بیپسی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-28-21:12:00 - کۆدی بابەت: 11119
بیپسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خواردنەوەی گازی پیپسی، پێپسی یان بیبسی یاخود بیپسی (بە عەرەبی: بيبسي، بە ئینگلیزی: Pepsi) خواردنەوەیەکی گازی ناکحوولییە و سەر بە کۆمپانیای پیپسیکۆیە و لە جیهاندا بە بەربڵاوترین خواردنەوەی گازی دادەنرێت. خواردنەوەی گازی بیپسی سەر بە کۆمپانیای پیپسیکۆ ڕکابەری دەکات لەگەڵ خواردنەوەی گازی کۆکاکۆلای سەر بە کۆمپانیای کۆکاکۆلا.

مێژووەکەی

دۆزینەوەی خواردنەوەی بیپسی بناغە و هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی کۆمپانیای پیپسیکۆ بوو و هەر دۆزەوەی خواردنەوەی بیپسی کۆمپانیای پیپسیکۆی دامەزراند، (کالیب بڕادهام) دەرمانسازێکی ئەمریکی بوو خاوەن دەرمانخانەیەک بوو کە پێکهاتە و ماددەی هەمەجۆری تێکەڵ دەکرد تاکوو بەرهەمی نوێ دروست بکات، لە هاوینی ساڵی ١٨٩٨ لە چەند گیراوەیەکی سروشتی و شەکر و کافایین و گاز خواردنەوەیەکی گازی نوێی خستە بازاڕەکانەوە و ناوی بەرهەمەکە بە (پیپسی کۆلا) بڵاوبووەوە، بە خواردنەوەی فێنککەرەوەی هاوینە و یارمەتیدەری هەرس لە ناو خەڵکیدا ناسرا.

ناوی پیپسی لە ناوی نەخۆشی بەدهەرسی (Dyspepsia) وەرگرت چونکە بە بۆچوونی ئەو خواردنەوەی پیپسی دڵەکزێی گەدە و بەدهەرسی نەدەهێشت و چارەسەری دەکرد. دوای بڵاوبوونەوەی خواردنەوەکەی داواکارییەکی زۆر لە سەری هەبوو و خەڵکی بەخێرایی پەسەندیان کرد، بۆیە لە ساڵی ١٩٠٢ لە تەنیشت دەرمانخانەکەیەوە شوێنێکی تایبەتی بۆ فرۆشتنی بیپسی و چەند خواردنەوەیەکی گازی هاوشێوە کردەوە.

واتای ناوەکەی

لە ساڵی ١٩٠٣ و لە سەرەتای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی خواردنەوەی گازی بیپسی بەم ناوەوە ناونرا، ناوەکە لە ئەنزیم و ترشی پیپسین (Pepsin) وەرگیراوە کە ئەنزیمێکە هاوکاری هەرسکردنی خۆراک دەدات و ئەنزیمێکی هەرسکەرە، بۆیە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پیپسی وەکوو دەرمانێکی هاوکاریکردنی هەرس ناسێنرا و بە ناوی ئەو ئەنزیمەوە ناونرا، هەروەها وشەی پیپسین لە زمانی یۆنانی کۆندا واتای وشەی هەرس دەبەخشێت.

ماوەیەک لە وڵاتانی ئیسلامی و بە دیاریکراوی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە بیپسی و کۆمپانیای پیپسیکۆ کار بۆ جووەکانی ئیسرائیل دەکەن و خواردنەوەکە حەڵاڵ نییە، بە بیانووی ئەوەی کە وشەی بیپسی Pepsi کورتکراوەیە بۆ دەستەواژەیەکی ئینگلیزی و بریتییە لە: pay) Every Penny tp save Israel)، بەڵام دەنگۆکە ڕەتکرایەوە بە بەڵگەی ئەوەی کە ناوی کۆمپانیای پیپسیکۆ و خواردنەوەکە پێش دامەزراندنی ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٠٣ بوونیان هەبووە و دەنگۆکەیان ڕەتکردەوە.

پێکهاتەی خۆراکی

گرنگترین پێکهاتەی خواردنەوەی گازی بیپسی بریتییە لە: ئاوی گازی یان گازاو، خواردنەوەی فرکتۆز، شەکر، ڕەنگی کەرامێل، کافایین بەڕێژەیەکی دیاریکراو، ترشی فسفۆریک، ڕەنگ، تامی دەستکرد. یەک قوتووی بیپسی ٣٥٥ ملیلیتری لە ٤١ گرام کاربۆهیدرات و شەکر پێکهاتووە، ٣٠ ملیگرام سۆدیۆمی تێدایە ٣٨ ملیگرام کافایین و ١٥٠ کالۆری لەخۆگرتووە.

هەندێک جۆری بیپسی بێ شەکرە یان ڕێژەی شەکر تێیدا سنووردارە بە بیپسی دایت یان بیپسی بێ شەکر ناسراوە بۆ؟ ئەو کەسانەی کە پەیڕەوی ڕیجیمی تەندروست دەکەن یان بۆ تووشبووانی نەخۆشی شەکرە گونجاوە، هەندێکی تر لە بیپسی  بێ ماددەی کافایینە و بە بیپسی بێ کافایین ناسراوە بۆ ئەو کەسانەی هەستیارییان بە ماددەی کافایین هەیە پەسەند و گونجاوە.

زیانە تەندروستییەکانی زۆر خواردنەوەی بیپسی

بەهۆی پێکهاتە زیانبەخشەکانی نێو بیپسی کە ڕێژەیەکی زۆر لە شەکر و گازی دووانە ئۆکسیدی تێدایە زۆر بەکارهێنان و خواردنەوەی لە ڕادەبەدەر دەبێتە هۆی چەندان زیان بۆ مرۆڤ کە گرنگترینیان:

  • زۆر خواردنەوەی بیپسی هۆکاری کلۆربوون و زیان گەیاندنە بە دەم و ددان. 
  • خواردنەوەی بیپسی بە بەردەوامی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی کالسیۆم لە لەشدا، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە دووانە ئۆکسید لە پێکهاتەی بیپسی هەیە و بەتایبەتی ئەگەر ڕاستەوخۆ دوای خواردنی ژەمەکان بخوورێتەوە ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی کالسیۆم.
  • چەند توێژینەوەیەکی زانستی و پزیشکی دەریانخستووە کە خواردنەوەی گازی بیپسی هۆکاری سەرەکی تووشبوونی مرۆڤە بە نەخۆشی ئێسکەنەرمە و نەخۆشییەکانی ئێسک.
  • قەڵەوی و تووشبوون بە قەڵەوی زیانێکی تری زۆر خواردنەوەی بیپسییە چونکە بیپسی ئارەزووی خواردن زیاد دەکات و ڕێژەی شەکر لە پێکهاتەکانیدا زۆر بەرزە.


سەرچاوەکان



429 بینین