سێڤن ئاپ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-22-22:49:00 - کۆدی بابەت: 11087
سێڤن ئاپ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سێڤن ئاپ یان یاخود سێڤن یان خواردنەوەی گازی سێڤن ئاپ (بە عەرەبی: سفن أب، بە ئینگلیزی: 7Up یان Seven Up) خواردنەوەیەکی گازی بێ کافایینیە و لەلایەن کۆمپانیای پیپسیکۆوە لە ئەمریکا بەرهەم دەهێنرێت. بە شێوەیەکی سەرەکی سێڤن ئاپ لە لیمۆ و ئاوی گاز و شەکر و ترشی ستریک بەرهەم دەهێنرێت، لە بتڵی شووشە و بتڵی کانزایی و پلاستیکی قەبارە جیاواز و هەمەجۆر بەردەستە. خواردنەوەی گازی سێڤن ئاپی سەر بە کۆمپانیای پیپسیکۆ ڕکابەری خواردنەوەی گازی سپرایتی کۆمپانیای کۆکاکۆلا دەکات.

مێژووی بەرهەمهێنان و واتای ناوەکەی

سێڤن ئاپ لەلایەن بازرگان و خاوەن کارێکی ئەمریکی بە ناوی (چارلز لیبەر) لە ساڵی ١٩٢٩ بەرهەمهێنرا، لە سەرەتادا بە سۆدا لایم یان خواردنەوەی لیمۆی ترش لەناو خەڵکیدا ناسێنرا و بڵاوکرایەوە، پاشان لە ساڵی ١٩٣٦ ناوەکەی کرا بە سێڤن ئاپ. لە سەرەتای بەرهەم هێنانییەوە لە پێکهاتەی سێڤن ئاپدا ماددەی ستراتی لیسیۆم بەکاردەهێنرا، كە بە ماددەیەکی ئارامکەرەوە دادەنرا و ناوی سێڤن ئاپ هەر لەو ماددەیەوە وەرگیرا و ناوی بەرهەمەکە کرا بە (7Up Lithiated Lemon Soda) و دواتر ناوەکە کورتکرایەوە و بوو بە سێڤن ئاپ. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٠ ماددەکە قەدەغە کرا و سێڤن ئاپ لە بەرهەمەکانی ستراتی لیسیۆمی لابرد بەڵام گۆڕانکاری لە ناوەکەی نەکرد.

هەندێک سەرچاوەی ئاماژە بەوە دەکەن ژمارە حەوت لە هێما و ناوی سێڤن ئاپدا ئاماژەیە بە پلەی و ڕێژەی ترشی بەرهەمەکە کە لە پلەی ترشی لە حەوت زیاترە، هەندێکی تریش پێیان وایە کە ژمارە حەوت ئاماژەیە بەو حەوت ماددە و پێکهاتە سەرەکییەی کە لە سەرەتادا سێڤن ئاپی لێ دروستکرا. کۆمپانیای سێڤن ئاپ تاکوو ساڵی ١٩٧٨ کۆمپانیایەکی سەربەخۆی بنەماڵەیی تایبەت بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٨ کۆمپانیاکە لەلایەن نەوەکانی بنەماڵەکەوە فرۆشرایە کۆمپانیای فیلیپ مۆریسی ئەمریکی. لە ساڵی ١٩٨٦ کۆمپانیاکە کرا بە دوو بەشەوە و فرۆشرایە کۆمپانیای پیپسیکۆ.

جۆرەکانی سێڤن ئاپ

  • سێڤن ئاپ تێن (7Up Ten): ئەم جۆرەی سێڤن ئاپ تەنیا دە کالۆری تێدایە و لە ساڵی ٢٠١٣ بەرهەمهێنراوە، شیرینکەری فرکتۆز لە پێکهاتەکەیدا بەکارهێنراوە.
  • ترۆپیکاڵ سێڤن ئاپ (Tropical 7Up): جۆرێکی سێڤن ئاپە کە بە تامی ئەنەناس و مانگۆ لە ساڵی ٢٠١٤ دروستکراوە.
  • سێڤن ئاپ ڕیتریۆ (7Up Retro): لە ساڵی ٢٠١١ـەوە ئەم بەرهەمە بەردەستە، ئەم بەرهەمەی سێڤن ئاپ بە بەراورد بە بەرهەمەکانی تر بڕێکی زۆر شەکری تێدایە.
  • سێڤن ئاپی بێ شەکر یان سێڤن ئاپی دایت (7Up Zero Sugar/Diet 7Up): لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە ئەم بەرهەمە دروست کراوە و بەرهەمێکی بێ شەکرە، لە جیاتی شەکر چەند جۆرێک ماددەی شرینکەر و ماددەی سروشتی لە پێکهاتەکەیدا بەکاردەهێنرێت.
  • سێڤن ئاپی فری (7Up Free): ئەم جۆرەی سێڤن ئاپ خاڵییە لە شەکر و کافایین و ڕەنگ و ماددەی پارێزراو، جۆرێکی تەندروستە و تامی لیمۆی سروشتی لە پێکهاتەکانیدا بەکارهێنراوە.

بەکارهێنانە جیاوازەکانی سێڤن ئاپ

سێڤن ئاپ وەکوو خواردنەوەیەکی گازی بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە دوای ساڵانی دووهەزارەوە لە بەکارهێنانی خواردن دروست کردن و تێکەڵکردنی لەگەڵ سۆسەکان بەکاردەهێنرێت، تەنانەت لە دروستکردنی خواردنە شۆرکراوەکانیش بەکاردەهێنرێت، هاوکات لە دروستکردن و تێکەڵ کردنی شەربەت و تێکەڵەی خواردنەوەکان و خواردنەوە کحوولییەکانیش بەکاردەهێنرێت، بۆیە بە بەراورد بە خواردنەوە گازییەکانی تر بەکارهێنانی سێڤن ئاپ فراوانترە.


سەرچاوەکان



428 بینین