەک کە گۆپکەی هەبێت پارچە پارچە بکرێت، دواتر بۆ ماوەی دوو هەفتە دابنرێت هەتاکوو وشکببێتەوە.
- پێویستە هەر پارچەیەک درێژییەکەی بگاتە نزیکەی پێنج سانتیمەتر و بەلایەنی کەمەوە ١-٢ گۆپکەی پێوەبێت، بەڵام ئەگەر پەتاتەیەکی بچووک بێت ئەوا دەکرێت ڕاستەوخۆ بچێنرێت، واتە پێویستی بە بڕین و پارچە پارچە کردن نابێت.
- چاندنی گۆپکەی (تۆو)ـی پەتاتە بچووکەکان لە قوڵایی ١٥ سانتیمەتردا دەبێت، مەودای نێوان دانەیەک بۆ یەکێکی تریش باشترە بگاتە نزیکەی ٣٠ سانتیمەتر.
- هەروەها مەودای نێوان ڕیزەکان بە نزیکەیی مەترێک ببێت.
- هەفتانە یەکجار ئاودانێکی چڕی پێویستە، بەڵام دەکرێت لە کەشوهەوای گەرم و وەرزی گەشەکردنیدا ئاودانی زیاتری پێویست بێت.
شێوازی گرنگیپێدان
پەتاتە خاکێکی بەپیتی پێویستە کە کەمێک ترشبێت و بە نزیکەیی پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان ٥.٨-٦.٥ پلە ببێت، جێگەکەی بڕێکی زۆر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، هەروەها لە خاکێکدا دەچێنرێت کە بەباشی وشک ببێتەوە، ئەگەر بەرد و بەربەستی تێدانەبێت ئەوا ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی دەبێت، خۆشبەختانە پەتاتە لە نەبوونی هەلومەرجی نایابیشدا بەرهەمی دەبێت واتە بۆ سەوزبوونی بەرهەمی مامناوەند پێویستی بە گرنگیپێدانی کەم هەیە، بەڵام بۆ بەرهەمی باش دەبێت بژار بکرێت و گژوگیا زیانبەخشەکان لاببرێن.
بۆ گەشەکردنی زۆر پەتاتەکان پێویستییان بە تاریکییە، ئەگەر خاکی بەباشی بەسەردا نەکرێت و ڕووناکی بەربکەوێت ئەوا لە کۆتاییدا پەتاتەکە سەوز دەردەچێت، خواردنی پەتاتەی سەوزیش لەلایەن مرۆڤەکانەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی، لە ماوەیەکی کەمدا چەکەرە دەکات و قەد و گەڵا دەردەکەون، دوای دوو هەفتەش لە گوڵگرتن دەکرێت پەتاتەکان دەربهێنرێن بەڵام قەبارەیان بچووکە، ئەگەر باخەوانەکە بیەوێت قەبارەی پەتاتەکانی گەورەتر ببێت ئەوا پێویستە چاوەڕێ بکات هەتاکوو قەد و گەڵای پەتاتەکە وشک دەبن و دەوەرن، پەتاتە بچووکەکان لە دوای چاندنیان پێویستییان بە ١٠ هەفتە هەیە بۆ پێگەیشتن، لە کاتێکدا جۆرە گەورەکان ٨٠-١٠٠ ڕۆژیان پێویستە.