مانگی شین

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-08-30-19:53:00 - کۆدی بابەت: 11171
مانگی شین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مانگی شین (بە عەرەبی: القمر الأزرق، بە ئینگلیزی: Blue moon) زاراوەیەکە بەکاردێت بۆ وەسفی دووەمین مانگی پڕ کە لە ماوەی یەک مانگی ڕۆژژمێریدا ڕوودەدات، یاخوود سێیەمین مانگی پڕ لە وەرزێکدا کە چوار مانگی پڕی تێدابێت.

مانگی شین چییە؟

دوو پێناسەی جیاواز هەیە بۆ مانگی شین. مانگی شینی وەرزی و مانگی شینی مانگانە. مانگی شینی وەرزی کاتێک ڕوودەدات کە چوار مانگی پڕ لە وەرزێکدا هەبێت (زستان، بەهار، هاوین و پاییز) لە جیاتی سێ دانە. لەم کاتەدا سێیەمین مانگی پڕ پێی دەوترێت مانگی شینی وەرزی.

مانگی شینی مانگانە بریتییە لە دووەمین مانگی پڕی مانگێکی ڕۆژژمێری کە دوو مانگی پڕی تێدا دەردەکەوێت. مانگ بە ٢٩،٥ ڕۆژ سوڕێک تەواو دەکات، ماوەکەی لە مانگێکی ڕۆژژمێری ئاسایی کەمترە. لە ئەنجامی ئەم جیاوازییەدا مانگێکی پڕ لە سەرەتای مانگێکی ڕۆژژمێریدا و لە کۆتایی هەمان مانگیشدا دەردەکەوێت. بە شێوەیەکی تر هەر کاتێک مانگی پڕ بکەوێتە یەکەم یان دووەم ڕۆژی مانگێکی ڕۆژژمێری، بە ئەگەری زۆرەوە لە ٣٠ یان ٣١ـەمین ڕۆژی هەمان مانگیشدا دووبارە مانگ پڕ دەبێتەوە. بە دووەم مانگیان دەوترێت مانگی شین و ئەم دیاردەیە دوو بۆ سێ ساڵ جارێک ڕوودەدات.

بۆچی پێی دەوترێت مانگی شین؟

 هەندێک بیروڕا ئاماژە بەوە دەدەن زاراوەی "Blue moon" کە بە واتای شتێکی دەگمەن دێت، لەوانەیە لەوە سەرچاوەی گرتبێت کاتێک دووکەڵ و سووتوو دوای تەقینەوەی کڕگانێک بەری مانگیان گرتووە و ڕەنگەکەی مەیلە و شین کردووە. لەبەرئەوەی ئەم دیاردەیەش دەگمەنە بۆیە ناونراوە مانگی شین. بەڵام بەشێکی تر لە شارەزایان بنەچەی زاراوەکە دەگەڕێننەوە بۆ ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا، فۆلکلۆرناس فیڵپ هیسکیک ئاماژەی بەوەداوە کە بەکارهێنانی زاراوەی مانگی شین بۆ شتێک بەکارهاتووە کە بێمانا بێت و ئەگەری ڕوودانی زۆر کەم بێت یان نەبێت.

تا چەند مانگی شین دەگمەنە؟

بۆ ئەوەی مانگی شینی مانگانە ڕووبدات، دەبێت لە سەرەتای مانگی ڕۆژژمێریدا مانگ پڕ بێت. لەبەرئەوەی جیاوازی کاتی نێوان دوو مانگی پڕ بە نزیکەیی ٢٩ ڕۆژ و نیوە، بۆیە ئەگەر مانگی ڕۆژژمێری ٣٠ یان ٣١ ڕۆژ بێت ئەوا لە دەستپێکی سووڕێکی نوێی مانگدا، مانگی پڕ دووبارە لە هەمان مانگی ڕۆژژمێریدا دەردەکەوێتەوە.

مانگی شینی وەرزی کەمتر ڕوودەدات بە بەراورد بە مانگی شینی مانگانە،  لە ١١٠٠ ساڵی نێوان ساڵانی ١٥٥٠ و ٢٦٥٠دا، ٤٠٨ مانگی شینی وەرزی و ٤٥٦ مانگی شینی مانگانە ڕوودەدەن. ئەمە واتای ئەوەیە کە هەردوو جۆری مانگە شینەکە نزیکەی دوو بۆ سێ ساڵ جارێک ڕوودەدەن.

دەرکەوتنی مانگ بە ڕەنگی شین هیچ پەیوەندی بە ڕۆژژمێر و قۆناغەکانی سوڕی مانگەوە نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی کۆمەڵە دۆخێکی ئەتمۆسفیرییەوە ڕوودەدات. لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا، دووکەڵ و سووتووی گڕکان، دڵۆپەی ئاو لە هەوادا و چەند جۆرێکی دیاریکراوی هەور دەبنە هۆی ئەوەی مانگ بە ڕەنگی شین دەربکەوێت.

مانگی شینی دووانە

مانگی شوبات، کە لە ساڵی ئاساییدا ٢٨ رۆژە و لە ساڵی پڕدا ٢٩ ڕۆژە هەرگیز مانگی شینی مانگانەی تێدا دەرناکەوێت. هەندێک ساڵ، هیچ مانگێکی پڕ لە شوباتدا نابێت، کە بەو مانگە دەوترێت Black moon. مانگی شوبات بەبێ مانگی پڕ کاتێک روودەدات کە هەریەکە لە مانگی کانوونی دووەم و ئادار مانگی شینیان تێدا دەردەکەوێت (واتە دوو مانگی پڕ)، ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت مانگی شینی دووانە کە دیاردەیەکی دەگمەنە و تەنها نزیکەی سێ بۆ پێنج ساڵ جارێک لە سەتەیەکدا ڕوودەدات.


سەرچاوەکان



370 بینین