وێناکردنی زرنگەی موگناتیسی

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-09-04-21:39:00 - کۆدی بابەت: 11214
وێناکردنی زرنگەی موگناتیسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وێناکردنی زرنگەی موگناتیسی (بە ئینگلیزی: Magnetic Resonance Imaging، بە عەرەبی: التصوير بالرنين المغناطيسي). بریتیە لە وێنەگرتنێکی بێ ئازار کە وێنەی زۆر ڕوونی ئەندام و پێکهاتەکانی ناوەوەی جەستە دەگرێت، دواتر ئەو وێنانە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی بەکار دەهێنرێن. MRI بۆ گرتن و بەرهەمهێنانی ئەم وێنە وردانە، موگناتیسی گەورە، شەپۆلی ڕادیۆیی و کۆمپیوتەر بەکاردەهێنێت، تیشکی ئێکس (تیشکدانەوە) بەکارناهێنێت. لەبەر ئەوەی MRI تیشکی ئێکس یان تیشکی تر بەکارناهێنێت، سەلامەتترین ڕێگایە بۆ بینینی ناوەوەی نەخۆش و چاودێریکردنی و دەستنیشانکردنی نەخۆشی، بەتایبەت نەخۆشییەکانی مێشک. بەگشتی دەتوانرێت  سکانی MRI بەکاربهێنرێت بۆ پشکنینی هەموو بەشەکانی جەستە، وەک:

ئەنجامی سکانی MRI یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ دەستنیشانکردنی بارودۆخی نەخۆشییەکە، پلاندانان بۆ چارەسەر و هەڵسەنگاندنی چارەسەری پێشوو کە چەندێک کاریگەر بووە.

ئامێری سکانی MRI چۆن کاردەکات؟

زۆربەی جەستەی مرۆڤ لە ئاو پێکهاتووە کە ئاویش لە ئەتۆمی هایدرۆجین و ئۆکسجین پێکهاتووە. لە ناوەندی هەر ئەتۆمێکی هایدرۆجیندا تەنۆلکەیەکی بچووکتر هەیە کە پێی دەوترێت پرۆتۆن، پرۆتۆنەکان وەک موگناتیسی بچووک وان و زۆر هەستیارن بە بوارە موگناتیسیەکان. کاتێک لە ژێر موگناتیسی بەهێزی ئامێرەکەدا نەخۆشەکە پاڵدەکەوێت، پرۆتۆنەکانی ناو جەستەی بە هەمان ئاراستەدا ڕیز دەبن وەک چۆن موگناتیس دەتوانێت دەرزی قیبلەنمایەک ڕابکێشێت بەرەو ئاڕاستەی خۆی، بەڵام نەخۆشەکە هەست بەم شەپۆلە موگناتیسییانە ناکات. پاشان شەپۆلی ڕادیۆیی کورت دەنێردرێت بۆ هەندێک ناوچەی جەستە و پرۆتۆنەکان لە یەک ڕیزی دەردەچن.
کاتێک شەپۆلە ڕادیۆییەکان دەکوژێنەوە، پرۆتۆنەکان ڕێکدەخرێنەوە بە ئاڕاستەی بوارر موگناتیسییەکە، ئەمەش نیشانەی ڕادیۆیی دەنێرێتە دەرەوە، کە لەلایەن وەرگرەکانی ئامێرەکەوە وەردەگیردرێت. ئەم نیشانانە بە وردی زانیاری لەسەر شوێنی پرۆتۆنەکان لە جەستەدا دەدەن، هەروەها یارمەتیدەرن بۆ جیاکردنەوەی جۆرە جیاوازەکانی شانە لە جەستەدا، چونکە پرۆتۆنەکانی ناو جۆرە جیاوازەکانی شانە بە خێرایی جیاواز ڕێکدەخرێنەوە و لە ئەنجامدا نیشانەی جیاواز بەرهەمدەهێنن. نیشانەکانی ملیۆنان پرۆتۆن لە جەستەدا کۆدەکرێنەوە و وێنەیەکی وردی ناوەوەی جەستە دروست دەبێت.

سکانی MRI چەند کاتی پێویستە؟

بەپێی جۆری وێنەگرتنەکە و جۆری ئامێرەکە، بەزۆری تەواوی وێنەگرتنەکە ٣٠ بۆ ٥٠ خولەکی دەوێت تا تەواو دەبێت. پزیشکی تایبەت دەتوانێت مەودای کاتی وردتر بدات، بە پشتبەستن بە جۆری وێنەگرتنەکەی کە بۆ نەخۆشەکە دەکرێت.

کێ نابێت پشکنینی MRI بکات؟

MRI یەکێکە لە سەلامەتترین ڕێکارە پزیشکییەکان کە بەردەستە، بەڵام ڕەنگە لە هەندێک بارودۆخدا سکانی MRI پێشنیار نەکرێت بۆ نەخۆش بۆ نموونە ئەگەر نەخۆش جومگەی کانزای دەستکردی هەبێت، ڕێکخەری لێدانەکانی دڵی بۆ دانرابێت، یاخود کۆیلی کانزای لە بۆرییەکانی خوێنیدا جێگیر کرابێت لەوانەیە نەتوانرێت سکانی MRI بۆ بکرێت. ئەگەر پزیشک پێشنیاری سکانی MRI بکات، ئەوا پرسیاری ورد دەکات دەربارەی پێشینەی تەندروستی نەخۆشەکە و هەر ئامێرێکی پزیشکی یان چاندنێک کە لەوانەیە لە جەستەیدا یان لەسەر جەستەی هەبێت.


سەرچاوەکان



398 بینین